رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەفغانستان پاکستانی بە هێرشێکی ئاسمانیی خوێناوی بۆ سەر ناوەندێکی چارەسەری ئاڵوودەبووانی بێهۆشکەرەکان لە شاری کابوولی پایتەخت تۆمەتبار کرد. لە کاتێکدا ئەفغانستان باس لە کوژرانی 400 سڤیل دەکات، پاکستان دەڵێ، بنکەی سەربازیی پێکاوە.
تەقینەوە بەهێزەکان کاژێر 21:00ـی شەوی دووشەممە (19:30 بەکاتی هەولێر) کابوولی هەژاند. هێرشەکە لە کاتێکدا بووە کە خەڵکی شارەکە دوای بەربانگکردنەوە و لە ناو جەرگەی مانگی رەمەزاندا لە دەرەوە بوون، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر.
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان، هێرشەکەی بە "تاوان" و "کارێکی دژە مرۆیی" وەسف کرد.
ئومێد ستانیکزای، پاسەوانێکی ناوەندەکە گوتی: "دەنگی فڕۆکە جەنگییەکانمان دەبیست کە بە سەر سەرماندا دەسووڕانەوە. کاتێک یەکە سەربازییەکانی دەوروبەرمان تەقەیان لە فڕۆکەکە کرد، فڕۆکەکە بۆمبی خستە خوارەوە و ئاگرێکی گەورە کەوتەوە."
ئاماری دژیەک
تاوەکو ئێستا ئامارێکی یەکلاکەرەوە لەسەر ژمارەی کوژراوەکان نییە، بەڵام هەموو ئاماژەکان بەرەو کارەساتێکی مرۆیی دەچن. پەیامنێرانی ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێن، لانیکەم 30 تەرمیان لە شوێنی رووداوەکە بینیوە.
وەزارەتی تەندروستیی ئەفغانستان رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 شەهید و 200 بریندار هەن.
جێگری گوتەبێژی حکومەت رایگەیاندووە، ژمارەی کوژراوەکان لانیکەم دوو هێندەی ئەو ئامارەیە (نزیكەی 400 کەس) و 250 کەسیش بریندار بوون.
رێکخراوی (Emergency)ـی ئیتالی رایگەیاندووە، سێ تەرمیان پێگەیشتووە و چارەسەری 27 بریندار دەکەن.
حکومەتی پاکستان بە ئەنقەست پێکانی ناوەندە تەندروستییەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، "هێرشی وردمان کردووەتە سەر دامەزراوە سەربازییەکان و ژێرخانی پشتگیریی تێرۆریستان."
پاکستان بانگەشەی ئەوە دەکات، ئەفغانستان داڵدەی ئەو چەکدارانەی داوە کە هێرش دەکەنە سەر خاکی وڵاتەکەی. ئیسلام ئاباد لە مانگی رابردووەوە ئەم ململانێیەی وەک "جەنگی کراوە" وەسفکردووە.
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 26ـی شوباتەوە کە گرژییەکان زۆربوونە، لانیکەم 75 سڤیل لە ئەفغانستان کوژراون و نزیكەی 115 هەزار کەسیش ئاوارە بوون. پرۆگرامی خۆراکی جیهانی (WFP) هۆشداری دەدات، ناسەقامگیریی زیاتر، ملیۆنان ئەفغانی رووبەڕووی برسییەتی دەکاتەوە.
لەسەر ئاستی دیپلۆماسی، چین رایگەیاند، نوێنەرە تایبەتەکەی هەفتەیەکە خەریکی نێوەندگیرییە، بەڵام بێ سوود بووە. پسپۆڕان دەڵێن، وڵاتانی کەنداو کە پێشتر نێوەندگیر بوون، ئێستا لە جەنگی ئێران تێوەگلاون، بۆیە هیچ رێگەیەک بۆ وەستاندنی ئەم جەنگەی نێوان پاکستان و ئەفغانستان لە ئاسۆدا نابینرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ