رووداو - مەدرید
دوای گەشتێكی چەند هەزار كیلۆمەتری، چەند رۆژێك لەمەوبەر 26 پەنابەری كوردی رۆژئاوای كوردستان كە چواریان منداڵ بوون، گەیشتنە فڕۆكەخانەی باراژاسی شاری مەدرید. دوای گەشتێك بەنێو سێ وڵاتی كیشوەری ئاسیادا، ئەو پەنابەرانە روویانكردە ئەمریكای باشوور و لەوێشەوە روویانكردە ئەوروپا.
دوو رۆژنامەنووسی ئیسپانی كە یەكێكیان بە رەچەڵەك عەرەب بوو، توانییان بەهۆی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بەو پەنابەرە كوردانەوە بكەن لە هۆڵی دەستبەسەركردنیان لە فڕۆكەخانە و چیرۆكەكەیان بەڕێگەی ماڵپەری "Rojnamageriya Mirovî" بگەیەننە رای گشتی.
120 هەزار یۆرۆیان داوەتە قاچاخچی
زۆربەی ئەو پەنابەرانەی لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا گەیشتوونەتە فڕۆكەخانەی باراژاس، خەڵكی هەرێمی جزیرەی رۆژئاوای كوردستانن. ژمارەیەكی زۆریشیان كوردی ئێزدی بوون. پەنابەرانی ئەمجارەش هەر خەڵكی ناوچەی جزیرە بوون. ئەوان بە ئامانجی گەیشتن بە خزمەكانیان لە ئەڵمانیا، گەشتێكی و دوور و زەحمەتیان كرد تاوەكو گەیشتنە كیشوەری ئەوروپا. دوای گەیشتنیان بۆ باكووری
كوردستان، لەگەڵ قاچاخچییەكان رێككەوتن كە بیانگەیێننە ئەڵمانیا "5 هەزار یورۆ بۆ كەسی گەورە و 2.500 یورۆش بۆ منداڵ".
ئەو پەنابەرانە بەهۆی پاسپۆرتی ساختەوە لە توركیاوە دەچنە دوبەی، لەوێشەوە بە فڕۆكە دەچنە بەرازیل. دوای چەند رۆژ مانەوە لە شوقەیەكدا لەگەڵ چەند پەنابەرێكی دیكەی سووری، دووبارە سواری فڕۆكە دەبن بەرەو وڵاتی پیرۆ. لە كۆتاییدا فڕۆكەكەیان لە پایتەختی ئیسپانیا دەنیشێتەوە، بەڵام لەوێ لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر دەكرێن. ئەوان لەگەڵ چەند پەنابەرێكی سەر بە نەتەوەی جیاواز لە شوێنێكدا دەمێننەوە كە رووبەرەكەی 25 مەتر چوارگۆشەیە. لەوێ چاوەڕێی وەڵام دەكەن بۆ داواكردنی مافی پەنابەرێتی. ئەو وەڵامە لە دۆخی ئاساییدا سێ رۆژ دەخایەنێت.
"سەلەفییەكان بەكافرمان دەزانن"
دوای گفتوگۆیەك بەهۆی تەلەفۆنەوە، ئەو پەنابەرە كوردانە هۆكاری كۆچكردنیان بۆ رۆژنامەنووسانی ئیسپانی باس دەكەن. ئەو پەنابەرانەی كە قسەیان كرد گوتیان ئەوان لەبەر شەڕی نێوان رژێم و ئیسلامییە توندڕەوەكان لە هەرێمەكەیان، هەروەها لەبەر نەبوونی پێداویستی ژیان وەكو كارەبا و ئاو وڵاتیان جێهێشتووە.
هەروەها گوتیان "كوشتن و دەستدرێژی هەبوو، ژن و منداڵ دەڕفێنران، هەموو شارەكان تێكدراون، دێنە نێو ماڵەكان، هەموو شتێك و هەموو كەسێك لەگەڵ خۆیان دەبەن. سەلەفییەكان بە كافرمان دەزانن" ژنێكی پەنابەر بەم شێوەیە باسی دۆخی وڵاتەكەی دەكات.
"نازانم چۆن گەیشتینە ئیسپانیا"
ژمارەیەكی زۆری پەنابەری كورد كە بەهۆی ڤیزای ترانزێت گەشت دەكەن و لە كۆتاییدا دەگەنە فڕۆكەخانەكانی ئیسپانیا، بەهۆی پاسپۆرتی ساختەوە دەستبەسەر دەكرێن. بەڵام هەندێكیشیان بەختەوەرن و پۆلیس ناتوانێ پاسپۆرتی ساختەیان ئاشكرا بكات. بەمشێوەیەش بەئاسانی سواری فڕۆكەیەك دەبن بەرەو ئەو وڵاتەی كە مەبەستیانە داوای مافی پەنابەرێتی لێبكەن، بەتایبەتیش ئەڵمانیا و وڵاتانی ئیسكەندەناڤیا.
"بۆچی گەشتەكەتان لە ئیسپانیا كۆتایی هات؟" پەنابەرێك دەڵێ "نازانم چۆن گەیشتینە ئێرە، لە پاسێك دەهاتینە خوار و سواری پاسێكی دیكە دەبووین. لە فڕۆكەیەك بۆ فڕۆكەیەكی دیكە. تاوەكو لە كۆتاییدا خۆمان لێرە بینییەوە".
پەیمانی دبڵن و گواستنەوەی پەنابەران
زۆربەی ئەو پەنابەرانەی لە ئیسپانیا داوای مافی پەنابەری دەكەن، چاوەڕێی وەڵامی نووسینگەی پەنابەری ناكەن، بەڵكو راستەوخۆ روودەكەنە وڵاتانی دیكەی ئەوروپا و بەتایبەتیش ئەڵمانیا. یان خزمەكانیان دێنە ئیسپانیا و بەئۆتۆمبێلەكانیان دەیانبەن، یانیش بۆ خۆیان سواری شەمەندەفەر دەبن كە لەنێو شەمەندەفەرەكاندا زۆر كەم داوای ناسنامە لە خەڵك دەكرێت.
بەپێی پەیمانی "Dublin 2" ئەو كەسانەی پێشتر داوای مافی پەنابەرییان لە وڵاتێكی ئەوروپی كردووە، ناتوانن داوای مافی پەنابەری لە وڵاتێكی دیكەی ئەوروپا بكەن و دەگەڕێنرێنەوە ئەو وڵاتەی كە یەكەمجار داوای مافی پەنابەری لێكردووە.
زۆر پەنابەری كورد كە داوای مافی پەنابەرییان لە ئیسپانیا كردووە، چانسی خۆیان تاقیدەكەنەوە و دەچنە وڵاتێكی دیكە و داوای مافی پەنابەری دەكەن. ژمارەیەكی زۆریان دووبارە دەگەڕێنرێنەوە، هەندێكیش ناگەڕێنەوە و پەنجەمۆریان لە وڵاتی دیكە ئاشكرا نابێت. بەمشێوەیەش داواكردنی مافی پەنابەری لەلایەن ئەوانەوە پەسەند دەكرێت.
بەڵام بۆ داواكردنی مافی پەنابەری لە وڵاتێكی دیكەی یەكێتی ئەوروپا (هەروەها ئایسلاند، سویسرا، نۆروێژ لیخنشتاین كە پەیمانی دەبڵنیان ئیمزا كردووە)، رێگەیەكی دیكە هەیە، ئەویش ئەوەیە ئەگەر خزمی ئەو پەنابەرانە لەو وڵاتانە هەبن كە پەیمانی دەبڵنیان ئیمزا كردووە و مافی پەنابەرییان هەبێت یان داواكردبێت، ئەوكاتە ئەگەری ئەوە هەیە لەبەر هۆكاری (خێزانی یانیش كەلتووری) مافی پەنابەری وەربگرن و لەگەڵ خزمەكانیان بمێننەوە و نەگەڕێنرێنەوە بۆ ئیسپانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ