ترەمپ بۆ رووداو: زۆر نزیکین لە رێککەوتن لەگەڵ ئێران و رێگری لە کارەساتی ئەتۆمی دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێش بەڕێکەوتنی بۆ لاس ڤێگاس، لە کۆشکی سپی وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە و رایگەیاند، واشنتن و تاران لە رێککەوتن نزیکن و ئەوەش کاریگەریی گەورەی لەسەر بازاڕەکانی جیهان دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە، 16ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە ئەگەری ئازادکردنی سەرمایە بلۆککراوەکانی ئێران، وەڵامی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی واشنتنی دایەوە و گوتی، "دەبینین چی روودەدات، بەڵام پێموایە ئێمە زۆر نزیکین لەوەی رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بکەین. ئێوە [رۆژنامەڤانان] یەکەم کەس دەبن کە دەیزانن."
ترەمپ گوتی: "پێموایە چانسێکی باشمان هەیە؛ ئەگەر ئەوە رووبدات، نرخی نەوت و هەڵاوسان زۆر دادەبەزن، لەوەش گرنگتر، رێگری لە روودانی کارەساتی ئەتۆمی دەکرێت."
سەبارەت بە پرسی ئاسایشی دەریایی و گەمارۆکانی سەر تەنگەی هورمز، ترەمپ باسی هێزی سەربازیی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند: "زۆر باش لەگەڵ گەمارۆکەدا دەڕۆین و بۆ ئێمە کارێکی رۆتینییە. هێزی دەریاییمان بێوێنەیە و گەمارۆکە زۆر بە باشی کار دەکات؛ هیچ کەشتییەک ناتوانێت بە تەنیشت هێزەکانماندا تێپەڕێت و تەنانەت بیر لە هاتنە ژوورەوەش ناکەنەوە."
سەبارەت بە درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە، ترەمپ گوتی: "نازانم ئایا پێویست بە درێژکردنەوەی ئاگربەست دەکات یان نا، بەڵام ئەگەر پێویست بێت، ئەو کارە دەکەم."
دۆناڵد ترەمپ راشیگەیاند، ئەوان پەیوەندییەکی زۆر باشیان لەگەڵ ئێران هەیە؛ "ئەوەش لە سایەی ئەو ئابڵووقەیەی خستوومانەتە سەریان، کە تەنانەت لە بۆردوومانکردنیشیان بەهێزتر بوو."
هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی ماوەی پێنج هەفتەیە لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا هەڵگیرساوە، چڕبوونەتەوە. پێشبینی دەکرێت گەڕێکی دیکەی دانوستاندن هەفتەی داهاتوو لە پاکستان بەڕێوەبچێت.
گەڕی یەکەمی گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تاران لە ئیسلامئاباد بێ ئەنجام کۆتایی هات، بەڵام کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، "ئەگەری زۆرە" گەڕی داهاتووی گفتوگۆکان هەر لە ئیسلامئاباد بەڕێوەبچێت.
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی رووداو سەبارەت بە رۆڵی حیزبوڵڵای لوبنان و ئەگەری تێکدانی هەوڵەکانی رێککەوتن، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "دەبینین شتەکان بە چ ئاراستەیەکدا دەڕۆن، ئەوان [حیزبوڵڵا] لەگەڵ لوبنان کار دەکەن و هاوئاهەنگییان هەیە."
چەند کاژێرێک پێش ئەو قسانەی، ترەمپ ئاگربەستێکی 10 رۆژەی لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان راگەیاند و جەختی کردەوە کە تیمێکی باڵای وڵاتەکەی بۆ ئاشتییەکی بەردەوام لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا راسپاردووە.
دۆناڵد ترەمپ لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند، گفتوگۆیەکی نایابی لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە و هەردوولا رازی بوون لەسەر دەستپێکردنی ئاگربەستێک لە کاژێر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ بەکاتی واشنتن (کاژێر 12:00ی شەو بەکاتی هەولێر).