راوێژکاری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا بۆ رووداو: 90 کیلۆمەتر چوارگۆشەمان لە یەک هەفتەدا کۆنترۆڵکردووەتەوە

16-06-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
 یوری ساک، راوێژکاری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا میوانی بوولتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو
یوری ساک، راوێژکاری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا میوانی بوولتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا بە رووداوی راگەیاند، لە ماوەی یەک هەفتەی هێرشی پێچەوانەیان دژی رووسیا، 7 گوندیان کۆنترۆڵکردووەتەوە. 
 
رۆژی هەینی، یوری ساک لە بوولتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سیما ئابخزر پێشكێشی کرد، گوتی، لەو کاتەوەی لە هەفتەی رابردوودا هێرشەکەیان دژی رووسیا دەستپێکردووە، 90 کیلۆمەتر چوار گۆشەیان کۆنترۆڵکردووەتەوە، کە بە گوتەی خۆی ئەوە "زۆر لەوە زیاترە کە رووسەکان لە 10 مانگی رابردوودا بەدەستیانهێناوە."
 
ساک گوتی، "لە هەفتەی یەکەمی هێرشی پێچەوانەمان، حەوت گوندمان کۆنترۆڵکردووەتەوە و سەنگەری پێشەوەی بەرگریی رووسیامان بڕیوە و چەند هەزار سەرباز و کەرەستەی سەربازییمان لەنێوبردووە." بەڵام مۆسکۆ ئەوە رەتدەکاتەوە. 
 
رۆژی هەینی، ڤیلادیمیر پووتینی سەرۆکی رووسیا، لە کۆڕبەندی ئابووریی سان پیتەرسبۆرگ گوتی، زیانەکانی ئۆکراینا لە هێرشی پێچەوانەدا "زۆر گەورەن" و لە بەرامبەر هەر سەربازێکی رووسی، "زیاتر لە 10" سەربازی ئۆکراینی کوژراون. پووتین ئاماژەی بەوە کرد، ئۆکراینا 168 تانک و 417 زرێپۆشی لەدەستداون. 
 
راوێژکارە سەربازییە ئۆکراینییەکە بە رووداوی گوت، لە هەرێمی زاپۆریژیای باشووری ئۆکراینا و لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ "بەرگریکردن و هێرشبردن" بەردەوامن. گوتیشی: "ئێمە بەردەوامین لە لەنێوبردنی سوپای رووسیا و بەردەوامین لە لەنێوبردنی کەرەستە سەربازییەکانیان و بەرە بەرە پێشڕەوی دەکەین." 
 
پووتین لە سان پیتەرسبێرگ دانی بەوەدا سەربازانی ئۆکراینی گەیشتوونەتە سەنگەرەکانی پێشەوەی هێزەکانی رووسیا، بەڵام پاشکەشەیان پێ کراوە. 
 
شەڕە سەختەکە، وەک یوری ساک باسی کرد، لە هەرێمی زاپۆریژیایە کە ئەگەر ئۆکراینییەکان کۆنترۆڵی بکەنەوە، رووسیا ئەو پردە وشکانییە لەدەستدەدات کە نیمچە دوورگەی کریمیا بە خاکی رووسیاوە گرێ دەدات. 
 
رۆژی پێنجشەممە، ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی، رووسیا جەنگەکە دەدۆڕێنێت ئەگەر ئۆکراینا لە هێرشە پێچەوانەکەیدا سەربکەوێت. 
 
یوری ساک بە رووداوی راگەیاند، "لەو ساتەوەی کە گوێمان لە تەقینەوەی مووشەکەکانی رووسیا لە نێو خاکەکەمان بوو، لە رۆژی یەکەمی ئەم داگیرکراییە بەرفراوانە بۆ سەر وڵاتەکەمان، ئامانجەکەمان زۆر روون بووە: پێویستە دووژمن لە وڵاتەکەمان بکەینە دەرەوە و پێویستە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکەین لە بەرامبەر هەموو ئەو تاوانانەی جەنگ کە کردوویانە. بۆیە ئێمە هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتییمان پێکهێنا کە بە کەرەستەی سەربازی یارمەتیمان دەدات. ئێستا هاوپەیمانییەکی تایبەت بە تانکەکان هەیە."
 
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە چەند رۆژی رابردوودا چەند وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە گوایە دەریدەخەن تانکی پێشکەوتووی ئەڵمانی و زرێپۆشی ئەمریکی لە ئۆکراینا کەوتوونەتە دەستی سوپای رووسیا. 
 
لەم کاتەدا، ئۆکراینا کار لەسەر "هاوپەیمانییەکی تایبەت بە فڕۆکەی جەنگیی ئێف شازدە" دەکات و لە دانیمارک، هۆڵەندا و بەریتانیا "ئامادەکاری دەکرێت" بۆ ئەوەی راهێنان بە فڕۆکەوانە ئۆکراینییەکان بکرێت، ئەمە وەک راوێژکاری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا باسی کرد. 
 
یوری ساک ئاماژەی بەوە کرد، سەربازانی ئۆکراینا "لە سێ کیشوەر راهێنانیان پێ دەکرێت؛" گوتیشی، "ئێستا ئێمە نزیکەی 60 هەزار سەربازی ئۆکراینیمان هەیە کە لەسەر کەرەستەی جۆراوجۆر راهێنانیان پێ کراوە؛ لەسەر تانک، لەسەر چەکە جۆربەجۆرەکانی دیکە. ئەوان خێرا فێر دەبن و بە گوێرەی پێوەرەکانی ناتۆ راهێنان وەردەگرن کە وایان لێ دەکات لە سەنگەرەکاندا بە توانا بن."
 
یوری ساک رەتیکردەوە لەم هاوینەدا سوپای وڵاتەکەی رووبەڕووی دۆخێکی سەخت بێتەوە و گوتی، "ئێمە پشت بە فەرماندەیی سەربازییمان دەبەستین کە چەندین جار سەلماندوویەتی دەتوانن  ستراتیجیی باش دابنێن و ژیانی سەربازانمان بپارێزن و تیرۆریستان لەنێوببەن."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.