دۆناڵد ترەمپ پشتیوانی لەو کۆنگرێسمانە دەکات کە خۆی بە کورد و سووری دەزانێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەمریکا لە نووسینێکدا دەستخۆشی تەواو لە کارەکانی ئەیب حەمادە، کۆنگرێسمانی ئەمریکی، کە خۆی بە کورد و سووری دەزانێت دەکات و دەڵێت، پاڵپشتی کارەکەیەتی و دەیەوێت دووبارە هەڵبژێردرێتەوە. 
 
رۆژی دووشەممە، 16ی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نووسینێکدا لە سۆشیال ترووس بڵاویکردەوە، "کۆنگرێسمان ئەیب حەمادە یەکەم نیشتمانپەروەری ئەمریکییە کە کارێکی سەرسوڕهێنەر وەکو نوێنەری ناوچەی هەشتەمی ویلایەتی ئەریزۆنا دەکات".
 
سەرۆکی ئەمریکا لە نووسینەکەیدا دەشڵێت، وەکو "سەربازێکی ئازای سوپای ئەمریکا و لێکۆڵینڤانی پێشووی تاوان، ئەیب بەبێ ماندووبوون هەوڵی بۆ پاراستنی سنوورەکانی باشوور، رێگری لە تاوانی کۆچ، گەشەپێدانی ئابوورییەکەمان، بەهێزکردنی سوپا، پاڵپشتیکردنمان لە هەڵبژاردن و جێبەجێکردنی هەموارکردنەوەی دووەم (ی یاسای هەڵگرتنی چەک)  داوە". 
 
رۆژی سێشەممە 20-05-2025 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ کۆنگرێسمان ئەبراهام (ئەیب) حەمادە کۆبووەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنگرێسمان ئەیب ئاماژەی بەوە داوە، "شانازی دەکەم لە بنەماڵەکەماندا رەگێکی کوردیم هەیە و نەنکم (دایکی باوکم) کوردە و دایکیشم دروزییە."
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "کۆنگرێسمان ئەیب خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ واشنتن و واژۆکردنی دوو رێککەوتننامەی گرنگ لە بواری وزە دەربڕی، کە لە بەرژەوەندیی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدایە." جەختیشی لە گرنگیی برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا لە هەموو بوارەکاندا کردووەتەوە.
 
سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی لە کۆنگرێسمان ئەیب کرد، کە ساڵی رابردوو بە ئەندامی کۆنگرێس هەڵبژێردرا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست؛ هەروەها سوپاسی پشتیوانیکردنی لە هەرێمی کوردستان کرد. 
 
لە کۆتایی نامەکەدا سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەیب حەمادە پاڵپشتی تەواوەتی منی بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی هەیە و ئەو هەرگیز شەرمەزارت ناکات".