بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا: شەڕی ڤەنزوێڵا کورتخایەن دەبێت

16-11-2025
بیلال ئەحمەد @belalahmed8787
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەدووری نابینێت ئەمریکا هێرش بۆ سەر ڤەنزوێلا بکات و گۆڕینی دەسەڵاتی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتە بە بەرژەوەندییەکی ستراتیژی ئەمریکا دەزانێت و دەڵێت، ئەگەر شەڕ رووبدات بە بڕوای من لە بەرژەوەندی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا دەبێت، شەڕەکە کورتخایەن دەبێت و لە ماوەیەکی کورتدا مادۆرۆ دووردەخرێتەوە. 
 
ئاشا کاسڵبێری، راوێژکاری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەمیانەی بەشداری لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، ئاماژەی بە بژاردەکانی ئەمریکا بۆ دۆخی ڤەنزوێلا کرد، کە جگە لە بژاردەی سەربازی، بژاردەی دیپلۆماسیش دەتوانێت سەرکەوتووبێت و گوتی، "هەموو پرسەکە لەسەر بڕیاری ترەمپ دەوستێت، کە چ بڕیارێک دەدات، زۆر بژاردە لەسەر مێزی ئەو هەن، کە چۆن بەردەوام دەبێت لە هێرشە ئاسمانییەکان، لە نێوخۆی ئەمریکا زۆر جەخت لەوە دەکرێت، کە هێرشەکان چۆن بکرێن، بیر لەوە دەکرێتەوە، کە هێرشبکرێتە سەر خاکی ڤەنزوێلا یان نا، چونکە مەترسی هەیە دۆخێکی مەترسیدارتر بێتە پێشەوە لەوەی ئێستا هەیە."
 
کاسلبێری باس لە بژاردەی دیپلۆماسیش دەکات، کە ئەمریکا لە ئەزموونی غەززە سەرکەوتنی تێدا بەدەستهێنا و دەڵێت، "ئەمریکا دەتوانێت بە تەواوی پشت بە دیپلۆماسی ببەستێت، بۆ ئەوەی مادۆرۆ بێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی ئەم ململانێیە و چارەسەرکردنی نیگەرانییەکان، هەروەها پیشەسازی نەوتیشی لەدەست دایە کە دەتوانێت وەکو کارتێک بەکاریبێنێت، بەڵام ئەگەر ئەمریکا بیەوێ رژێم بگۆڕێت، ئەوە پرسێکی دیکەیە، مادۆرۆ دەزانێت کە ئەمریکا دەیەوێ رژێمەکەی بگۆڕێت و رایگەیاندووە، ئەم هەنگاوەی ئەمریکا ڤێتنامێکی دیکە دروست دەکات، شەڕێکی دیکەی وەکو ئەفغانستان دروست دەکات، ئەوان (ئەمریکا) توانییان لە غەززە دیپلۆماسی بەکاربێنن و ئیسرائیل و حەماس بێنە سەر مێزی گفتوگۆ، دەتوانن لێرەش ئەوە بکەن. "
 
رۆژی شەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ستراتیژییەتی ئەمریکا بۆ رێگریکردن لە هاتنی مادەی هۆشبەر لە رێگەی دەریاوە شکستیهێناوە، کە چاودێران ئەو لێدوانەی ترەمپیان وەکو رێخۆشکردنێک بۆ هێرشی چاوەڕوانکراوی وڵاتەکەی بۆ سەر ڤەنزوێلا لێکدایەوە. 
 
ئاشا کاسڵبێری ئاماژە بە ئامادەکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ڤەنزوێلا دەکات، کە ئاماژەن بۆ شەڕێکی چاوەڕوانکراو و دەڵێت، "ئەمریکا هێزی کۆکردووەتەوە و کەشتی سەربازی ناردووەتەوە دەریایی کاریبی، تاوەکو ئێستا هێرشی سەر 20 کەشتی کردووە، ئامادەکاری هەر یەک لە ئەمریکا و ڤەنزوێلا لەرووی سەربازییەوە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، وڵاتە کاریبییە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا پشتگیری لە هەر کارێکی سەربازیی ئەمریکا دەکەن." 
 
رۆژی شەممە نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا مانۆڕە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە دەریایی کاریبی نزیک وڵاتەکەی، بە "نابەرپرس" وەسفکردن و رایگەیاند، ئەو مانۆڕانە بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتەکەیەتی و رێگەش بە هیچ وڵاتێک نادات هەڕەشە لە ڤەنزوێلا بکات. 
 
ئەو راوێژکارەی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هۆشداری دەدات، کە هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا رەنگە دەرئەنجامی خراپی هەبێت و گوتی، "هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا هەنگاوێکی مەترسیدار دەبێت، پێویستە بیر لە ئەنجامەکان بکەینەوە و بزانین هێزەکانی مادۆرۆ چۆن وەڵامدەدەنەوەو کاردانەوەیان چی دەبێت، هەروەها پێویستە ئەوەش بزانین کە مادۆرۆ لەم شەڕەدا بەتەنیا نییە، چونکە وڵاتی دیکەی وەکو چین، رووسیا و ئێرانی لەگەڵ دایە و هاوکاری دەکەن." 
 
لەبارەی گۆڕینی دەسەڵاتی مادۆرۆ، ئاشا کاسڵبێری نیگەرانە لە تواناکانی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا، بەڵام بەدووری دەزانێت کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی مادۆرۆ کاتێکی زۆر بخایەنێت و دەڵێت، "ئەگەر بمانەوێ رژێم بگۆڕین دەبێت لەگەڵ هاوپەیمانە کاریبییەکانمان گوشارەکان زیاد بکەین و پشتگیرییە دەرەکییەکان بۆ مادۆرۆ کۆتایی پێبێنین، بەڵام تا ئێستا نەمانتوانیوە ئەوە بکەین، چونکە ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە ناتوانێت گوشارێکی زۆر بکات، ئەگەر شەڕ رووبدات بە بڕوای من لە بەرژەوەندی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا و کورتخایەن دەبێت و لە ماوەیەکی کورتدا مادۆرۆ دووردەخرێتەوە." 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە