بەریتانیا بەشێکی کۆچبەران رەوانەی وڵاتی سێیەم دەکات؛ کێ دەگرێتەوە؟

15-05-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، رایگەیاند، حکومەتەکەی سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکە بۆ ئەو پەناخوازانەی داواکاریی مافی مانەوەیان رەتکراوەتەوە، رەوانەی وڵاتی سێیەمیان بکات، پێش ئەوەی بڕیاری دیپۆرتکردنەوەیان بدرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 15ی ئایاری 2025، کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لە کاتی سەردانێکی بۆ ئەلبانیا، رایگەیاند، لەندەن لە هەوڵی چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەراندایە کە وڵاتەکەی چەندین ساڵە بەدەستییەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتیش بەردەوامبوونی چوونی کۆچبەرانی نایاسایی لەرێگەی بەلەمی بچووکەوە لە نۆکەندی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا. 
 
بەشێکی زۆری ئەو کۆچبەرانەی لە فەرەنساوە نۆکەندی ئینگلیز دەبڕن، خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن، لەنێویاندا کورد هەن. 
 
ستارمەر  گوتی، حکومەت بەمنزیکانە دەستدەکات بە گەڕان بەدوای ئەگەری ناردنی ئەوانەی داواکاری پەناخوازییان رەتکراوەتەوە بۆ وڵاتانی سێیەم، پێش دیپۆرتکردنەوەیان. گوتیشی: "ئێستا ئەوەی دەمانەوێت بیکەین و گفتوگۆی لەسەر دەکەین، ناوەندەکانی گەڕاندنەوەن." 
 
لەو ناوەندانەدا پەناخواز بە سیستمێکدا تێدەپەڕێت، ستامەر دەڵێت، سەرج دەخەنە سەر ئەوانەی داواکەیان رەتکراوەتەوە و پێویستە بگەڕێندرێتەوە، "دەبێت دڵنیابین لەوەی بەشێوەیەکی کاریگەر دەگەڕێندرێنەوە و ئەگەر بتوانین لە رێگەی دابینکردنی ناوەندەکانی گەڕاندنەوە ئەوە دەکەین."
 
تائێستا حکومەتی بەریتانیا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەوە نەداوە کە ئەوان لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ چ وڵاتێک لە گفتوگۆدان، بەڵام یەکێک لەو وڵاتانەی رەنگە قسەی لەگەڵ بکەن، ئەلبانیا بێت و ئەوەش ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ ئەو وڵاتە بووبێت. 
 
ئیتاڵیا ئێستا بەرنامەیەکی هاوشێوەی لەگەڵ ئەلبانیا هەیە. ئەوانەی داواکاریی پەناخوازییان رەتکراوەتەوە، رۆما رەوانەی ئەو وڵاتەیان دەکات تاوەکو لەوێ چاوەڕێی دیپۆرتکردنەوەیان بکەن و لەنێو خاکی ئیتاڵیا نەبن.
 
بەڵام ئێستا پلانەکەی ئیتاڵیا، بەهۆی رێوشوێنی یاسایی و تانەدانەوە، بەشێوەیەکی کاتیی دواخراوە.
 
ئەو پلانە نوێیەی بەریتانیا لە کاتێکدایە کە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەمی بچووک ئەم ساڵ روویان لە بەریتانیا کردووە گەیشتووەتە 12 هەزار کەس، ئەمەش وای کردووە کە ساڵی 2025 ببێتە ساڵێکی پێوانەیی بۆ چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە.
 
لە نیسانی 2022، حکومەتی بەریتانیا پرسی ناردنی کۆچبەرانی بۆ رواندا خستە بەرباس. لە کیگالیی پایتەخت هۆتێلی تایبەتی بە کۆچبەرە دیپۆرتکراوەکان ئامادە کرد و ویستی کۆچبەران بنێرێتە ئەو وڵاتە ئەفریقییە. بەڵام لە تشرینی دووەمی 2023، دادگەی باڵای وڵاتەکە بڕیارەکەی بە نایاسایی ناساند و لەو کاتەوە کاری پێ نەکرا. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە