17-03-2020
01:44
بەهۆی کۆرۆناوە سعودیە مزگەوتەکان دادەخات
ئاژانسی فەرمیی سعودیە: بڕیاری داخستنی مزگەوتەکان هەردوو مزگەوتی پیرۆزی مەککە و مەدینە ناگرێتەوە. وێنە: AFP
سعودیە رایگەیاندووە، چیدیکە مزگەوتەکان بۆ نوێژی بەکۆمەڵی رۆژانە و هەینی کراوە نابن، ئەمەش بەمەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا کە تاوەکو ئێستا 171 کەس تووشی بوون.
بەپێی ئاژانسی فەرمیی سعودیە، بڕیاری داخستنی مزگەوتەکان هەردوو "مزگەوتی پیرۆزی مەککە و مەدینە" ناگرێتەوە و بانگدانیش لە مزگەوتەکان بەردەوامدەبن.
جگە لە راگرتنی نوێژە بەکۆمەڵەکان، سعودییە گەشتەکانی عومرە و گەشتە ئاسمانییەکانی راگرتووە، هەروەها قوتابخانە و ئەو شوێنە گشتییانەی داخستووە کە بۆ بەسەربردنی کاتن.
پێشتریش کارمەندانی دەزگا حکومییەکانی سعودییە بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا هەڵپەسێردراون جگە لە کەرتەکانی تەندروستی، سەربازی و ئەمنی.
هاوکات سعودییە داوای لە وڵاتانی گرووپی G20 کردووە کۆبوونەوەیەک لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن.
لە سعودیە تاوەکو ئێستا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هیچ کەسێک گیانی لەدەستنەداوە و لە کۆی 171 تووشبوو شەش کەسیان چاکبوونەتەوە.
00:45
حکومەتی چین رۆژنامەڤانە ئەمریکییەکان لە وڵاتەکەی دەردەکات
حکومەتی چین رۆژنامەڤانە ئەمریکییەکانی سەر بە نیویۆرک تایمز، وۆڵ ستریت جۆرناڵ و واشنتن پۆست لە وڵاتەکەی دەردەکات. وێنە: Reuters
حکومەتی چین رۆژنامەڤانە ئەمریکییەکانی سەر بە نیویۆرک تایمز، وۆڵ ستریت جۆرناڵ و واشنتن پۆست لە وڵاتەکەی دەردەکات، بڕیارەکەش دوای پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان پەکین و واشنتن هات لەسەر چۆنێتی رووماڵکردنی پرسی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
چین ئەو سێ میدیا ئەمریکییە لەگەڵ گۆڤاری تایم و دەنگی ئەمریکای تۆمەتبارکرد بە خستنەڕووی وردەکاری لەسەر کارەکانی تایبەت بە حکومەتی وڵاتەکە لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەو هەنگاوەی وڵاتەکەی بە "تەواو پێویست" وەسفکرد و گوتی "ئەم هەنگاوانە بریتین لە کاردانەوەی دوولایەنانە، چونکە چین ناچارە کاردانەوەی هەبێت بەرامبەر بەو چەوساندنەوەیەی کە لە دامەزراوە میدیاییە چینییەکان دەکرێت لە ئەمریکا".
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی چین دەشڵێ "ئەم هەنگاوانە یاسایین و لە هەموو لایەکەوە بە بەرگریکردنێکی رەوا لە خۆمانی دەبینین. ئەوەی کە ئەمریکا دەیکات ئەوەیە کە بە دیاریکراوی دامەزراوە میدیاییە چینییەکان بەئامانج دەگرێت، ئەوەش عەقڵیەتی جەنگی سارد و ئایدۆلۆژیی ئەوانەوە سەرچاوەی گرتووە".
حکومەتی چین داوای لە هەموو ئەو رۆژنامەڤانە ئەمریکییانە کرد کە مۆڵەتی کارکردنی رۆژنامەڤانییان پێش کۆتاییهاتنی 2020 بەسەردەچێت، لە ماوەی چوار رۆژدا فەرمانگەی زانیاریی سەر بە وەزارەتی دەرەوە ئاگاداربکەنەوە و لە 10 رۆژی داهاتوودا کارتەکانیان رادەستبکەنەوە".
لە کاردانەوەی ئەو هەنگاوەی حکومەتی چیندا، مارتی بارۆن، ئیدیتەری جێبەجێکاری واشنتن پۆست رایگەیاند "بڕیارەکە جێگەی داخە چونکە لە ناوەڕاستی قەیرانێکی جیهانیدا دێت کە پێشتر شێوەی نەبووە. لەکاتێکدا زانیاریی روون و باوەڕپێکراو لەسەر کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان گرنگە بۆ رای گشتی".
00:37
سەرۆکی ئیسرائیل بۆ هاووڵاتییان: لە ماوەی قەدەخەی هاتووچۆ مەچنە سەیران و ڤایرۆسەکە بە جدی وەرگرن
رەئوڤێن ریڤلین، سەرۆکی ئیسرائیل. وێنە: AP
سەرۆکی ئیسرائیل گلـلەیی لە هاووڵاتییەکانی دەکات کە رێکارەکانی خۆپاراستن لە کۆرۆنا بەکاردەهێنن بۆ پیاسەکردن و بەسەربردنی کات لەسەر کەناراوەکانی وڵاتەکە.
رەئوڤێن ریڤلین، سەرۆکی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا بێزاریی خۆی بەرامبەر بەکەم سەیرکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن هاووڵاتییانەوە دەربڕی، داوایلێکردن واز لە سەیران و گەشتکردن بهێنن و مەترسیی ڤایرۆسەکە بە جددی وەرگرن.
سەرۆکی ئیسرائیل دەڵێت "سنووردارکردنی هاتووچۆ، پشوو نییە. داوا لە هەمووتان دەکەم بەباشی چاودێریی تەندروستیی خۆتان بکەن".
لە ئیسرائیل تاوەکو ئێستا 324 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا ژمارەی تووشبووان بە خێرایی بەرزبووەتەوە، ئێستاش شارەزایانی ئەو وڵاتە هۆشداری دەدەن کە هەفتەکانی داهاتوو سەختتر دەبن.
00:11
وەزیری تەندروستیی تورکیا هەواڵی گیانلەدەستدانی یەکەم کەسی بەهۆی کۆرۆنا راگەیاند و دەڵێ، ژمارەی تووشبووان لە تورکیادا گەیشتووەتە 98 کەس.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی تایبەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا رایگەیاند، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی 89 ساڵە و رۆژی 17ی ئادار 51 کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و ژمارەی تووشبووان لە وڵاتەکەدا گەیشتووەتە 98 کەس.
وەزیری تەندروستیی تورکیا شوێنە قەرەباڵخەکانی بە مەترسیدارترین ناوەند بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ناوبرد و داوای لە خەڵک کرد بە باشی رێنماییەکان جێبەجێبکەن.
23:56
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا: گەشبینم کە ئەمساڵ ڤاکسینێک دژی کۆرۆنا بەرهەمبهێنرێت
ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا. وێنە: AFP
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆمپانیایەكی تەکنەلۆجیای زیندەیی ئەڵمانی رایگەیاند، گەشبینە بەوەی ئەمساڵ کۆمپانیاکە بتوانێت ڤاکسینێک لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرهەمبهێنێت.
کۆمپانیاکە بەناوی CureVacـە و 80 ملیۆن یۆرۆی لە یەکێتیی ئەوروپا وەرگرتووە وەکو هاوکارییەکی دارایی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆزینەوەی ڤاکسینەکە.
ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەبارەی کۆمپانیاکە رایگەیاند "ئەوان بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیایەکی هیوابەخش کار لەسەر پەرەپێدانی ڤاکسینێک دەکەن دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا".
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا گوتیشی "یەکێتیی ئەوروپا نزیکەی 80 ملیۆن یۆرۆیان پێدەدات، هیوادارم بەو هاوکارییە بتوانین ڤاکسینێک بخەینە بازاڕەوە، رەنگە پێش پایز ئەوە رووبدات، ئەوەش ژیانی خەڵکی ئەوروپا و سەرانسەری جیهانیش دەپارێزێت".
کۆمپانیای CureVac ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە گوایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی بۆ کردبن کە تێچووی بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە بگرێتە ئەستۆ، بەمەرجێک هەموو مافەکانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن پێوەی پارێزراوبن بۆ ئەو. حکومەتی ئەڵمانیاش دەڵێت ئەوان خۆیان "مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەن".
سەرەڕای هەوڵەکان و تاقیکردنەوە سەرەتاییەکان، تاوەکو ئێستا هیچ ڤاکسینێک دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەدۆزراوەتەوە.
ئێستا ئەوروپا لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە بە چەقی نوێی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دادەنرێت، بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپاش کەوتوونەتە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکدی بۆئەوەی رێکاری کاریگەر دژی ڤایرۆسەکە بگرنەبەر و تووشبووان لە دانیشتووانی دیکە دووربخەنەوە.
22:36
ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا گەیشتە 31 هەزار و 506 کەس
ئەمڕۆ سێشەممە 17-3-2020 ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا سێ هەزار و 526 کەس زیادیکرد و کۆی ژمارەی تووشبووان گەیشتە 31 هەزار و 506 کەس.
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیاش دەڵێت، تسۆنامی کۆرۆنا هیچ وڵاتێکی ئەوروپا وەکو خۆی ناهێڵێتەوە.
لە تەواوی وڵاتانی ئەوروپا زیاتر لە 71 هەزار تووشبووی کۆرۆنا هەیە کە سێ هەزار و 330 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش داوای بڕیاری ئازایانە لە وڵاتانی ئەوروپا دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا.
هەر ئەمڕۆ 345 کەسی دیکە لە ئیتاڵیا گیانیان لەدەستدا، بەوەش کۆی ژمارەی مردووان بەهۆی کۆرۆنا لە وڵاتەکە گەیشتە دوو هەزار و 503 کەس.
20:36
پشکنینی پێنج گومانلێکراوەکەی کەرکووک دەرچوو؛ تووشی کۆرۆنا نەبوون
پێنج کەس لە کەرکووک لە کەرەنتینەدابوون و گومانی تووشبوون بە کۆرۆنایان لێدەکرا، پشکنینیان بۆ ئەنجامدرا و ئەنجامی پشکنینەکان دەریدەخەن کە هەڵگری ڤایرۆسەکە نین.
دکتۆر سەباح نامیق، بەڕێوەبەری بەشی تەندروستی لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمشەو کاژێر 08:00 پشکنینی پێنج گومانلێکراو گەڕانەوە کە پێشتر جیاکرابوونەوە و گومانی ئەوەیان لێدەکرا هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبن، بەڵام ئەنجامی پشکنینەکە نێگەتیڤ دەرچوو".
دکتۆر سەباح نامیق نەخۆشەکان چوارییان لە نەخۆشخانەی کەرکووکی گشتی و یەکێکیان لە نەخۆشخانەی ئازادی بوون.
19:59
نووسەرێک 40 ساڵ لەمەوبەر پێشبینیی ڤایرۆسی کۆرۆنای کردووە
دین کۆنتز، نووسەری رۆمانی "چاوەکانی تاریکی"
لە ساڵی 1981دا، روومانی رۆماننووسێکی ئەمریکی بڵاوکرایەوە کە باس لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێكی کوشندە دەکات کە لە شاری ووهانی چین سەرهەڵدەدات.
دین کونتز، رۆماننووسی ئەمریکی لە ساڵی 1981دا رۆمانی "زە ئایز ئەڤ دارکنێس The Eyes of Darkness"، واتە "چاوەکانی تاریکی"ی نووسی، تێیدا باس لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێك بەناوی وهان-400 دەکات.
لە رۆمانەکەی کونتزدا، ڤایرۆسی ووهان-400 لە سییەکان و بۆریی هەناسەی مرۆڤەکان دەدات و دەیکوژێت، هیچ دەرمانێكیش ناتوانێت چارەسەری بکات و ڤایرۆسەکە توانای دەربازبوون لە هەموو ڤاکسینێکی هەیە.
لە چاپە سەرەتاییەکانی رۆمانەکەدا، ناوی ڤایرۆسەکە بە گۆرکی-400 هاتووە، بەڵام لە چاپی ساڵی 1989 و لەدوای کۆتاییهاتنی شەڕی ساردی نێوان یەکێتیی سۆڤیەتی جاران و ئەمریکا، دین کونتز ناوی ڤایرۆسەکەی لە گۆرکی-400وە بۆ ووهان-400 گۆڕی و هەندێک کەس پێشبینیی ئەوە دەکەن کە لەوانەیە کونتز بەجۆرێك لە جۆرەکان پێشبینیی ئەوەی کردبێ کە لە ساڵی 2020دا ڤایرۆسێک لە شاری ووهانی چین سەرهەڵبدات و هەڕەشە لە مرۆڤایەتی بکات.
19:53
حکومەتی چین گڵۆپی سەوزی بۆ توێژەران هەڵکرد لە تاقیکردنەوەی ڤاکسینی دژی کۆرۆنا لەسەر مرۆڤ، ئێستا نۆڕینگەکانی تاقیکردنەوە مۆڵەتیان پێدراوە پەرە بە ڤاکسین بدەن بۆ کوشتنی ڤایرۆسە کوشندەکە (کۆرۆنا).
میدیای سەر بە پارتی کۆمۆنیستی گەلی چین بڵاویکردەوە، مۆڵەتدراوە بە چێن وی، بەڕێوەبەری ئەکادیمیای زانستیی پزیشکی سەربازی کە سەرپەرشتی پەرەپێدانی ڤایرۆسەکانی دژ بە کۆرۆنا بکات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە داتابەیسی تۆمارکردنی ناوی کەسەکان لە کلینیکێکی چین وەرگیراون، 108 کەس ناویان نووسراوە تاوەکو ڤاکسینەکەیان لەسەر تاقیبکرێتەوە لە 16ـی ئازار تاوەکو 31ـی دیسێمبەر. و بە سەرپەرشتیی ئەکادیمیای زانستیی پزیشکی سەربازی پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت.
ئەمە لەکاتێکدایە بەرپرسانی تەندروستیی جیهانی دەڵێن، چاوەڕوانی ئەوە ناکەن تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو ڤاکسینی تەواوی دژی کۆرۆنا بەردەست بێت.
وڵاتانی پێشکەوتوو لە رووی پزیشکییەوە لە کێبکڕێییەکی چڕ و پڕی یەکدیدان بۆ دروستکردنی ڤاکسین و شەڕ لەسەر کات دەکەن بۆ دۆزینەوەی زووتری ڤاکسینەکە.
ئەمریکا دەستپێشخەری کرد و دوێنێ دووشەممە 16ـی ئادار تاقیکردنەوەی پێکووتەیەکی لەسەر 45 گەنج ئەنجامدا.
ترەمپ هەوڵیدا کۆمپانیای کیورڤاکی ئەڵمانی بکڕێت و تاقیگەکانیشی بگوازێتەوە ئەمریکا بۆ ئەوەی کار لەسەر دۆزینەوەی ڤاکسین بۆ کۆرۆنا بکەن، بەڵام ئەڵمانیا لەترسی ئەوەی ئەمریکا ڤاکسینەکە بە نیشتیمانی بکات، رەتیکردەوە تاقیگەکە بە ئەمرکا بفرۆشێت.
19:48
سەرۆکی ئەمریکا لە توویتێکدا ڤایرۆسی کۆرۆنا بە "ڤایرۆسی چینی" ناودەبات و ئەمەش چین تووڕەدەکات، جینگ شوانگ، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی چین هۆشداریی دا و رایگەیاند، دەبێت ئەمریکا پێش باسکردنی چین بە خراپی "سەرقاڵی کاری خۆی بێت".
توویتەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە یەکەمین کەیسی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا (ناسراو بە COVID-19) لە شاری ووهان لە چین لە کۆتایی ساڵی 2019 تۆمارکرا.
سەرۆکی ئەمریکا لە توویتەکەیدا دەڵێت "ئەمریکا بە شێوەیەکی بەهێز پاڵپشتیی پیشەسازییەکانی وەکو هێڵە ئاسمانییەکان و پیشەسازیی دیکە دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی کاریگەریی ڤایرۆسی چینی-یان لەسەرە. ئێمە لە هەرکاتێکی دیکە زیاتر بەهێزترین!"
جینگ شوانگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاندووە "داوا لە ئەمریکا دەکەین هەڵەکەی راستبکاتەوە و دەستهەڵگرێت لە تۆمەتە بێبنەماکانی لە دژی چین".
هاوکات ئاژانسی فەرمیی شینخوای سەر بە حکومەتی چین رایگەیاندووە، زمانی ترەمپ زمانێکی "نەژادپەرستی و زێنۆفۆبیایە (ترس لە بیانی)".
هەفتەی رابردووش گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی چین سوپای ئەمریکای تۆمەتبارکرد بە هێنانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ شاری ووهان، ئەوەش وای لە مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی چین کرد کە داوا لە چین بکات دەستهەڵگرێت لە "بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست".
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریی دەدات و دەڵێت، نابێت ڤایرۆسەکە بلکێنرێت بە هیچ شوێن و گرووپێکی تایبەتەوە.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 190 هەزار کەس لە جیهاندا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش حەوت هەزار و 516 کەس گیانیان لەدەستداوە و 80 هەزار و 643 کەسیش چاکبوونەتەوە.
لە چین ژمارەی تووشبووان 81 هەزار و 58 کەسە، سێ هەزار و 230 کەس گیانیان لەدەستداوە و 68 هەزار و 798 کەس چاکبوونەتەوە. لە ئەمریکاش پێنج هەزار و 204 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، 92 کەس گیانیان لەدەستداوە و 17 کەس چاکبوونەتەوە.
19:05
لە فەرەنسا شەش هەزار و 622 کەس تووشی کۆرۆنا بوون و 148 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و زیاتر بڵاونەبوونەوەی، دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆ و کەرەنتینکردنی هەموو وڵاتیان دا.
بڕیاری کەرەنتینکردنی هەموو وڵات لەدوای گوتارێكی ئیمانوئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا هات کە تێیدا رایگەیاند: وڵاتەکەی رووبەڕووی شەڕێکی تەندروستیی مەترسیدار بووەتەوە و داواشی لە هاووڵاتییانی کرد هاوکاری حکومەت بن لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
ماکرۆن دەڵێت، بەهۆی بەخێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیاردرا بە سنووردارکردنی جووڵەی خەڵک لە هەموو فەرەنسا بۆماوەی 15 رۆژ. لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا رێککەوتوون لەسەر داخستنی سنووری وڵاتانی ناوچەی شینگن و جەختیشی کردەوە لە گرنگی پێكەوەکارکردن و هەستکردن بە بەرپرسیاریێتی تاوەکو بتوانن رووبەڕووی ئەو نەخۆشییە ببنەوە.
لەچوارچێوەی پلانی حکومەتی فەرەنسا بۆ رووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیاردرا بە دواخستنی خولی دووەمی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان. هەروەها هانی کۆمپانیاکانیانداوە بۆ پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ کارمەندەکانی وەک رێگەدان بە ئەنجامدانی کارەکانیان لەدوورەوە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە.
18:56
ئێران: ملیۆنان هاووڵاتیمان دەمرن ئەگەر واز لە هاتووچۆکردن نەهێنن
ئێران تووندترین هۆشداری بە هاووڵاتیانی خۆی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دا و رایدەگەیێنێت، رەنگە "ملیۆنان" هاووڵاتی ئێرانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستبدەن ئەگەر بێتو واز لە هاتووچۆکردن نەهێنن و رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ نەکەن.
ئەم هۆشدارییە لەلایەن ئەفرۆز سەلامی، پزیشکی راگەیاندکار لە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوکرایەوە، ئەوەش شەوێک دوای ئەوەی هەندێ لە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە بە زۆر خۆیان گەیاندە نێو ئەو مەزارگە پیرۆزانەی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە داخرابوون.
بە گوتەی ئەو پزیشکە، ئەگەر بێتو خەڵکی ئێران هاوکاربێت لەگەڵ حکومەت و پابەند بن بە رێنماییەکان، ئەوان 120 هەزار کەس تووشی کۆرۆنا دەبن و لەو ژمارەیەش 12 هەزار کەس دەمرن.
دکتۆر ئەفرۆز سەلامی دەشڵێت، ئەگەر "دامەزراوە تەندروستییەکان سەرکەوتوو نەبن، چوار ملیۆن کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن و سێ ملیۆن و 500 هەزار تووشبووش گیان لەدەستدەدەن".
هاوکات ئەمڕۆ، سێشەممە رێبەری گشتیی ئێران فەتوایێکی دەرکرد و رایگەیاند، هاتووچۆکردن بەبێ هۆ بەنێو وڵاتدا لە سەردەمی کۆرۆنادا، "سەرپێچیێکی ئایینییە".
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 18 هەزار تووشبووی ڤایرۆسەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن کە لە %90 ـیان لە ئێران تۆمارکراون.
حکومەتی ئێران چەندین رێکاری نوێی گرتووەتە بەر بۆ پشکنینی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بە بۆنەی نەورۆز و پشووی سەری ساڵی ئێران لە شارە گەورەکان بڕۆنە دەرەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دوودڵ بووە لە کەرەنتینکرن یاخود سەپاندنی قەدەخەی هاتووچۆی گشتی بەسەر ئەو ناوچانەدا.
هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئەمڕۆ دوایین ئامارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای خستەڕوو کە دەریدەخەن لە 24کاژێری رابردوودا 135 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 187 کەسی دیکەش تووشی ڤایرۆسەکە بوون. بەمەش کۆی گشتی مردووان بەهۆی ڤایرۆسەکە گەیشتە 988 کەس و سەرجەمی تووشبووانیش بۆ 16 هەزار و 169 کەس بەرزبوونەوە.
18:24
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا (COVID-19) خواستێکی یەکجار زۆر لەسەر ماڵپەڕی بازاڕکردنی ئۆنلاینی کۆمپانیای ئەمازۆن دروستبووە، بەو هۆیەشەوە کۆمپانیاکە رایگەیاند، 100 هەزار کارمەندی نوێ دادەمەزرێنێت.
دەیڤ کلارک، جێگری یەکەمی ماڵپەڕی ئەمازۆن لە راگەیێندراوێکدا ئەوەی ئاشکراکردووە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێوەیەکی بەرچاو خواست لەسەر بازاڕکردنی ئەلکترۆنی زیادیکردووە، ئەمەش وایکردووە پێویستیان بە هێزی کاری زیاتر هەبێت.
جێگری یەکەمی ماڵپەڕی ئەمازۆن ئەوەی خستووەتەڕوو کە بۆ دابینکردنی خواستی کڕیارەکانیان بۆ کۆگاکان و تۆڕی دابەشکردن، 100 هەزار کارمەند دادەمەزرێنن کە بەشێوەی دەوامی تەواو و نیو دەوام کاردەکەن.
جێگری یەکەمی ماڵپەڕی ئەمازۆن لەبارەی زیادکردنی مووچەی کارمەندەکانی ئەمازۆن، ئاماژەی بەوە کردووە کە زیاتر لە 350 ملیۆن دۆلار تەرخاندەکرێت؛ هەروەها بۆ کارمەندەکانیان لە ئەمریکا، دوو دۆلار، بۆ کارمەندەکانیان لە بەریتانیا، دوو پاوەند، بۆ کارمەندەکانیان لە ئەوروپا نزیکەی دوو یۆرۆ بۆ کرێی هەر کاژێرێکی کارکردن زیاد دەکرێت.
ئەمازۆن کۆمپانیایەکی بازاڕکردنی ئەمریکییە و ساڵی 1994 لەلایەن جێف بیزۆس دامەزراوە. کۆمپانیاکە ماڵپەڕێکی ھەیە بۆ فرۆشتن بە شێوەی ئۆنلای؛ ئامێری کارەبایی، جلوبەرگ، مۆبایل، کۆمپیوتەر، فیلم، گۆرانی، ئامێری وەرزشی و چەندەھا کەلوپەلی جۆراوجۆر و ھەمەچەشن دەفرۆشرێن.
کڕیاران دەتوانن لەڕێگەی ھەژماری بانکییەوە کەلوپەلەکان بکڕن.
17:54
لە مالیزیا بەر لە راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ، خەڵک بە لێشاو روو لە بازاڕەکان دەکەن
لە مالیزیا بەر لە راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ، خەڵک بە لێشاو روو لە بازاڕەکان دەکەن
لە مالیزیا بەر لە راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ، خەڵک بە لێشاو روو لە بازاڕەکان دەکەن و خواردن و پێویستییەکانیان دەکڕن؛ لەوە دەترسن داخرانی بازاڕەکان بۆماوەیەکی زۆر درێژە بکێشێت.
رۆژی سێشەممە 17-03-2020 دانیشتووانی کوالالامپووری پایتەختی مالیزیا بە لێشاو روویان لە مۆڵ و بازاڕەکان کرد. چییان پێویست بوو کڕییان و رەفە و کۆگاکانی مارکێتەکانیان بەتاڵ کردن و هەرچی هەبوو بردیانەوە ماڵەکانیان.
چوونی خەڵک بۆ بازاڕەکان و کڕینی ئەو هەموو شتە لە کاتێکدایە بڕیارە حکومەتی مالیزیا بۆ رێگریکردن لە بڵابوونەوەی ڤایرۆرسی کۆرۆنا قەدەخەی هاتووچۆ لە وڵاتەکەیدا رابگەیێنێت و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دابخات.
بڕیاری راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ و داخستنی بازاڕەکانیش لە مالیزیا لەدوای ئەوە هات کە رۆژ لەدوای رۆژ ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر دەبن.
ئێستا لە مالیزیا 566 کەس هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان تاوەکو ئێستا 42 کەسیان چاک بوونەتەوە و هیچ حاڵەتێکی مردنیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە تۆمار نەکراوە.
17:22
ئەڵمانیا و کەنەدا داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن لەماڵ نەچنە دەرەوە
کۆرۆنا لە ئەڵمانیا و کەنەدا بڵاوبووەتەوە، کەنەدا سەرەڕای داخستنی سنوورەکانی بەڕووی کەسی بیانیدا، جگە لە ئەمریکا، چیلی و کۆڵۆمبیا. داواش لە هاووڵاتییانی دەکات لە ماڵەکانیان بمێننەوە.
لە کەنەدا 439 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
ئەڵمانیاش کە هاوکات کێبڕکێ لەگەڵ وڵاتانی دیکەی پێشکەوتوو دەکات بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا خاوەنی حەوت هەزار و 689 تووشبووی کۆرۆنایە و زیاتر لە 20 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
ئەڵمانیاش داوا لە هاووڵاتییانی دەکات لە ماڵەکانیان بمێننەوە.
17:13
سنوورەکانی نێوان فەرەنسا و ئیسپانیا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دادەخرێن
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا، سنوورەکانی نێوان زۆربەی وڵاتەکان داخراون و رێگە بە هاتووچۆی خەڵکی ئاسایی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە نادرێت.
لە سنووری نێوان فەرەنسا و ئیسپانیا داخراوە. حکومەتی ئیسپانیا لە ناوچە سنوورییەکان رێکاری تووندی گرتووەتەبەر؛ هەموو ئەو کەسانە دەپشکنێت کە لە فەرەنساوە دەچنە ئیسپانیا.
فەرەنسا و ئیسپانیا یەکێکن لەو دوو وڵاتە ئەوروپیانەی لە دوای ئیتاڵیا زۆرترین تووشبووی کۆرۆنایان لێ تۆمارکراوە و رۆژانەش خەڵکی زیاتر تووشدەبن.
بۆ رێگریکردن لە گوازرانەوەی ڤایرۆسەکەش، بەدەر لە داخستنی سنوورەکان، هاوکات هەردوو حکومەتەکانی ئیسپانیا و فەرەنسا باری نائاسایی و قەدەخەی هاتووچۆیان لە وڵاتەکانیاندا راگەیاندووە.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە شەش هەزار و 600 کەس لە فەرەنسا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و 148 کەسیش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
لە ئیسپانیایش ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا 11 هەزار کەسی تێپەڕاند و نزیکەی 300 کەسیش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە
17:05
ئەمڕۆ سێشەممە 19 کەسی دیکە لە هۆڵەندا بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا و کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 43 کەس. هاوکات هەزار و 705 کەس تاوەکو ئێستا تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
دوێنێ لە گوتارێکیدا، مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە هۆشداریدا کە زۆربەی دانیشتووانی وڵاتەکە تووشی ڤایرۆسەکە دەبن و بەو هۆیەوە وەک زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند.
16:01
لیژنەکانی پشکنین و بەدواداچوونی سەر بە وەزارەتی خوێندنی تەندروستی چوار کارگەی دروستکردنی پێداویستیی پاککەرەوەیان لە هەولێر داخست.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی هەڵمەتی گەڕان و پشکنینی لیژنەکانیان، بەهۆی پابەند نەبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان، چوار كارگەی دروستكردنی پێداویستی پاككردنەوە و تەعقیمكردنیان لە هەولێر داخست و خاوەنەکانیشیان سزا دەدرێن.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە، لیژنەکانیان بەردەوامن لە گەڕان و پشکنین و بەدواداچوون بۆ نرخ و رێنماییە تەندروستییەکان.
وەزارەتی تەندروستی جەختی لەوە کردووەتەوە، هەر شوێنێک پابەند نەبێت، دادەخرێت و رێکاری یاسایی تووند لە دژیان دەگیردرێتەبەر.
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، لەکاتی بینینی هەر سەرپێچی و پابەندنەبوونێک بە رێنماییەکانەوە ئاگاداریان بکەنەوە.
15:38
وەستا حەسەن: زیاتر لە 100 کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی لە سنوور دەستگیرکراون
وەستا حەسەن: زیاتر لە 100 کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی لە سنوور دەستگیرکراون
بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، زیاتر لە 100 کەس بە تۆمەتی بەقاچاخهێنانەوەی هاونیشتمانییان دەستگیرکراون.
وەستا حەسەن، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخستنی هاتوچۆ و بڕیاری کەرەنتینەکردنی ئەو هاونیشتمانییانەی لە دەرەوە دەگەڕێنەوە، زیاتر لە 100 کەس بە تۆمەتی بەقاچاخهێنانەوەی هاونیشتمانییان دەستگیرکراون و ئێستا دەستبەسەرن".
بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، "هێزە ئەمنییەکان لەسەر سنوور بڵاوەیان پێکراوە، چونکە تاوەکو ئێستاش قاچاخچێتی هەر ماوە، بەڵام چاوپۆشی لە هیچ کەسێک ناکرێت و سەرجەمیان دادگایی دەکرێن".
وەستا حەسەن ئەوەی خستەڕوو، ئەو کەسانە بە پێی ماددەکانی 76ی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و 10ی بازرگانی راگیراون.
15:22
لە هەولێر و سلێمانی زیاتر لە 2100 مۆڵەتی شوفێری و ساڵیانەی ئۆتۆمبێل دەستیان بەسەردا گیراوە
لە هەولێر و سلێمانی زیاتر لە 2100 مۆڵەتی شوفێری و ساڵیانەی ئۆتۆمبێل دەستیان بەسەردا گیراوە
لە ماوەی قەدەخەی هاتووچۆدا تەنیا لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی دەست بەسەر زیاتر لە دوو هەزار و 100 مۆڵەتی شوفێری و ساڵانەی ئۆتۆمبێل و زیاتر لە 76 ئۆتۆمبێلدا گیراوە.
عەمید فەرەیدون عومەر، بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ، لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی و لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا دەستمان بەسەر دوو هەار و 15 مۆڵەتی شۆفێری و ساڵانەی ئۆتۆمبیلدا گرتووە کە لە وهاونیشتمانییانە وەرگیراون کە لەنێو شار و لەکاتی قەدەخەی هاتووچۆدا ئۆتۆمبێلیان بەکارهێناوە".
بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، "تەنیا هێزە ئەمنییەکان، پۆلیسی هاتووچۆ، رۆژنامەڤان و ئەو کەس و لایەنانە مۆڵەتی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلیان هەیە کە لە بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆدا ناویان هاتووە. هەروەها تیمەکان رێگەیان بەو كۆمپانیا و كەسانە داوە كە پێداویستیی رۆژانەیان بۆ فرۆشگەکان گواستووەتەوە یان ئەو هاونیشتمانیانەی کە نەخۆشیان پێبووە و بردوویانە بۆ نەخۆشخانەکان".
بەپێی راگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێریش تەنیا لە شەوی رابردوودا بەهۆی سەرپێچیی بڕیار و رێنماییەکانەوە 76 ئۆتۆمبێل و 83 ساڵانە و مۆڵەت دەستیان بەسەرداگیراوە.
هەروەها لە راگەیێندراوەکەی پارێزگای هەولێردا باس لەوە کراوە، "نزیکەی 672 ئۆتۆمبێلیش سزای "ئێس ئێم ئێس" دراون، هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەش کە دەستیان بەسەرداگیراوە و ئەوانەشی ساڵانە و مۆڵەتیان لێوەرگیراوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆوە سزا و رێکاری یاسایی پێویستیان بەرامبەر گیراوەتەبەر".
15:11
وەزارەتی تەندروستی: 21 تووشبوونی نوێ بە کۆرۆنا لە عێراق تۆمار کران
وەزارەتی تەندروستی: 21 تووشبوونی نوێ بە کۆرۆنا لە عێراق تۆمار کران
ڕۆژی سێشەممە 17-03-2020 وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "21 تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگاکانی بەغدا، بەسرە، کەربەلا و واست تۆمارکران".
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "تێکرای ژمارەی تووشبوان بە کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتە 154 تووشبوو کە تاوەکو ئێستا 41 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و 11 تووشبووشیان گیانیان لەدەستداوە".
بەپێی ئامارەکان تاوەکو ئێستا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 80 وڵات بڵاوبووەتەوە و زیاتر لە 183 هەزار کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون و لەو ژمارەیەش زیاتر لە حەوت هەزار و 167 تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە.
15:06
وەزارەتی ناوخۆ: هەر شۆفێرێک پێشێلی قەدەخەی هاتووچۆ بکات 100 هەزار دینار سزا دەدرێت
شەقامی قەڵاتی هەولێر دوای راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ، وێنە؛ بڵند تاهیر - رووداو
دوای ئەوەی بەشێک لە شۆفێران پابەندی رێنماییەکان نەبوون و پێشلی هاتووچۆیان کرد، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەر کەسێک جاری یەکەم پێشلێکی هاتووچۆ بکات بە بڕی 100 هەزار دینار سزا دەدرێت.
لە نوێترین راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی لەسەرە، سەبارەت بەو شۆفێرانەی پێشێلی قەدەخەی هاتووچۆ دەکەن هاتووە:
یەکەم: پێبژاردنی بڕی 100 هەزار دینار بۆ ئەو شۆفێرانەی کە بە ئۆتۆمبێلەکانیان پێشێلی هاتووچۆ دەکەن بۆ جاری یەکەم.
دووەم: دەست بەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی ئەو شۆفێرانەی کە بە ئۆتۆمبێلەکانیان پێشێلی هاتووچۆ دەکەن بۆ ماوەی پێنج رۆژ و پێبژاردنیان بە بڕی 300 هەزار دینار بۆ جاری دووەم.
سێیەم: ئەم بەیانە لە رۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێدەکرێت.
سەرەتا قەدەخەی هاتووچۆ بۆ ماوەی 48 کاژێر راگەیێندرا، دواتر بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان قەدەخەی هاتووچۆ بۆ 72 کاژێری دیکە لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی درێژکرایەوە.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر و سلێمانی، لەماوەی قەدەخەی هاتووچۆدا تەنیا لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی دەست بەسەر زیاتر لە 2100 مۆڵەتی شوفێری و ساڵیانەی ئۆتۆمبێلدا و زیاتر لە 76 ئۆتۆمبێلدا گیراوە.
14:59
لە 24 کاژێردا لە چین تەنیا کەسێک تووشی کۆرۆنا بووە
لە 24 کاژێردا لە چین تەنیا کەسێک تووشی کۆرۆنا بووە
لە چین لە 24 کاژێری رابردوودا تەنیا کەسێک وەک تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراوە، ئەوەش دابەزینێکی بەرچاوە لە ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە بە بەراورد بە رۆژگارێک کە رۆژانە سەدان کەس تووشی کۆرۆنا دەبوون.
ئەو تاکە تووشبووە لە شاری ووهان لە پارێزگەی هووبی تۆمارکراوە، ئەوەش خاڵی وەرچەرخانی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڤایرۆسە نیشاندەدات کە لە دواییەکانی 2019 لە وڵاتەکە سەری هەڵدا.
چین ئێستا لەوە دەترسێت هاووڵاتییەکانی لە وڵاتانی بیانی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببن و لە 24 کاژێری رابردوودا 20 هاووڵاتی بۆ گەڕاوەتەوە کە هەڵگری کۆرۆنا بوون.
سەرەتای ئەم هەفتەیەدا پزیشکانی چینی بە بۆنەی داخستنی سەرجەم نەخۆشخانە کاتییەکانەوە ئاهەنگیان گێڕا.
ئێستا لە ووهان تەنیا نەخۆشخانە گشتییە پێشکەوتووەکان لەژێر گوشارێکی کەمتردا خزمەت بە توشبووانی کۆرۆنا دەکەن.
تاوەکو ئێستا لە چین 80 هەزار و 881 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، 68 هەزار و 709 کەس چاک بوونەتەوە و سێ هەزار و 226 کەس مردوون.
14:50
ئیسرائیل بەهۆی کۆرۆناوە نزیکەی 13 ملیار دۆلار زیان بەر ئابوورییەکەی دەکەوێت
ئیسرائیل بەهۆی کۆرۆناوە نزیکەی 13 ملیار دۆلار زیان بەر ئابوورییەکەی دەکەوێت
شارەزایانی ئابووری قەبارەی زیانە راستەوخۆ و ناراستەخۆکانی کەرتی ئابووریی ئیسرائیلیان بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ئاشکراکرد و رایانگەیاند، زیانەکانی دەگاتە 45 ملیار شێکێل (13 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار).
کەناڵی 12ی ئیسرائیل لە شارەزایانی ئابووریی گواستووەتەوە، ئەو رێوشوێنانەی کە بەم دواییانە حکومەتی ئیسرائیل لە چوارچێوەی پێشگرتن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەبارەت بە کەمکردنەوەی کارەکان لە کەرتی تایبەت بە رێژەی 70% گرتوویەتە بەر، لەگەڵ ئەو بارە نائاساییەی کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە کەرتی گشتییدا رایگەیاندووە، زیانی زیاتر بە ئابووریی ئیسرائیل دەگەیێنێت.
دوێنێ دووشەممە 16-03-2020، لە چوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنی نوێ بۆ پێشگرتن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئیسرائیل باری نائاسایی لە کەرتی گشتیدا راگەیاند. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیسرائیل گەیشتووەتە 298 کەس.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنۆت بڵاوی کردبووەوە، بەهۆی ئەو رێوشوێنانەی کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراونەتەبەر، تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە ئیسرائیل هەشت ملیار شێکێل (دوو ملیار و 160 ملیۆن دۆلار) زیانی بەردەکەوێت.
14:12
وەزارەتی تەندروستیی ئێران گیانلەدەستدانی 135 کەسی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا راگەیاند و بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا گیانیان لەدەستداوە بۆ 988 کەس بەرزبووەوە.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران، تاوەکو ئێستا 16 هەزار و 169 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
13:31
لە ئوستورالیا رۆژانە کاژێرێک دیارکراوە بۆ ئەوەی بەساڵاچووان بچن بۆ مۆڵەکان
ئەم رێکارە بۆ پاراستنی بەساڵاچووانە لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا
لە مۆڵەکانی شاری سیدنیی ئوستورالیا کاژێرێک دیاریکراوە کە تەنیا خەڵکی بەساڵاچووی تێدا دەبینرێن. ئەو کەسانە بۆ کڕینی پێویستییەکانیان دەچن.
ئەوە لەداوی ئەوە هات کە حکومەتی ئوستورالیا بڕیاری دا رۆژانە کاژێرک مۆڵەکان تایبەت بکرێن بە خەڵکانی بەساڵاچوو تاوەکو بە ئاسانی پێویستییەکانیان بکڕن. بەساڵچووەکان بەو بڕیارە دڵخۆشن، بەڵام چاویان لە هاوکاریی زیاترە.
ئایری ڤۆیکۆ، دانیشتوویەکی 75 ساڵەی سیدنییە و دەڵێت، "ئەمە گرنگە، بەڵام پێم وانییە باشترین رێگەبێت. باشرین شت ئەوەیە شتەکانمان بۆ بگەیێنرێتە ماڵەوە، چونکە دەبینین کەسێکی تەمەن 93 ساڵ هاتووە بۆ بازاڕکردن، بۆیە باشترە شتەکان بۆ ئەم جۆرە خەڵکانە بە خۆڕایی بگەیێنرێنە ماڵەوە و چاودێریی ئەم خەڵکانە بکرێت".
رۆژانە لە کاژێر 07:00 بۆ 08:00ـی بەیانی بەساڵاچووانی ئەم شارە دەتوانن روو لە بازاڕ و مۆڵەکان بکەن، هەرچییان پێویست بێت بیکڕن و بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
بڕیارەکەش زیاتر ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە سەرووی شەشت ساڵییەوەیە.
ماکس هیڵ، دانیشتوویەکی 71 ساڵەی سیدنییە و دەڵێت، "من دوێنێ کەمێک درەنگترە هاتمە دەرەوە، بەڵام زۆر قەرەباڵخ بوو. ئەم بەیانییە باشتر رێکخراوە، هەموو بازاڕەکە تەرخان کراوە بۆ خەڵکانی بەساڵاچوو. هەموو کەس بە باشی شتەکانی دەکڕێت، من ئەمڕۆ تەنیا بۆ کڕینی چەند شتێک بۆ ئاژەڵەکەم هاتووم، بەڵام قورسە هەندێک خواردنی ئاژەڵت دەستبکەوێت".
ئەم بڕیارەی حکومەتی ئوستورالیا لە کاتێکدایە کە بڵابوونەوەی ڤایرۆرسی کۆرۆنا قەرەباڵخییەکی زۆری لە بازاڕ و مۆڵەکانی ئوستورالیا دروستکردبوو و بازاڕکردنی بۆ بەساڵاچووان قورس کردبوو.
13:20
زانایەکی تورک هۆشداری دەدات: حاڵەتی توشبوون لە تورکیا بۆ 30 هەزار کەس بەرز دەبێتەوە
زانایەکی تورک هۆشداری دەدات: حاڵەتی توشبوون لە تورکیا بۆ 30 هەزار کەس بەرز دەبێتەوە
ئەندامێکی ئهنجوومهنی زانستیی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ كۆڤید-19 لە تورکیا هۆشداری دەدات لە بەرزبوونەوەی زیاتری حاڵەتی توشبوون لەو وڵاتە و رایدەگەیێنێت، حاڵەتی توشبوون لە تورکیا بۆ 30 هەزار کەس بەرز دەبێتەوە.
شەوی رابردوو، دوای کۆنگرەی رۆژنامەڤانی فەخرەددین کۆجا، وەزیری تەندروستی تورکیا و راگەیاندنی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بۆ 47 کەس، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئاڵپای ئازاب کە زانایەکی بواری بایۆلۆجی و هاوکات ئەندامی ئهنجوومهنی زانستیی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (كۆڤید-19)یە لە تورکیا، لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنیدا هۆشداریی دا لە زیادبوونی ژمارەی تووشبووان.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئاڵپای ئازاب رایگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت لە سێ بۆ چوار هەفتەی داهاتوودا ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تورکیا بۆ پێنج هەزار بەرز ببێتەوە.
ئاڵپای ئازاب ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر بێتو حکومەت رێوشوێنی زۆر جیددی نەگرێتەبەر، خەڵکیش خۆپارێزی نەکەن و پابەندی رێنماییەکان نەبن، لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەی تووشبووان بۆ زیاتر لە 30 هەزار کەس بەرز دەبێتەوە.
13:04
چین پێداویستیی پزیشكی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا رادەستی عێراق دەكات
چین پێداویستیی پزیشكی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا رادەستی عێراق دەكات
بە مەبەستی بەهێزكردنی تواناكانی كەرتی تەندروستیی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرنای نوێ (كۆڤید ـ 19)، خاچی سووری چینی بەشێك پێداویستیی پزیشكیی گەیاندە عێراق.
كەناڵی شینگوای چینی رایگەیاند، "رێوشوێنی رادەستكردنی هاوكاریی پزیشكی كە ئامێر و پێداویستیی پزیشكی لە خۆ دەگرێت، لە بارەگەی باڵیۆزخانەی چین لە بەغدا بەڕێوەچووە".
کەناڵە چینییەکە ئاماژەی بەوە کرد، "بە ئامادەبوونی چانگ تاو، باڵیۆزی چین لە بەغدا پێداویستییە پزیشكییەكان رادەستكران و چونگ چوان، بەڕێوەبەری تیمی شارەزایانی چینی و حەسەن تەمیمی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرماندەیی شاری پزیشكی واژۆیان لەسەر رادەستكردنی هاوكارییەكە كردووە".
باڵیوزی چین لەو بارەوە باسی لەوە کرد، "ئامانج لەسەردانی تیمی شارەزایانی چینی بۆ بەغدا بەشداریكردنی شارەزایانی چینە لەگەڵ هاوتا عێراقییەكانیان. هەروەها تاقیگەیەكی نوێ بۆ دەستنیشانكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا دادەمەزرێنرێت و دەتوانرێت لە هەفتەی داهاتوودا بخرێتە كار. حكومەتی چینیش هەموو هەوڵێكی دەدات بۆ كۆكردنەوە و گەیاندنی بەشێكی دیكەی هاوكاریی پزیشكی بۆ عێراق".
ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە. لە هەرێمی کوردستان 37 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، کە 9 کەسیان چاکبوونەتەوە و یەک کەس گیانی لەدەستداوە. لە عێراقیش بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی 97 کەس تووشبوون، 24 کەس چاکبوونەتەوە و نۆ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
12:46
ئەمریکا رەتیدەکاتەوە بەهۆی کۆرۆنا سزاکانی سەر ئێران کەمبکاتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا
ئەمریکا داوایەکی چین رەتدەکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران، لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەم وڵاتە و تووشبوونی بە هەزاران کەس لە ماوەیەکی کەمدا.
لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و تووشبوونی بە هەزاران کەس لەم وڵاتە، گیانلەدەستدانی بە سەدان کەس لە ماوەیەکی کەمدا، حکومەتی چین داوای لە ئەمریکا کرد سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران کەمبکاتەوە تاوەکو بتوانێت رووبەڕووی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێتەوە.
بەڵام کۆشکی سپی ئەم داوایەی پەکینی رەتکردووەتەوە و رایگەیاند، ئەوان کاتێک سزاکانی سەر ئێران کەمدەکەنە و ناهێڵن، کە ئێران رەفتارەکانی خۆی گۆڕی و وازی لە چالاکییە ناسەقامگیرییەکانی لە ناوچەکە هێنا.
بەرپرسانی ئەمریکا راشیدەگەیێنن، ئەوان ئامادەبوونە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاوکاری تاران بکەن، بەڵام حکومەتی ئێران خۆی هاوکارییەکانی رەتکردووەتەوە و رێگەی نەداوە واشنتن هاوکارییان بکات.
11:34
جێگری پارێزگاری دیالە رایگەیاند، لە چوار تووشبووی کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای دیالە، سێیان چاکبوونەتەوە و گوتیشی"بۆ خۆپارێزی هەفتەیەک قەدەخەی هاتووچۆ رادەگەیێنین".
کەریم عەلی، جێگری پارێزگاری دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دیالە هەموو رێکارەکان بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی کۆرۆنا گیراونەتەبەر و نەخۆشخانەیەکی تایبەت بۆ تووشبووان تەرخانکراوە، تاوەکو ئێستاش تەنیا چوار کەس تووشی کۆرۆنا بوون و سێیان بەتەواوی چاکبوونەتەوە و تەندروستی ئەوی دیکەشیان جێگیرە.
جێگری پارێزگاری دیالە ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاژێر 11:00ی ئەمشەوەوە، قەدەخەی هاتووچۆ رادەگەیێندرێت و تاوەکو 11:00ی شەوی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو بەردەوامدەبێت، تەنیا پزیشک و هێزە ئەمنییەکان رێگەی هاتووچۆیان پێدەدرێت.
10:04
سیستانی راگەیێندراوێک لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بڵاودەکاتەوە
سیستانی راگەیێندراوێک لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بڵاودەکاتەوە
مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە نەجەف راگەیێندراوێکی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، هیوای وایە هەرکەس لەپێناو چارەسەری خەڵکیدا بەهۆی کۆرۆناوە بمرێت، پاداشتی شەهیدیی بۆ بنووسرێت.
عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە نەجەف رۆژی سێشەممە 17-03-2020 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "پێویستە دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان هەموو پێداویستییەکان دابین بکەن بۆ پاراستنی پزیشکان و سەرپەرشتیارانی چارەسەرکردنی نەخۆشەکانی تووشبووی کۆرۆنا کە لە مەترسیی تووشبوونی نەخۆشییەکەدان و هیچ پۆزشێک بۆ دواکەوتن لەو بارەیەوە نییە".
لە راگەیێنراوەدا سیستانی ئاماژەی بەوە کردووە، "گومانی تێدا نییە ئەو کارەی ئەو کەسانە دەیکەن، کارێکی مەزنە و هەوڵێکە بە پارە نانرخێنرێت، نزیکە لە گرنگیی هەوڵی ئەو تێکۆشەرانەی بەرگری لە نیشتمان و خەڵکەکەی دەکەن".
سیستانی ئەوەی خستەڕوو، هیوای وایە هەرکەس لەپێناو چارەسەری خەڵکیدا بەهۆی کۆرۆناوە بمرێت، پاداشت و پێگەی شەهیدیی بۆ بنووسرێت.
10:49
تووشبووانی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا گەیشتنە 31 هەزار و 506 کەس؛ بەریتانیا هەواڵی نوێی لەبارەی ڤاکسین هەیە
رووداو
لە 24 کاژێردا نزیکەی هەزار کەس لە جیهان بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە
لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا نزیکەی هەزار کەس لە جیهاندا بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، بەپێی دوایین ئامارەکان ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتە حەوت هەزار و 174 کەس.
بەپێی ماڵپەڕی وۆڕڵد مێتەرس Worldometers کە بە پشت بەستن بە دامودەزگای تەندروستی وڵاتان داتا و زانیارییەکان کۆدەکاتەوە، لە کۆی 182 هەزار کەس 79 هەزار و883 کەس چاکبوونەتەوە.
لە چین لەماوەی 24 کاژێری رابردوو 21 تووشبوو تۆمارکراوە، هەروەها 13 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئیتاڵیا لە پلەی دووەم دێت و دوو هەزار و 158 کەس لە وڵاتەکە بەهۆی کۆرۆناوە مردوون، بەدوای ئەویش ئێران دێت، 853 کەس بەهۆی کۆرۆناوە مردوون.
ئیسپانیا لە پلەی چوارەم دێت، لەماوەیەک کەمدا وڵاتەکە 9 هەزار و 942 تووشبوونی بە کۆرۆنا تێدا تۆمارکرا.
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستانیش ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتە 37 تووشبوو، نۆ تووشبوویان چاکبوونەتەوە و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە. وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، دۆخی تەندروستیی زۆربەی تووشبووان جێگیرە و لەژێر چاودێریدان.