سەرۆکوەزیرانی گرینلاند: نامانەوێت ببینە ئەمریکی

17-01-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی گرینلاند دەڵێت، گرینلاند دەیەوێت "هاوبەشێکی بەهێز" بێت بۆ ئەمریکا، بەڵام جەختی کردەوە کە خەڵکی گرینلاند نایانەوێت ببنە ئەمریکی.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ئەم مانگە رایگەیاند، بەدووری نازانێت هێز یان گوشاری ئابووری بەکاربهێنێت بۆئەوەی گرینلاند، کە هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆی دانیمارکە، بکاتە بەشێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
 
ترەمپ پێیوایە ئەوە بۆ ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گرنگە.
 
میوت ئێگید، سەرۆکوەزیرانی گرینلاند دەڵێت، راستە گرینلاند بەشێکە لە کیشوەری ئەمریکای باکوور و هاوپەیمانی رۆژئاوایە، بۆیە ئاسایشی ئەمریکا، ئاسایشی گرینلاندە.
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی، ئێگید گوتیشی، "هەبوونی هاوبەشییەکی بەهێز لەنێوان وڵاتەکانمان بۆ گرینلاند زۆر گرنگە." گوتیشی، "بەڵام دەمانەوێت روون بین، نامانەوێت ببینە ئەمریکی. نامانەوێت ببینە بەشێک لە ئەمریکا، بەڵام دەمانەوێت پێکەوەکارکردنێکی بەهێزمان لەگەڵ ئەمریکا هەبێت."
 
ئێگید داوای سەربەخۆیی بۆ گرینلاند دەکات و دانیمارک وەکو هێزێکی داگیرکەر دەبینێت کە هەمیشە مامەڵەی باشی لەگەڵ دانیشتووانی رەسەنی نەکردووە.
 
سەرۆکوەزیرانی گرینلاند دەڵێت، "خەڵکی گرینلاند دەیانەوێت وەکو گرینلاندی بەشێک بن لە هاوپەیمانیی رۆژئاوا."
 
چاوبڕینی ترەمپ لە گرینلاند دڵەڕاوکێی لە دانیمارک و سەرتاسەری ئەورووپا دروستکردووە.
 
ئەمریکا هاوپەیمانێکی بەهێزی یەکێتیی ئەورووپای 27 ئەندامییە و ئەندامی سەرەکی هاوپەیمانێتی ناتۆیە، زۆر لە ئەورووپییەکان شۆک بوون بەوەی کە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا تەنانەت بیر لە بەکارهێنانی هێز دژی هاوپەیمانێک بکاتەوە.
 
گرینلاند دانیشتووانی 57 هەزار کەسە، بەڵام خاکێکی بەرفراوانە و سەرچاوەی سرووشتیی وەک نەوت، گاز و کانزا دەگمەنەکانی تێدایە کە چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە و توانەوەی بەفرەکەی، زیاتر دەستیان پێ بگات.
 
گرینلاند هەڵکەوتەیەکی ستراتیژی هەیە لە جەمسەری باکوور، کە رووسیا و چین و وڵاتانی دیکە هەوڵی فراوانکردنی پێگەی خۆیانی تێدا دەدەن.
 
گرینلاند، کە گەورەترین دوورگەی جیهانە، لە کیشوەری ئەمریکای باکوورەوە نزیکترە وەک لە دانیمارک.
 
هەرچەندە کۆپنهاگن بەرپرسیارە لە کاروباری دەرەوە و بەرگری، بەڵام ئەمریکاش بەشێک لە بەرپرسیارێتیی بەرگریی گرینلاندی لەئەستۆیە و بنکەیەکی هێزی ئاسمانی لەوێ هەیە.
 
ئێگید گوتی: "شتی زۆرمان هەیە پێشکەشی بکەین. شتی زۆرمان هەیە هاوکاری لەسەر بکەین. بۆیە ئامادەین ئەمریکا بێتە ئێرە و وەبەرهێنان لە کانزاکانماندا بکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە