فیتەرێکی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بە نیازبووە بچێتە ناو داعش

18-03-2015
رێبوار قارەمانی
نیشانەکردن ئەمریکا داعش
A+ A-

رووداو- ئاژانسەكان

تایرۆد ناسان وێبستەر، كە فیتەرێکی پێشووی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکایە، هەوڵیداوە لە رێگەی تورکیا بچێتە ناو سووریا و لەوێ ببێت بە ئەندامی داعش. وێبستەر تۆمەتبارە بەوەی هەوڵی گەیاندنی کەرەستەی سەربازی بە داعش داوە.


گوماندەکرێت وێبستەر لە 10 ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە میسرەوە چووبێت بۆ تورکیا، بۆ ئەوەی لەوێوە بەرەو سووریا و ناو چەکدارانی داعش بچێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەمنی تورکیا رێگەیان پێنەداوە بێتە ناو وڵاتەکەیان و دیپۆرتی میسریان کردووەتەوە، دواتریش لە میسرەوە بەرەو ئەمریکا دیپۆرتکراوە.

سەرچاوەکانی پۆلیسی میسر ئاماژە بە بوونی وێنەی چەکێکی تایبەت لەناو جانتاکەی وێبستەر دەکەن.

لە راپۆرتی پشکنینی لاپتۆپی تایرۆد ناسان وێبستەر ئاشکراکراوە، کە ئەو بە بەردەوامی گەڕاوە بە دوای ئەوەدا بزانێت، ئاخۆ کام سنوور و خاڵی سنووری لەلایەن داعش کۆنترۆڵکراوە و هەروەها چەندەها ڤیدیۆی سەربڕینەکانی داعش لەسەر لاپتۆپەکەی هەبووە.

بە گوێرەی پۆستەکانی وێبستەر، لەسەر تۆڕە کۆمەڵاتییەکان، ئەو حەزی لێنەبووە بگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا، ئەگەرچی خانەوادەکەی لەوێ دەژین.

بەگوێرەی دۆکیۆمێنتی دادگا، وێبستەر لە ساڵی 1986 ەتا 1990 لە هێزە ئاسمانییەکاندا کاری کردووە و راهێنانی لەسەر چۆنێتی دانانی مەکینەی فڕۆکە پێکراوە.
بە گوێرەی حوکمی دادگا، ئەو فیتەرە لە ساڵی 2014 لە کاری خۆی لە هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە کوێت لادراوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە