عەباس عێراقچی لەبارەی گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان: لەسەر کۆمەڵێک بنەما رێککەوتین

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە دوایین گەڕی دانوستاندندا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەسەر "کۆمەڵێک بنەمای" سەرەکی رێککەوتوون کە رێگە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن خۆشدەکەن.
 
رۆژی سێشەممە، 17 شووباتی 2026، عێراقچی بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند: "دواجار توانیمان بگەینە رێککەوتنێکی بەرفراوان لەسەر کۆمەڵێک بنەما. لەسەر بنچینەی ئەو پرەنسیپانە بەرەو پێش هەنگاو دەنێین و دەست بە کارکردن لەسەر دەقی رێککەوتنێکی ئەگەری دەکەین".
 
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: "دەتوانم بڵێم، بەراورد بە گەڕی پێشوو، گفتوگۆی تەواو جیدی کران و کەشەکە بنیاتنەرانە بوو".
 
گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکە رۆژی 6ی ئەم مانگە لە عومان بوو، ئەوەش دوای ئەوەی گفتوگۆکانی ساڵی رابردوو بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە مانگی حوزەیراندا پەکخران، کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی 12 رۆژە.
 
لەو جەنگەدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ماوەیەکی کورت چووە پاڵ ئیسرائیل لە هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێران.
ئەم دانوستانانە لە کاتێکدان، هێزێکی گەورەی ئەمریکا رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کراوە.
 
عێراقچی بە میدیای وڵاتەکەی گوت، هەردوولا رێگایەکیان بە ئاراستەی گەیشتن بە رێککەوتن دەستپێکردووە، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەمە بەو مانایە نییە دەتوانین بە خێرایی بگەینە رێککەوتن".
 
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: "هیوادارین ئەم پرۆسەیە بە زووترین کات تەواو بێت؛ ئامادەین کاتی پێویستی بۆ تەرخان بکەین".
 
عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد کە "کاتی دەوێت بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکانی" نێوان هەڵوێستی هەردوولا، "بەڵام لانیکەم ئێستا کۆمەڵێک بنەمای سەرەکی و رێگایەکی روونترمان لەبەردەستە بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ و هیلاری کلینتن لە دیبەیتێکی پێشوو

ترەمپ و کلینتن لەسەر دۆسیەی ئێپستین هێرش دەکەنە سەر یەکدی

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و هیلاری کلینتن، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەو وڵاتە، لەسەر دۆسیەی جێفری ئێپستین هێرش دەکەنە سەر یەکدی. ترەمپ دەڵێت "بە تەواوی بێبەری کراوە" و کلینتنیش تۆمەتباری دەکات بەوەی هەوڵی "پەردەپۆشکردنی" فایلەکان دەدات.