رووداو دیجیتاڵ
فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا و رۆب یێتن، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، پێشهاتە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان تاووتوێ کرد. مێرتس رایگەیاند، جەنگی ئێران هیچ چارەسەرێکی سەربازی نییە و تەنیا رێگەی سیاسی دەتوانێت دۆخەکە هێور بکاتەوە.
جەنگی ئێران و رۆڵی ناتۆ
راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی، "ناتۆ هاوپەیمانییەکی بەرگرییە نەک دەستوەردان" و داوای کرد ئەندامانی هاوپەیمانییەکە بە رێزەوە مامەڵە لەگەڵ یەکدی بکەن.
فرێدریش مێرتس ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە دەسەڵاتی ئێران و جێگرتنەوەی بە حکومەتێکی دیموکراسی، بەڵام گوتی، "لەسەر بنەمای ئەزموونی دەیان ساڵەی رابردوو، بۆردوومانکردن بۆ ناچارکردنیان بە خۆبەدەستەوەدان، رێگەچارەیەکی دروست نییە."
هۆشداری لەبارەی لوبنان و ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل
سەبارەت بە دۆخی لوبنان، فرێدریش مێرتس بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی حیزبوڵڵای کرد وەک "بریکاری ئێران" بۆ سەر ئیسرائیل و داوای کرد دەستبەجێ چەک دابنێن.
لە هەمان کاتدا، راوێژکاری ئەڵمانیا نیگەرانیی خۆی لە ئۆپەراسیۆنی زەوینیی ئیسرائیل دەربڕی و گوتی: "ئەم رێگەیە مەگرنە بەر، چونکە ئەمە هەڵەیە و دۆخی مرۆیی و کۆچی پەنابەران خراپتر دەکات؛" هەروەها داوای لە ئیسرائیل کرد ئامانجە مەدەنییەکان و هێزەکانی یونێفێڵ نەپێکێت.
تەنگەی هورمز و ئاسایشی کەشتیوانی
لەلایەکی دیکەوە رۆب یێتن، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، تیشکی خستە سەر ئاسایشی تەنگەی هورمز و رایگەیاند، بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر هاوبەشەکانیان لە ناوچەی کەنداو، پاراستنی رێڕەوە بازرگانییەکان زۆر قورس بووە.
رۆب یێتن ئاماژەی بەوە کرد، هەر ئەرکێکی سەربازی لەو تەنگەیەدا پێویستی بە هێوربوونەوەی دۆخەکە هەیە و گوتیشی، "تاوەکو ئێستا هیچ پێشنیازێکی کۆنکرێتی لەسەر مێزەکە نییە، بەڵام هۆڵەندا بە سنگێکی فراوانەوە سەیری هەر بیرۆکەیەک دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ