رووداو - نیویۆرک
باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنەی لە سیاسەتی ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گرت و پێیوایە، کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رووبەڕووی هەڕەشەکانی ئەو وڵاتە ببێتەوە.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، نیکی هایلی مووشەکێکی بالیستیکی نیشاندا کە، بەگوتەی بەرپرسانی ئەمریکی پاشماوەی ئەو مووشەکە بووە مانگی رابردوو لە لایەن حووسییەکانەوە تەقێندرایەوە و خەریکبوو بگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ریاز. وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ئەو کارەی نیکی هایلی بە نیشاندانی وێنەی چەکە کیمیاییەکانی سەددام حوسێن لەلایەن کۆڵن پاوڵەوە لە 2003 بەراورد کرد.
نیکی هایلی ئاماژەی بەوەکرد، ئەمریکا هاوپەیمانێتییەکی نوێ پێکدەهێنێت بۆ گوشارخستنە سەر ئێران. گوتیشی "ئێمە هاوپەیمانێتییەکە دادەمەزرێنین بۆ دژایەتی ئێران و رەفتارەکانی. چۆن ئێمە کارمانکرد لەگەڵ سکرتێری گشتی بۆ دەرکردنی ئەم راپۆرتە و یارمەتیدانیان لەم لێکۆڵینەوانە و سەلماندنی راستییەکان. ئێمە بەو شێوەیە کار لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەین بۆ ئەوەی رێگەچارەی دیکە بدۆزینەوە بۆ وەستاندنی ئەو پێشێلکارییانە".
بە بەراورد لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، نیکی هایلی چالاکترە لە پەیڕەوکرەوکردنی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ لە دژی ئێران. هایلی گوتی "بەڵگەمان هەیە لەسەر چالاکییە خراپەکانی ئێران لە یەمەن، لوبنان، سووریا و عێراق.
هەر زوو نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان وەڵامی لێدوانەکانی هایلی دایەوە و گوتی، وێنەی ئەو مووشەکانەی باڵیۆزەکەی ئەمریکا نیشانیدان "ساختە" بوون.
جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە توویتێکدا پرێس کۆنفرانسەکەی نیکی هایلی و نمایشکردنی ئەو پارچە مووشەکەی بەو وێنەیەی کۆڵن پاوڵ ساڵی 2003ی شوبهاند کە تێیدا وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا لە پێش ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند، سەددام حوسێن چەکی کیمیایی هەیە و ئەمریکاش هەر بەو هۆیە شەڕی لە دژی عێراق بەرپاکرد.
When I was based at the UN, I saw this show and what it begat... pic.twitter.com/2sAsMB6o4m
— Javad Zarif (@JZarif) December 14, 2017
سوێد کە ئەندامێکی چالاکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە ئامادەیی وڵاتەکەی راگەیاند بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پێشنیازەی ئەمریکا دەربارەی ئێران.
ئولوف سکوگ، باڵیۆزی سوێد لە نەتەوەیەکگرتووەکان بە رووداوی گوت "ئێمە زۆر خوشحاڵدەبین کە لەگەڵ ئەمریکییەکان گفتوگۆ ئەنجامبدەین لەسەر رۆڵی ئێران لە ناوچەکە بەڵام گفتوگۆکە بە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەکان گرژیەکان دەستپێدەکەین".
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو راپۆرتێکی نهێنی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی رێککەوتنامەکەی ئێران ئاشکرابوو. نیکی هایلی رایگەیاند، وردەکاری نێو ئەو راپۆرتە بەڵگەن لەسەر پابەندنەبوونی ئێران بە رێکەوتنامە ئەتۆمییەکە و یاسا نێودەوڵەتییەکان.
فەرهان هەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی "نەتەوە یەکگرتووەکان تیمی پسپۆڕی خۆی هەیە و راپۆرتی خۆمان گەیاندە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئێستا لەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشە کە چۆن راپۆرتەکە هەڵدەسەنگێنن و بڕیاری لە هەر چالاکییەک دەدەن لە داهاتوودا".
نەتەوە یەکگرتووەکان لەو راپۆرتەدا دەڵێت، ئێران پابەندە بە رێککەوتنامە ئەتۆمییەکە بەڵام سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەوەی کە لەوانەیە تاران هەر بەردەوام بێت لە پێشخستنی بەرنامە مووشەکئیە بالیسیتیەکەی.
داڕشتنەوە: حەکیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ