لە ئەمریکا هەڵمەتێک سازدەکرێت تاوەکو ژن سەرکردایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نامۆ عەبدوڵڵا
نامۆ عەبدوڵڵا
لە ئەمریکاوە گوشار دەکرێ سکرتێری داهاتووی نەتەوە یەکگرتووەکان ژن بێت
لە ئەمریکاوە گوشار دەکرێ سکرتێری داهاتووی نەتەوە یەکگرتووەکان ژن بێت
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مامۆستایەکی دیاری زانکۆ لە شاری نیویۆرک هەڵمەتێکی گوشاری دروستکردووە تاوەکو دوای 80 ساڵ بۆ یەکەمجار ژنێک سەرکردایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات، ئەو رێکخراوەی جیهانییەی کە کەم بۆنە هەیە جەخت لە گرنگی یەکسانیی نێوان ژن و پیاو نەکاتەوە. ئایا سەرکەتوو دەبێت؟
 
نامۆ عەبدوڵڵا لەم راپۆرتە سەرنجی بینەرەکانی رادەکێشێت بۆ دیوارێک و داوایان لێدەکات سەیری ئەو دیوارەی پشتەوەی بکەن تێبینی خۆیان بکەن.
 
ئەو وێنانە لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرک نمایش کراون. وێنەی ئەوانەن کە هەڵگری باڵاترین پۆستی ئەم رێکخراوە بوون کە سکرتێری گشتییە. 
 
ئەگەر جوانی ئەم فەرشە دەسکردە ئێرانییانە سەرنجت نەبەن، دەکرێت تێبینی شتێک بکەیت: "هەموویان پیاون."
 
باشە بۆ ئەم رێکخراوە کە لە هەمووان زیاتر باسی یەکسانی ژن و پیاو دەکات، 80 ساڵە ژنێکی هەڵنەبژاردووە سەرکردایەتی بکات؟ 
 
ستێفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ رووداو: بۆ رووینەداوە؟ پێموایە بۆ وەڵامی ئەوە دەبێت دەبێت لەوانە بپرسن کە دەنگ دەدەن.
راست دەکات. وردتر بڵێین هەمووی بەدەست پێنج وڵاتە، ئەوانەی پێکەوە پێیان دەگوترێت P5 و مافی ڤیتۆیان لە ئەنجوومەنی ئاسایش دا هەیە.
 
جین کراسنۆ، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە سیتی کۆلێژی نیویۆرک دەڵێت: ئەوە رێککەوتنی ئەنجوومەنی ئاسایشە، بە تایبەت ئەندامانی P5. دەبێت ئەوان رازی بن، و هێندە لایەنگری هەیە، تەنانەت بیریش لەوە ناکەنەوە بەدوای ژنێک دا بگەڕێن.
 
وڵاتانی P5 بریتین لە ئەمریکا، چین، رووسیا، فەرەنسا و بەریتانیا.
 
خاتوو کراسنۆ پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکانە لە شاری نیویۆرک و ئەمڕۆ سەرکردایەتیی هەڵمەتێکی گوشارخستە سەر نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات تا بۆ خولی داهاتووی کە کۆتای ئەم ساڵ دەستپێدەکات ژنێک بکاتە سکرتێری گشتی.
 
"ئەمە بابەتێکی دادپەروەرییە"
 
نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو: بۆچوونێک هەیە دەڵێت، جیهان لە مێژوودا ئەم هەموو شەڕ و ململانێیەی بەخۆیەوە دیووە چونکە هەمیشە پیاو باڵادەستی هەبووە، بەڵام ئەگەر وا نەبوایە، رەنگە ئەمڕۆ جیهانێکی جیاوازمان هەبوایە. ڕرات لەسەر ئەمە چییە؟
 
جین کراسنۆ: تاڕادەیەک لەگەڵ ئەوەدا هاوڕام، چونکە ژنان لە مێژوودا دایک بوون یان ئەندامی سەرەکی خێزانەکانیان بوون. ناچار بوون لە ناو خێزاندا سەرکردایەتی بکەن، دەستوەردان لە کێشەکان دا بکەن و، رووبەڕووی بەربەست ببنەوە بەهۆی سەدەها ساڵ جیاکارییەوە. بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە، ناچار بوون بەناو ئەو بەربەستانەدا تێپەڕن و، لەو کارەشدا، لێهاتوویی بەهێزیان لە چارەسەرکردنی ململانێکاندا پەرەپێداوە."
 
لە ساڵی 2016، کاتێک ئەمریکا خەریک بوو یەکەم سەرۆکی ژن هەڵبژێرێت، نەتەوە یەکگرتووەکانیش نزیک بوو لەوە. حەوت لە کۆی ئەو 13 کەسەی بەربژێرکرابوون، ژن بوون. هەندێکیان ئەزموونێکی قووڵی دیپلۆماسییان هەبوو بەڵام هیچیان هەڵنەبژێردران. دیارنییە کەی وێنەی ژنێک دەکرێت  لەسەر ئەم دیوارە هەڵبواسرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە