پزیشکانی کورد دەیانەوێت ئەزموونی پێشکەوتووی وڵاتان بهێننەوە هەرێمی کوردستان

16-10-2023
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لووتکەی تەندروستیی جیهانی رۆژی 15ـی تشرینی دووەم دەستی بە کارەکانی کرد و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت. لەو ماوەیەدا 300 کەس گوتار پێشکێش دەکەن. ژمارەیەک پزیشکی کورد بەشدارن و ژمارەیەکیشیان لە هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە ئەڵمانیا بۆ سوودوەرگرتن لە بابەتەکانی ئەو لووتکەیە. 
 
دکتۆر مستەفا کەمال، وەک پزیشکێکی کورد لە لووتکەکەدا بەشدارە و لە هەرێمی کوردستانەوە چووەتە ئەڵمانیا. ئەو پزیشکە کوردە دەڵێت، "دەمانەوێت بە نوێترین تەکنەلۆژیای تەندروستی ئاشنا بین و گوێبیستی ئەزموونی پیشکەوتووی وڵاتان بین بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانە تەندروستییەکاندا." 
 
دکتۆر مستەفا کەمال گوتیشی، "لەو لووتکەیەدا چەندین پانێڵ و گفتوگۆ بەڕێوەدەچن، دەمانەوێت بەشداربین بۆئەوەی سوود وەربگرین و ئەو ئەزموونە لە هەرێمی کوردستان بەکاربهێنینەوە".
 
لە لووتکەکەدا 20 وەزیری تەندروستی و دەیان پسپۆڕ ئامادەن. رێنوێنییەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاریی کەشوهەوا و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە کەرتی تەندروستیدا دوو لە مژارە سەرەکییەکانی لووتکەکەن.
 
رەڤین عەبدوڵڵا، بەرپرسی چالاکییە تەندروستییەکانی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە دهۆک، بەشداری لە لووتکەکەدا کردووە و لەو بارەوە بە رووداوی گوت، "هەرچەندە لەسەر ئەرکی خۆم هاتووم، بەڵام بە گرنگم زانی لەو رووداوە تەندروستییە جیهانییەدا بەشدار بم." 
 
رەڤین عەبدوڵڵا کە پەرستارە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، "بەکارهێنانی ئەزموونی پێشکەوتووی وڵاتان لە بواری تەندروستیدا لەبواری پراکتیکەوە لە هەرێمی کوردستان گرنگە. لە کۆنفرانسەکەدا زۆر بابەت لەبارەی پێشکەوتنە زانستییەکان و ئەزموونی وڵاتان تیشکیان خراوەتەسەر. دەبێت ئێمە ئەو ئەزموونە سەرکەوتووە لەگەڵ خۆمان ببەینەوە هەرێمی کوردستان و بەکاری بهێنین بۆ پێشخستنی کەرتی تەندروستی." 
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ئامانج لەم لووتکەیە بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی چارەسەری داهێنەرانەیە بۆ رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی ئاڵنگارییە تەندروستییەکان. بەگوێرەی رێکخراوەکە، ئەو سیاسەت و توێژینەوانە تاوتوێ دەکرێن کە دەتوانن کێشەکانی پەیوەندیدار بە رەگەزپەرستی و ناڕێکییەکانی بەردەم بڵاوبوونەوەی پەتا چارەسەربکەن. 
 
لووتکەی تەندروستیی جیهانی لە ساڵی 2009 بۆ یەکەمجار لەلایەن زانکۆی شاریتەی ئەڵمانیا رێکخرا، لەو کاتەوە ساڵانە لە مانگی ئۆکتۆبەردا لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە