ئەڵمانیا پێشوازی لە ئاگربەستەکەی ئیسرائیل و لوبنان دەکات؛ "هیوای دراوسێیەتییەکی باش دەخوازین"

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی ئەڵمانیا پێشوازی لە راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان کرد، کە گرووپی حیزبوڵڵای نزیک لە ئێرانیش دەگرێتەوە. بەرلین هیوای خواست ئەم هەنگاوە رێگە بۆ "داهاتوویەکی پڕ لە تەبایی و دراوسێیەتییەکی باش" لە ناوچەکەدا خۆش بکات.
 
یۆهان وادیفوڵ، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەو ئاگربەستە 10 رۆژییەی لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە راگەیێندرا، "دەتوانێت هەناسەیەکی گرنگ بە دانیشتووانی هەردوو بەری سنوور ببەخشێت."
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد، دەستپێکردنی گفتوگۆی راستەوخۆ لە واشنتن، کە یەکەمین دیداری لەو شێوەیەیە لە ساڵی 1993ـەوە، دەرگەیەکی نوێ بۆ "داهاتوویەکی وەک دوو دراوسێی باش" دەکاتەوە. ئەمەش بەو مەرجەی کە "بەرژەوەندییە ئەمنییە رەواکانی ئیسرائیل و مافی لوبنان بۆ یەکپارچەیی خاک و سەروەرییەکەی" رێزیان لێ بگیرێت.
 
ئەڵمانیا مەرجێکی تووندی بۆ چەسپاندنی ئاسایشی هەمیشەیی خستە روو. وادیفوڵ جەختی کردەوە: "ئاسایشی بەردەوام لە ناوچەکەدا تەنیا بە چەککردنی کاریگەری حیزبوڵڵا بەدی دێت." وەزیرەکە گوتیشی، ئێستا ئەرکی سەر شانی حکومەتی لوبنانە ئەم بابەتە بە شێوەیەکی کردەیی جێبەجێ بکات.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، ئەڵمانیا داوای کرد هەردوولا کار بۆ پاراستنی سڤیلەکان لە سەر "هێڵی شین" بکەن و سەلامەتیی هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNIFIL) بپارێزن. وەزیری دەرەوە سوپاسی واشنتنی کرد بۆ ئەو هەوڵە چڕانەی کە وەک نێوەندگیر لە چەند رۆژی رابردوودا کردوونی.
 
ئەم هەڵوێستەی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ گوتوویەتی، حیزبوڵڵا بەشێکە لە ئاگربەستەکە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی رێککەوتنەکە، دەبێت حکومەتی لوبنان پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە چەکدارە دەستپێبکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارگەیەکی دروستکردنی چەک لە ئەمریکا

ئەمریکا داوا لە کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل دەکات چەک دروست بکەن

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی کارگە مەدەنییەکانی ئەمریکا بۆ ناوەندی بەرهەمهێنانی چەک دەستپێکردووە. ئەم هەنگاوە کە بیرخەرەوەی سیاسەتەکانی ئەمریکایە لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، مەبەست لێی پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە گەورەیەیە لە کۆگەکانی چەکی ئەمریکادا بەهۆی جەنگی ئۆکراینا و ئێرانەوە دروست بووە.