جەی دی ڤانس: رێککەوتنێکی مەزنمان دەوێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ بەدوای رێککەوتنێکی سنوورداردا ناگەڕێت لەگەڵ تاران، بەڵکو ئامانجیان "رێککەوتنێکی مەزنە" کە بە تەواوەتی کۆتایی بە ململانێی چەندین دەیەی نێوان هەردوو وڵات بهێنێت.
 
ڤانس رایگەیاند، پێشنیازی واشنتن بۆ تاران زۆر روونە، "وەک دەوڵەتێکی ئاسایی رەفتار بکەن، ئێمەش لەڕووی ئابوورییەوە وەک دەوڵەتێکی ئاسایی مامەڵەتان لەگەڵ دەکەین."
 
جێگری ترەمپ گوتی، دۆناڵد ترەمپ ئامادەیە ئێران بگۆڕێت بۆ وڵاتێکی گەشەسەندوو و ئابوورییەکەی لەگەڵ ئابووریی جیهانیدا تێکەڵ بکات، بە مەرجێک تاران بە تەواوەتی دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی و پشتگیریکردنی تیرۆر ببێت.
 
بەپێی گوتەی ڤانس، ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ حەوتەم رۆژ لە سەر یەک بە جێگیری ماوەتەوە. ڤانس گوتیشی، لە گفتوگۆکانی پاکستاندا "پێشکەوتنی گەورە" بەدەستهاتووە و گوتی، "من رووبەڕوو لەگەڵ بەرپرسی راستەقینەی کاروباری ئێران دانیشتم و هەستمان بەوە کرد کە لایەنی ئێرانیش ئارەزووی گەیشتن بە رێککەوتنیان هەیە."
 
جێگری سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، سیاسەتی ترەمپ لەم بارەیەوە بڕاوە و یەکلاکەرەوەیە، "ئێمە هەرگیز رێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئەمە مەرجی سەرەکی و بنەڕەتیی هەر جۆرە رێککەوتنێکە." ڤانس هەروەها رایگەیاند، دەزانن "کەلەپوورێکی گەورە لە بێ متمانەیی" لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە و ئەمە بە شەو و رۆژێک چارەسەر نابێت، بەڵام ئەمریکا بە "نیازێکی باشەوە" دانوستاندن دەکات.
 
ڤانس کۆبوونەوەکانی ئیسلامئابادی بە "مێژوویی" وەسف کرد و رایگەیاند، لە ماوەی 49 ساڵی رابردوودا، لە هیچ ئیدارەیەکی پێشوودا، پەیوەندیی لەو ئاستەدا لە نێوان واشنتن و تاران رووینەداوە. جێگری ترەمپ گوتی، "ئێمە لە دۆخێکی دیپلۆماسیی زۆر باشدایین و بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ واژۆکردنی ئەو رێککەوتنە مەزنەی کە لە بەرژەوەندیی ئەمریکا، ناوچەکە و هەموو جیهاندایە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی کۆبوونەوەکە.

کۆبوونەوەی نێوان حکومەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لوبنان و ئیسرائیل

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە رێکەوتی 14ی نیسانی 2026 رێکخست، بە بەشداریی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە؛ مایک نیدهام، راوێژکار؛ عیسا، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لوبنان؛ یەحیێل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا و نەدا مەعوەز، باڵیۆزی لوبنان لە ئەمریکا.