ئەمریکا و چین دانوستاندن لەسەر پرسی کەشوهەوا دەکەن

16-07-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جۆن کێری، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری کەشوهەوا ئەمڕۆ یەکشەممە، بە سەردانێک گەیشتە چین بۆ ئەوەی گفتوگۆکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی کە لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین گازی گەرمکەر دەردەدەن، دەستپێبکەنەوە.
 
کێری دوای گەیشتنی بە پەکین، گوتی، لە رۆژی دووشەممەوە، ئەمریکا و چین دەست بە ئاڵۆگۆڕکردنی تێڕوانینەکانیان لە بارەی پرسەکانی پەیوەست بە کەشوهەواوە دەکەن. 
 
سەردانەکەی کێری بۆ چین کە لە ماوەیدا لەگەڵ شیێ ژێنهوای هاوتا چینییەکەی کۆدەبێتەوە، دوای چەندین هەفتە لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ئاستی پێوانەیی دێت، کە زاناکان دەڵێن بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوایەوەیە.
 
پار گفتوگۆکان لە بارەی کەشوهەوا لە نێوان پەکین و واشنتن پەکیانکەوت دوای ئەوەی کە نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەوکاتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەردانی دوورگەی خۆبەڕێوەبەریی تایوانی کرد و بووە هۆی تووڕەبوونی چین، کە دوورگەکە بە بەشێک لە خاکەکەی خۆی دەزانێت. 
 
وێڕای زیادبوونی گرژییەکانی نێوان واشنتن و پەکین لەسەر تایوان و ژمارەیەک پرسی دیکەی وەک نیمچە گەیێنەرەکان، جۆن کێری، کە پێشتر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووە، پەیوەندیی دۆستانە و بەردەوامی لەگەڵ چیندا هەبووە. ئەمە سێیەم سەردانییەتی وەک نێردەی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بۆ پرسی کەشوهەوا بۆ پەکین، کە دوای دوو سەردانی دیکەی ئاستباڵای بەرپرسانی ئەمریکا دێت بۆ وڵاتە ئاسیاییەکە، کە لە لایەن ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوە و جانێت یێڵن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ ئارامکردنەوەی پەیوەندییەکان، کران.
 
ئیدارەی بایدن کەشوهەوا بە بوارێک بۆ پێكەوەکارکردن لەگەڵ پەکیندا دەبینێت، سەرەڕای ناکۆکییەکان لە بوارەکانی دیکەدا. دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان چین و ئەمریکا لەسەر کەشوهەوا لە سەروبەندی گەیشتنی پلەکانی گەرما لە سەرانسەری جیهان بۆ ئاستی پێوانەیی دێت، ئەمە بە گوێرەی رێکخراوی کەشناسیی جیهانی. 
 
بەگوێرەی ئاژانسەکانی ئەمریکا و ئەوروپا، مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، گەرمترینی مێژووی تۆمارکراو بووە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، جۆن کێری دەیەوێت لەم سەردانەیدا بۆ پەکین، لەگەڵ بەرپرسانی چین دانوستاندن بکات بۆ پەرەدان و جێبەجێکردنی پلانەکانی COP28 یاخود لووتکەی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت. 
 
نزیکەی 200 وڵات لە ئیمارات بەشداری لە لووتکەکەدا دەکەن بۆ دۆزینەوەی رێگە لە پێناو کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی قەتیسبوونی گەرما و لێکەوتەکانی.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە