جیهان
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە 15-5-2025 سەردانی ئەنتاڵیای تورکیا کرد: AFP
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، پێشبینی ناکات کە گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاگربەستی ئۆکراینا کە لە تورکیا بەڕێوەدەچن، ئەنجامی باشی هەبێت و دەشڵێت، بۆ ئەوەی پێشکەوتن لە گفتوگۆکان هەبێت، دەبێت ترەمپ و پووتین کۆببنەوە.
رۆژی پێنجشەممە 15ـی ئایاری 2025، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە تورکیا لەبارەی ئاگربەستی ئۆکراینا گوتی، "پێموانییە کە تاوەکو سەرۆک ترەمپ و سەرۆک پووتین راستەوخۆ لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆ نەکەن، بەرەوپێشچوون روونادات."
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا پشتڕاستیکردەوە کە شاندێک دەنێرێتە ئیستەنبووڵ، بەڵام رەخنەی لە رووسیا گرت بەوەی کە "شاندێکی ئاسایی" بۆ گفتوگۆکان دەستنیشان کردووە.
بەرپرسانی کرێملن رایانگەیاندووە، ئەو شاندەی کە بۆ گفتوگۆکان دەستنیشانیان کردووە، لە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی و وەزارەتی دەرەوە پێکدێن و ڤلادیمێر مێدینسکی سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات.
رۆژی پێنجشەممە، ترەمپ لە قەتەر ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو خۆی لەگەڵ پووتین کۆنەبێتەوە، پێشبینی ناکات کە بەرەوپێشچوونی ئەوتۆ لە گفتوگۆکانی تایبەت بە ئۆکراینا رووبدات.
هەرچەندە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا داوای لە پووتین کرد سەردانی تورکیا بکات و جدییەتی خۆی بۆ گفتوگۆکان بسەلمێنێت، بەڵام پووتین سەردانی ئەو وڵاتە نەکرد.
لەبارەی بەشدارینەکردنی پووتین لە گفتوگۆکان پرسیار لە ترەمپ کرا و گوتی، "بۆچی دەبێت ئەو بچێت، ئەگەر من نەڕۆم؟" ترەمپ گوتیشی، "ئەگەر شتێک رووبدات، رۆژی هەینی، ئەگەر بگونجێت، سەردانی [تورکیا] دەکەم."
ترەمپ لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی دا لە ماوەی 24 کاژێردا کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا دەهێنێت، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە بڕوا بە هەردوولا بهێنێت بگەنە ئاگربەست.
هەفتەی رابردوو، پووتین پێشنیازی کرد رۆژی پێنجشەممە 15ی مانگ ئۆکراینا و رووسیا گفتوگۆی راستەخۆ بە نێوەندگیریی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بکەن، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ دەستپێشخەرییەکەی ئۆکراینا و وڵاتانی ئەورووپا، کە داوای 30 رۆژ ئاگربەستی بێمەرجیان کردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ