لە رووداوێکی تەقەکردندا لە برۆکسل دوو کەس کوژران

رووداو دیجیتاڵ 

لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کە هاوکات ناوەندێکی گرنگی یەکێتیی ئەوروپایە، تەقە لە چەند کەسێک کرا و بەهۆیەوە دوو کەس کوژران. 
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2023، میدیای بەلجیکا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت چەک بە دەستێک بە چاکێتێکی پرتەقاڵییەوە لە شوێنی رووداوەکە رادەکات، دوای ئەوەی بە چەک تەقە لە کۆمەڵێک کەس دەکات. 
 
گوتەبێژێکی نووسینگەی داواکاری گشتیی برۆکسل رایگەیاند کە پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کراوەتەوە تاوەکو ئێستا نازانن پاڵنەری پشت رووداوەکە چی بووە. گوتیشی کە تەقەکەرەکە رایکردووە. 
 
هاوکات، پۆلیسی فیدراڵیی بەرپرس لە کەیسەکانی تیرۆر رایگەیاند، لێکۆڵینەوە ئەگەری ئەوە دەکەن کە ئایا رووداوەکە پەیوەندیی بە تیرۆرەوە هەیە یاخود نا. 
 
وەکو پۆلیسی بەلجیکا باسی دەکات، کاژێر 7:00ـی ئێوارە بە کاتی نێوخۆیی [کاژێر 8:00ـی ئێوارەی بە کاتی هەولێر] لە رووداوێکی تەقەکردن ئاگادار کراونەتەوە. 
 
دوای ئەوە پۆلیس چووە شوێنی رووداوەکە و گەمارۆی شوێنی رووداوەکەی دا. لای خۆیانەوە، تیمەکانی پشکنین دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.