رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی 'رێککەوتنێکی نهێنی' عێراق یارمەتی حکومەتی ئەڵمانیا دەدات لە پشتراستکردنەوەی ناسنامەی کۆچبەرانی عێراقی لەو وڵاتە و ئاسانکارییکردن لە دیپۆرتکردنەوەیان و حکومەتی ئەڵمانیاش ئاسانکاریی بۆ ئەو کەسانە دەکات کە بۆ خوێندن و بزنس سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن.
بەپێی راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی هاوبەشی نێوان دوو میدیای دەوڵەت، بە ناوەکانی (ڤێ دێی ئێر WDR و ئێن دێی ئێر NDR) و رۆژنامەیەکی بەنێوبانگی ئەڵمانیا (بەناوی زوود دۆیچە تسایتونگ Süddeutsche Zeitung) ئەو رێکەوتنە نهێنییە لەنێوان دوو حکومەتەکە کراوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە عێراق لە وەرگرتنەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە ئەڵمانیا دەیەوێت دیپۆرتیان بکاتەوە ئاسانکاری دەکات. هەروەها بە هەموو شێوەیەکیش یارمەتیی حکومەتی ئەڵمانیا دەدات بۆ پشتڕاستکردنەوە یان رەتکردنەوەی ناسنامەی ئەوانەی داوای مافی مانەوە دەکەن لە ئەڵمانیا.
لەبەرامبەردا ئەڵمانیا کارئاسانی بۆ ئەوانە دەکات کە هاووڵاتیی عێراقن و بۆ بزنس یان خوێندن دەیانەوێ بێنە ئەڵمانیا. هەردوو حکومەتیش لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە هانی کۆچبەران بدەن کە بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە عێراق.
بەپێی ئەو بنکۆڵکارییە، کە چەند کاژێرێک بەر لە پێشکێشکردنی بەرنامەی دیاسپۆرای رۆژی هەینی 15-12-2023، ئاشکراکراوە، دەردەکەوێت کە هەرچەندە هەردوو حکومەت هەندێک زانیاریی سەرەتاییان سەبارەت بە دانوستاندنەکانیان لەبارەی کۆچبەرانەوە بۆ میدیا ئاشکراکردووە، بەڵام لەپشت پەردەوە رێککەوتوون و لە بەڵگەنامەیەکی سێ لاپەڕەییدا بڕیاریانداوە رێککەوتنەکەیان بەنهێنی بهێڵنەوە.
هەرچەندە لە رێککەوتنەکەدا وا پیشاندراوە کە هەردوو وڵات ئەو کەسانە وەردەگرنەوە کە چیدیکە مافی مانەوەیان لە وڵاتەکەی دیکەدا نەماوە، بەڵام لە وردەکارییەکاندا دەردەکەوێت کە عێراق لەمەودوا هەموو هاووڵاتییەکی وەردەگرێتەوە کە ئەڵمانیا بیەوێت دیپۆرتی بکاتەوە.
لە راپۆرتە بنکۆڵکارییەکەدا باس لەوەشکراوە کە لە کۆی 26000 کۆچبەری عێراقی کە دیپۆرتکردنەوە دەیانگرێتەوە، 164 کەسیان دیپۆرتکراونەتەوە.
بەشێکی دیکەی رێککەوتنەکە "تایبەتە بە هاریکاریی باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی عێراق لەگەڵ حکومەتی ئەڵمانیا بۆ دڵنیابوونەوە لە ناسنامەی کۆچبەران. هەروەها عێراق زانیاریی بایۆمەتریی هاووڵاتییانی دەخاتە بەردەستی ئەڵمانیا بۆئەوەی دڵنیاببنەوە ئەو کۆچبەرەی خۆی بە ناوێک و بە خەڵکی ناوچەیەکی عێراق و بە ساڵێکی دیاریکراوی لەدایکبوونەوە ناساندووە، زانیارییەکانی راستن یان نا."
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەڵمانیا یەکەمین وڵات نییە حکومەتی عێراق سەبارەت بە کۆچبەران رێککەوتنی نهێنیی لەگەڵ دەکات. نەمسا و سوێدیش رێککەوتنی نهێنیی هاوشێوەیان لەگەڵکراوە. کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا بۆ بنکۆڵکارە ئەڵمانییەکانی پشتڕاست کردووەتەوە کە لە شەش مانگی رابردوودا عێراق زۆرتر لە جاران ئەو کۆچبەرانەی وەرگرتووەتەوە کە دیپۆرت دەکرێنەوە."
هەرچەندە هێشتا هەواڵەکە گەرماوگەرمە، بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا، تاوەکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە، پشتڕاستی نەکردووەتەوە کە "رێککەوتنێکی نهێنی"ـی لەو شێوەیەی لەگەڵ عێراق هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ