سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە

16-02-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و باسیان لە پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی ئابووری، وزە، سەربازی و ئاسایش کرد.
 
رۆژی هەینی 16-02-2024 محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە شاری میونشنی ئەڵمانیا کۆبووەوە.
 
هەردوولا جەختیان لە بەرژەوەندیی هاوبەشیان لە "هاوبەشییەکی بەهێز و بەردەوامی عێراق و ئەمریکا" کردەوە، هەروەک لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی ستراتیژیی عێراق و ئەمریکادا هاتووە، ئەوەش بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆشکی سپی.
 
هاریس لە کۆبوونەوەکەدا تیشکی خستەسەر "پابەندیی ئەمریکا لە پشتگیریی عێراق لە بەدەستهێنانی داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیر بۆ گەلی عێراق،" کە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاستێکی خۆشگوزەران و پەیوەست بەیەکەوە، گرنگە.
 
لە کۆبوونەوەکەی نێوانیان، جێگری سەرۆکی ئەمریکا داوای لە حکومەتی عێراق کرد، "راوێژکارانی سەربازیی ئەمریکا لە هێرشەکان بپارێزێت." هاریس هەروەها سوپاسی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی بۆ ئەو بابەتە کرد.
 
کەسی دووەمی ئیدارەی بایدن بە سوودانیی راگەیاند، "ئەمریکا هیچ کارێکی لەپێشینەتری لە پاراستنی کارمەندانی خۆی نییە و هەرکات پێویست بکات هەنگاوی خۆپارێزی دەنێت."
 
دوو سەرکردەکە کۆک بوون لەسەر گرنگیی "بەردەوامبوون لە گفتوگۆکانی لیژنەی باڵای سەربازی هاوبەشی نێوان بەغدا و واشنتن بۆ دانوستاندن لەبارەی چارەنووسی هێزە بیانییەکان لە عێراق"، ئەوەش وادەکات هاوبەشیی ئاسایشی دوولایەنەی نێوان عێراق و ئەمریکا بەردەوام بێت و ببێتە هەنگاوی داهاتووی ئەو هاوبەشییە کە 10 ساڵ لەمەوبەر بۆ بەزاندنی داعش دروستبوو.
 
کامالا هاریس و محەممەد شیاع سوودانی کە بۆ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی جیهان لەوێن، گفتوگۆیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوون لەسەر "هاوکاریی وزە و ئابووری لەنێوان ئەمریکا و عێراق" کرد؛ هەروەها بەشداریپێکردنی عێراق لە ئابووریی وڵاتانی ناوچەکە و دەرەوە.
 
جێگری سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردووەتەوە، "سەرۆکی ئەمریکا بانگهێشتی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە بۆئەوەی سەردانی کۆشکی سپی بکات."
 
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن هەموو ساڵێک لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت؛ ساڵانە زیاتر لە 450 سەرکردە و وەزیری دەرەوە و بەرگری لە سەرانسەری جیهانەوە دەچنە میونشن و گەنگەشەی مژارە گەرمەکانی جیهان دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە