رووداو- هەولێر
لەنێو هەشت گەنج كە بە نوێنەرایەتی لاوانی جیهان چوونە بارەگای رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەشاری نیویۆرك، بۆ یەكەمین جار گەنجێكی كوردی خەڵكی هەولێر بەشداری كرد و لەهۆڵی كۆبوونەوەكاندا بە جلوبەرگی كوردییەوە وتارێكی پێشكەش كرد.
رێكخراوی جیهانی لاوانی ئاشتیپارێز UNOY كە ئۆفیسی سەرەكی لەشاری دانهاخ (لاهای)ی هۆڵەندایە، ساڵانە كۆنفرانسی خۆی لەژێر چەتری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ساز دەكات و لەكۆی ئەو 1000 گەنجە ئەندامەی كە ئەمساڵ بەشدارییان لە كۆنفرانسەكەدا كرد، بۆ یەكەمین جار گەنجێكی كورد بە نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان بەشداری كرد و وەك نوێنەری لاوانیش چووە بارەگای رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان.
كرمانج عوسمان، كە خەڵكی هەولێرە و لە ئیتالیا ماستەری لەبواری مافی مرۆڤ خوێندووە، بەو بەشداریكردنەی خۆشحاڵە و بە (رووداو)ی گوت: “هەست بە سەربەرزی دەكەم”. چونكە لە دۆكیۆمێنتە فەرمییەكانی ئەو دامەزراوەیەدا و لەكۆی 35 وڵاتی ئەندام بۆ یەكەمین جار نووسرا (هەرێمی كوردستان - عێراق).
كرمانج گوتیشی: “لەدوای دوو پرۆسەی چاوپێكەوتن و هەڵسەنگاندن لەسەر ئاستی جیهان، چوار كوڕ و چوار كچ وەك نوێنەری لاوانی جیهان چووینە بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان”.
ئەو هەشت گەنجە هاوكات نوێنەرایەتی هەریەك لە هیندستان، پاكستان، ئەفغانستان، نەیجیریا، میسر، ئەرجەنتین، هۆڵەندا و هەرێمی كوردستانیان كرد.
بابەتی سەرەكی ئەمساڵی كۆنفرانسەكە بەشداری و كاراكردنی رۆڵی لاوان بوو لە بنیاتنانی ئاشتی و كرمانج لە وتارەكەیدا وەك خۆی گوتی، جەختی لەسەر چەند خاڵێك كردەوە: لاوان چۆن بە رێگای یاسایی دەتوانن بەشداربن لە پرۆسەی دروستكردنی بڕیار، بۆچی لەسەر ئاستی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیارێك نییە تایبەت بە لاوان، میكانیزمی كار و ئەجێندای نەتەوە یەكگرتووەكان چییە بۆ لاوانی دوای شەڕ، باسكردن لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
كرمانج گوتیشی كە جێگری بان كی مۆن، سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری گەنجان و باڵیۆزی 12 وڵات لەسەر ئاستی باڵیۆز بە فەرمی پێشوازییان لێكردوون.
هەروەها باسی لەوەش كرد كە بۆ كۆنفرانسەكانی داهاتووی لاوان لە كۆستاریكا و سریلانكا پلانی تایبەتی هەیە و گوتیشی بانگهێشتكردنی نوێنەری بان كی مۆن بۆ كاروباری گەنجان بۆ كورستان و كاراكردنی رۆڵی كوردستان لەو رێكخراوەدا لە بەرنامەكانی داهاتووی دەبن. كرمانج گوتیشی: “لە مانگی 11ی ئەمساڵ راپۆرتێكی تایبەت بە پرسی گەنجان پێشكەش بە كۆمەڵەی گشتی دەكەین”.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ