رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەی شاری سیدنیی ئوسترالیا، 16 کەس کوژران کە یەکێک لە کوژراوەکان هێرشکارەکە بووە. پۆلیس رایگەیاندووە، هێرشەکە لەلایەن باوک و کوڕێکەوە کراوە کە بە رەچەڵەک پاکستانین؛ باوکەکە لەکاتی هێرشەکەدا لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە، کوڕەکەش بە برینداری دەستگیر کراوە و دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە.
بەگوێرەی میدیاکانی ئوسترالیا، یەکێک لە قوربانییەکانی هێرشەکە، کچێکی تەمەن 10 ساڵان بووە و بەیانیی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی منداڵانی سیدنی گیانی لەدەستداوە، ئەمەش جگە لەوەی لانیکەم 40 کەسی دیکەش بریندار بوون.
پۆلیس دەڵێت، 14 کەس لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە و 42 کەسیش، کە چوار منداڵیان تێدایە، برینداربوون و گەیێندراونەتە نەخۆشخانە. دواتر دوو لەو بریندارانە لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە.
ئێستا 38 کەس لە نەخۆشخانە ماونەتەوە، دووانیان ئەفسەری پۆلیسین. یەکێک لەو ئەفسەرانە، چاوی بریندار بووە و پزیشکەکان دەڵێن، رەنگە بەهۆی برینەکەیەوە، بینین لە یەکێک لە چاوەکانی لەدەستبدات.
هێرشەکە لە کاژێر 06:47 خولەکی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 14-12-2025 لەکاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگێکی جووەکانی شاری سیدنی لەنزیک کەناراوەکانی بۆندای لە رۆژهەڵاتی شارەکە بوو، دوو چەکدار کە ئێستا دەرکەوتووە باوک و کوڕێک بوون، دەستڕێژیان کردووە بەنێو ئامادەبووانی ئاهەنگەکەدا.
بەگوێرەی میدیای ئوسترالیا، زیاتر لە 1000 کەس لە جەژنی هانووکای جووەکان ئامادە بوون، هێرشکارەکان نزیکەی 10 خوولەک تەقەیان لە خەڵک کردووە، پێش ئەوەی هێزەکانی پۆلیس رووبەڕوویان ببنەوە و دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن.
میدیای ئوسترالیا، ناسنامەی هەردوو هێرشکارەکەی پشتڕاست کردووەتەوە بە ناوەکانی ساجد ئەکرەمی تەمەن 50 ساڵی باوک و نەڤید ئەکرەمی تەمەن 24 ساڵی کوڕ.
ساجید هەر لەکاتی هێرشەکەدا و لەمیانی رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ پۆلیس کوژراوە و نەڤیدی کوڕیشی بە برینداری دەستگیر کراوە و ئێستا لە نەخۆشخانەیە و لە ژێر چاودێری پۆلیسدایە.
ساجیدی باوک مۆڵەتی چەک هەڵگرتنی هەبووە، ئەندامی یانەیەکی چەک و خاوەنی شەش چەک بووە، پۆلیسیش لەدوای رووداوەکە دەستی بەسەر هەر شەش چەکەکەدا گرتووە.
هەروەها پۆلیس رۆژی دووشەممە، ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتیان لە ناوچەی کامپسی دەستپێکرد و هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک، کە بەگوێرەی پۆلیس، ساجید و نەڤید پێش هێرشەکە لەو ماڵەدا ماونەتەوە.
لەکاتی هێرشەکەشدا، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت کەسێک ئازایانە پەلاماری یەکێک لە هێرشکارەکان دەدات و تفەنگەکەی لێ وەردەگرێت.
رۆژی دووشەممە میدیای ئوسترالیا ناسنامەی ئەو کەسەیان بڵاوکردەوە، کە ناوی ئەحمەد ئەحمەدی-یە و تەمەنی 43 ساڵانە، خەڵکی باشووری سیدنییە و دووکانێکی سەوزە و میوەی هەیە.
لە ئاکامی ئەو رووبەڕووبوونەوەیەدا، ئەحمەدی بریندار بوو و ئێستا لە نەخۆشخانەیە، دواتر هەڵمەتێکی ئۆنلاین بۆ هاوکاریکردنی ئەحمەدی راگەیێندرا و لە ماوەی کەمتر لە 12 کاژێردا، زیاتر 340 هەزار دۆلاری ئوسترالیی بۆ کۆکرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ