ژیریی دەستکرد دەبێتە فاڵچی و ژن و مێردێک جیادەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
میدیای یۆنان بڵاویکردەوە، ژنێک دوای گومانکردن لە مێردەکەی وێنەیەکی قاوەکەی دەگرێت و لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە خوێندنەوەی بۆ دەکات. ژیریی دەستکرد بە ژنەکە دەڵێت، مێردەکەت خیانەت دەکات، بەو هۆیەوە ئەویش داوای جیابوونەوەی لێ دەکات.
ژیریی دەستکرد بووەتە بەشێکی گرنگ لە ژیانی زۆر کەس لە جیهاندا. رۆژ بە رۆژ بەکارهێنانیشی لە بوارە جیاوازەکاندا زیاتر دەبێت، لەوانە خوێندن و چەندین بابەتی دیکە.
میدیای یۆنان دەڵێت، ژنێکی وڵاتەکەیان گومانی لە پیاوەکەی کردووە کە ئەو کاتانەی لەگەڵ ئەو نییە سەرقاڵی کاری لابەلا بێت. ئەوان دوو منداڵیان هەیە و 12 ساڵە هاوسەرگیریان کردووە. ئەمە بەبێ ئاشکراکردنی ناوی شار و کەسەکان.
بەگوێرەی میدیای یۆنان، بەهۆی گومانەکەوە ژنەکە وێنەی کوپە قاوەیەکی مێردەکەی گرتووە و و داویەتی بە ژیریی دەستکرد بۆی بخوێنێتەوە. ئەویش پێی دەڵێت، مێردەکەت بیر لە کردنی کاری لابەلا لەگەڵ ژنێک دەکاتەوە کە ناوەکەی بە (ئ) دەستپێدەکات. ژیریی دەستکرد (چات جی پی تی) زیاتری بە ژنەکە گوتووە کە ئەو ژنەی دەستی لەگەڵ مێردەکەت تێکەڵ کردووە، پلانی هەیە هاوسەرگیرییەکەتان تێکبدات.
مێردی ژنەکە دەڵێت، ژنەکەی یەکەمجار نییە بەو شتانە تۆمەتباری دەکات. پیاوەکە دەڵێت، "چەند ساڵێک پێش ئێستا، جارێک سەردانی ئەستێرەناسێکی کرد و هەمان شتی پێگوت"، بەڵام ساڵێکی پێویست بوو بۆ ئەوەی بڕوابکات ئەوەی ئەستێرەناسەکە گوتوویەتی راست نییە.
پیاوەکە دەشڵێت، پێکەنینی بە قسەکانی ژنەکەی هاتووە، بەڵام ئەو زۆر بەجیدی وەریگرتووە. جەختی لەوەش کردووەتەوە، ژنەکەی داوای لێکردووە ماڵ جێبهێڵێت و بە منداڵەکانی گوتووە کە لە باوکیان جیادەبێتەوە.
پیاوەکە سەرەتا بە جیابوونەوە رازی نەبووە، بەڵام دواتر قبووڵی کردووە، هەرچەندە لەگەڵ پارێزەرەکەی لە هەوڵەکانی بۆ رێگری لەو کارە بەردەوامە، چونکە ئەوەی چات جی پی تی دەیڵێت، هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە.
بڕیارە لە یەک بۆ دوو مانگی داهاتوودا دادگەی یۆنان لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە بکات، دواتر بڕیارێک بدات.
خوێندنەوەی قاوە یەکەم جار لە تورکیادا کراوە و مێژووەکەی بۆ سەدەی 16ـەیەم دەگەڕێتەوە.