17-04-2020
20:08
زیاتر لە 4.5 ملیار کەس لەژێر کاریگەری رێنماییە تەندرووستییەکانی کۆرۆنادان
زیاتر لە 4.5 ملیار کەس لەژێر کاریگەری رێنماییە تەندرووستییەکانی کۆرۆنادان
زیاتر لە 4 ملیار و 500 ملیۆن کەس لە 110 وڵاتی جیهان کەوتوونەتە ژێر کاریگەری رێنماییە تەندرووستییەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا.
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ساڵی 2020، کۆی دانیشتووانی زەوی نزیکەی 7 ملیار و 790 ملیۆن کەسە و لەو ژمارەیەدا 4 ملیار و 500 ملیۆن کەس ئێستا بە ناچاری کەوتوونەتە ژێر کاریگەری داخستنی شار و قەدەخەی هاتوچۆ و کەرەنتینکردنی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. ئەو ژمارەیەش دەکاتە نزیکە 58%ی کۆی دانیشتووانی زەوی.
لەناوەڕاستی مانگی ئاداری ئەمساڵ کۆی کەسانی کەرەنتینکراو لە جیهان گەیشتە نزیکەی 500 ملیۆن کەس و لە 23ی هەمان مانگدا ئەو ژمارەیە بۆ نزیکەی ملیارێك بەرزبووەوە. لەدوای یەک رۆژ ژمارەکە بوو بە دوو هێندە و بۆ 2 ملیار بەرزبووەوە و ئەمڕۆش گەیشتە 4.5 ملیار کەس.
هەرچەندە لە بەشێک لە وڵاتان رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا ئاسانکارییان تێداکراوە، بەڵام هێشتا ئامارەکان بەردەوامن لە بەرزبوونەوە. دوو ملیۆن و 184 هەزار و 714 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، 146 هەزار و 898 کەس گیانیان لەدەستداوە و 553 هەزار و 227 کەسیش چاکبوونەتەوە.
ئەمریکا لە ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستداندا لە پلەی یەکەمی وڵاتانە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە حاکمی ویلایەتەکان کار بۆ ئاساییکردنەوەی ژیان بکەن.
20:05
حکومەتی ئێران رێکارێک بۆ کردنەوەی شوێنە ئایینییەکان دەگرێتەبەر
حکومەتی ئێران رێکارێک بۆ کردنەوەی شوێنە ئایینییەکان دەگرێتەبەر
ئەحمەد مەروی، بەپرسی ئاستانی قودسی رەزەویی مەشهەد رایگەیاند، وەزارەتی تەندروستی و رێکخراوەی ئەوقافی ئێران بە هاوکاریی ناوەندە ئایینییەکان رێکارێک بۆ کردنەوەی شوێنە ئایینییە پیرۆزەکان دەگرێنەبەر.
لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، زۆربەی شوێنە ئایینییەکان داخران و هاتووچۆی خەڵک بۆ شارە ئایینییەکانیش قەدەخە کرا.
بەرپرسی ئاستانی قودسی رەزەوی لە توویتەری خۆیدا نووسیویەتی، خەریکین هەندێک بڕیاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی رێکارە تەندروستییەکان لەو شوێنانە رەچاو دەکەین و بڕیارەکە جگە لە حەرەمی ئیمام رەزا لە شاری مەشهەد، حەرەمی حەزرەتی مەعسومە، شاچراغ، شاعەبدولعەزیم و مزگەوتی جەمکەرانیش دەگرێتەوە.
20:01
لە لوبنان تیپێکی هونەری گۆرانی بۆ بەرزکردنەوەی ورەی پزیشک و تووشبووانی کۆرۆنا دەڵێن
لە لوبنان تیپێکی هونەری گۆرانی بۆ بەرزکردنەوەی ورەی پزیشک و تووشبووانی کۆرۆنا دەڵێن
تیپێکی هونەری لە ناوەڕاستی گۆڕەپانی نەخۆشخانەی رەفیق حەریری لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان نمایشێکیان پێشکەش کرد بۆ ئەوەی لە رێگەی مۆسیقا و گۆرانییەوە سوپاسی کارمەندانی تەندروستیی نەخۆشخانەکە بکەن و ورەی تووشبووەکانیش بەرزبکەنەوە.
پزیشک، پەرستار و نەخۆشەکان لە پەنجەرەی ژوورەکانیانەوە سەیری نمایشەکەیان دەکرد و لەگەڵ تیپەکەدا گۆرانییان دەگوتەوە و چەپڵەیان لێدەدا و سەمایان دەکرد.
نماییشەکە لەلایەن رێکخراوی ناحکومیی "أحلی فوضی"وە رێکخرابوو. ئیمان نەسرەدین، سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێت، مەبەستیان لەو چالاکییە ئەوە بووە ورەی کارمەندانی نەخۆشخانەکە و ئەو تووشبووانەشی کە بە دەستی کۆرۆناوە دەناڵێنن بەرزبکەنەوە.
لە لوبنان تاوەکو ئێستا 663 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش 21 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 86 تووشبوویش چاکبوونەتەوە.
18:15
سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن: تکایە کەس نەچێتە دەرەوەی ماڵەکەی
سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن: تکایە کەس نەچێتە دەرەوەی ماڵەکەی
لە پەیامێکیدا کە بە تووندترین پەیامی ئەو لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ژاپۆن دادەنرێت، شینزۆ ئابێ، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن بە خەڵکی ئەو وڵاتەی گوت، تکایە لە ماڵەکانتان مەچنە دەرەوە.
شینزۆ ئابێ ئاماژەی بەوە کرد، کەمکردنەوەی تێکەڵبوون لەنێو خەڵکدا بەتایبەتی لە هەردوو شاری تۆکیۆ و ئوساکا کە زۆرترین تووشبووی کۆرۆنایان تێدایە، باشترین رێگەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، پابەندبوون بە دوورەپەرێزیی کۆمەڵایەتییەوە هێشتا لە ئاستی خوازراودا نییە و هەموو چارەسەرەکان بە هەڵسوکەوتی تاکەکانەوە بەستراونەتەوە.
هۆشدارییەکانی ئابێ لەدوای هەڵکشانی نیگەرانییەکان هات لە ئەگەری زیادبوونی ژمارەی تووشبووان لە ناوچەکانی دەوروبەری شارە گەورەکان کە زۆرترین کەسانی بەساڵاچوویان تێدایە.
لە کۆی زیاتر لە نۆ هەزار تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ژاپۆن، نزیکەی دوو هەزار و 800 تووشبوویان لە شاری تۆکیۆدان و کۆی قوربانییانیش 190 کەسە.
17:35
بەریتانیا گەورەترین تاقیکردنەوەی پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنای کردووە
بەریتانیا گەورەترین تاقیکردنەوەی پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنای کردووە
بەریتانیا دەستی کردووە بە گەورەترین تاقیکردنەوە لەسەر پێکوتەی دژە کۆرۆنا کە پێشبینی دەکرێت لە چەند هەفتەیەکی داهاتوودا ئەنجامی ئەرێنیی لێبکەوێتەوە.
تاقیکردنەوەکە مانگێکە دەستی پێكردووە و زیاتر لە پێنج هەزار تووشبووی کۆرۆنا لە 165 نەخۆشخانەی بەریتانیای گرتووەتەوە.
پیتەر هۆربی، مامۆستای نەخۆشییە گوازراوەکان لە زانکۆی ئۆکسفۆرد کە هاوکات سەرپەرشتیاری تاقیکردنەوەکەیە رایگەیاند، ئەو تاقیکردنەوەیە لە جیهاندا گەورەترینە و پێشبینی دەکات لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئەنجامەکانی دەربکەون.
هۆربی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر هاتوو دەرکەوت ئەو تاقیکردنەوەیە سوودی هەبوو، ئەوا بە زووترین کات رادەگەیێنرێت و دەچێتەبواری جێبەجێکردنەوە. هاوکات هۆربی هۆشداریی دا لە هیواهەڵچنینی مرۆڤەکان و رایگەیاند، ئەو پێکوتەیە لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە داری جادووگەرانە نییە.
تیمی پزیشکیی سەرپەرشتیاری تاقیکردنەوەکە پشتی بە بەکارهێنانی دەرمانی هایدرۆکسی کلۆرۆکوین بەستووە کە پێشبینی دەکرێت بتوانرێت وەک دەرمانی دژە کۆرۆنا بەکاربهێنرێت بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی زانستی پشتڕاستکراو لەبارەی ئەو دەرمانەوە هەبێت.
پێشتر سەرۆکی ئەمریکا پشتگیریی خۆی بۆ بەکارهێنانی دەرمانی هایدرۆکسی کلۆرۆکوین دەربڕیوە کە بە گوێرەی زانیارییە پزیشکییەکان رێژەی ژەهراویبوونی لە دەرمانی کلۆرۆکوین کەمترە کە لە رابردوودا دژ بە نەخۆشیی مەلاریا بەکارهێنراوە، بەڵام پزیشکانی ئەم سەردەمە دەیانەوێت دەرمانی هایدرۆکسی کلۆرۆکوین لەگەڵ دەرمانی ئایزترۆمیسینی ئەنتیبایۆتیک تێکەڵ بکەن کە ئەگەر هاتوو چارەسەری نەخۆشیی کۆرۆنای کرد، ئەوا لە مێژووی پزیشکدا دەبێتە یەکێک لە داهێنانە گرنگەکان.
16:52
ئەمڕۆ هەینی 17-04-2020 فەرمانگەی تەندروستیی بەسرە رایگەیاند، "17 كەسی دیكە لە پارێزگاكە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، تووشبوویەكیش گیانی لەدەستداوە و دوو تووشبوویش چاكبوونەتەوە".
بەپێی راگەیێندراوەكە، "تاوەكو ئێستا 226 كەس لە بەسرە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 17 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە، 107 تووشبوو چاكبوونەتەوە و 103 تووشبووی دیكەش هێشتا لەژێرچاودێریی پزیشكیدان".
بەپێی دوایین ئاماری فەرمیی وەزارەتی تەندروستی كە ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە 16-04-2020 بڵاوی كردەوە، تاوەكو ئێستا هەزار و 434 كەس لە عێراق و هەرێمی كوردستان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 80 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە و 856 تووشبوویش چاكبوونەتەوە.
14:26
رزگاربوویەکی هۆڵەکۆست دوای 75 ساڵ لە رزگاربوونی و تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە تەمەنی 90 ساڵیدا گیانی لەدەستدا.
ئەگەر مارگێت فێڵدمان تەمەنی راستەقینەی خۆی لە سەردەمی نازییەکان بگوتایە، ئەوا 75 ساڵ بەر لە ئێستا دەکوژرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی تەمەنی راستەقینەی خۆی نەگوتووە و گوتوویەتی تەمەنی 18 ساڵە، ئەوکاتە رزگاری بووە، دوای 75 ساڵیش لە رزگاربوونی بەهۆی تووشبوونی بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا.
فێڵدمان لە بنەڕەتدا هەنگارییە، لەلای نازییەکان بە "A23029" ناسێنرابوو، لەکاتێکدا بەڕێکراوە بۆ ژوورە ژەهراوییەکان گوتوویەتی تەمەنی 18 ساڵە، لەکاتێکدا تەمەنی راستەقینەی خۆی 15 ساڵ بووە، هەربۆیە براوە بۆ کارکردنی زۆرەملێ و لە مردن رزگاری بووە.
لە ساڵی 1945 فێڵدمان رزگاری بووە و رووی لە ئەمریکا کردووە، لە نیو جێرزی نیشتەجێ بووە، چەند ساڵێک دواتر وانەی گوتووەتەوە لەبارەی کوشتنی ئەو ملیۆنان کەسەی کە لە کۆمەڵکوژیی هۆڵەکۆست کوژران.
فێڵدمان ژیانی خۆی تەرخانکردبوو بۆ پەروەردەکردنی منداڵان و گوتنەوەی وانە لەبارەی هۆڵەکۆست، رۆژێک بەر لە ساڵڕۆژی 75 ساڵەی رزگاربوونی گیانی لەدەستداوە.
13:07
سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی کۆرۆنا: شتانێک روویاندا کە ئێمە لەبارەیەوە زانیاریمان نەبوو
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا. وێنە: AFP
رووداو - هەولێر
سەرۆکی فەرەنسا پرسیار لە چۆنێتی مامەڵەکردنی چین لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات و دەشڵێت، شتانێک روویاندا کە "ئێمە لەبارەیەوە زانیاریمان نەبووە".
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کردووە، باسکردنی ئەوەی کە چین باشتر مامەڵەی لەگەڵ قەیرانەکە کردووە "ساویلکەییە"، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی بابەتێک بوو کە لە ماڵپەڕی باڵیۆزخانەی چین بڵاوکرابووەوە و تێیدا باس لەوە کرابوو، وڵاتانی رۆژئاوا کەسانی پیر و بەتەمەن پشتگوێدەخەن بۆئەوەی لە خانەکانی چاودێریدا بمرن.
دوای لێدوانەکەی باڵیۆزخانەی چین لە فەرەنسا، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بانگهێشتی باڵیۆزی چینی کرد، هاوکات ژاۆ لیجیان، گوتەبێژی حکومەتی چین رایگەیاند، وڵاتەکەی هەرگیز هیچ لێدوانێکی نەرێنی لەبارەی فەرەنسا نادات کە چۆن رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەبێتەوە و "هیچ نیازێکیشی نییە کارێکی وا بکات".
سەرۆکی فەرەنسا دەڵێ "با زۆر ساویلکە نەبین و بڵێین چین باشتر مامەڵەی لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا کردووە. ئێمە نازانین، بەڕوونی شتانێک هەن کە روویانداوە و ئێمە دەربارەیان نازانین".
پێشتر دۆمینیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، پێویستە "پرسیارگەلێکی قورس" بکرێن دەربارەی دەستپێکردن و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە چین لە لێدوانێکیدا دەڵێ "بەڕاست، کەس باوەڕ بەو ژمارانە دەکات کە لە هەندێک وڵات دەخرێنەڕوو؟"
ترەمپ باسی لەوەش کرد، لێکۆڵینەوە لەو راپۆرتە پشتڕاستنەکراوانە دەکەن کە دەڵێن، سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاقیگەیەکی شاری ووهان بووە لە چین نەک لە بازاڕێکی شارەکە.
بەپێی راپۆرتەکان، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری ووهانی چین سەریهەڵدا و بە جیهاندا بڵاوبووەوە، تاوەکو ئێستاش نزیکەی دوو ملیۆن و 200 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و زیاتر لە 147 هەزار کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
12:43
رووداو - هەولێر
بەرپرسانی تەندروستیی بەلجیکا ئاماری 24 کاژێری رابردوویان بڵاوکردەوە و دەڵێن، 313 کەسی دیکە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و کۆی گیانلەدەستدان گەیشتە پێنج هەزار و 163 کەس.
تاوەکو ئێستا 36 هەزار و 138 کەس لە بەلجیکا تووشی کۆرۆنا بوون و حەوت هەزار و 961 کەس چاکبوونەتەوە.
11:45
پزیشکی باڵای نەخۆشییە گوازراوەکانی ئەمریکا: یارییەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە
د. ئەنتۆنی فاوچی، پزیشکی باڵای نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئەمریکا. وێنە: AFP
پزیشکی باڵای نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئەمریکا باس لەوە دەکات کە وڵاتەکەی دەکرێت دەست بە پلانەکانی بکات بۆئەوەی وردە وردە شوێنی کارەکان بکرێنەوە، داواشدەکات خەڵک خۆیان بپارێزن و دەڵێ "یارییەکە کۆتایی نەهاتووە".
د. ئەنتۆنی فاوچی، پزیشکی باڵای نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئەمریکا دەڵێ "گرنگ نییە لە چ قۆناخێکدان، شتانێکی بنچینەیی هەن کە ئەنجاممان داون، کە پێشتر ئەنجامنەدراون، ئێوە چۆن ناویدەبەن، ناوی ببەن، بەڵام تەنانەت ئەگەر لە قۆناخی یەک، دوو یاخود سێدا بیت، یارییەکە کۆتایی نەهاتووە، ئەوە رێگەیەکە کە ئێمە خۆمان دەپارێزین".
پزیشکە ئەمریکییەکە بەردەوامیدان بە رێکارەکان بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە گرنگ دەزانێت تاوەکو ئەوکاتەی کە ڤاکسینێک دەدۆزرێتەوە.
د. ئەنتۆنی فاوچی پێیوایە کە دەتوانن بەسەر ڤایرۆسەکەدا زاڵبن، بەڵام دەشڵێ ڤایرۆسی کۆرۆنا هاوشێوەی سارس کۆتایی نایەت.
بە گوتەی پزیشکە ئەمریکییەکە، بەراوردکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەگەڵ ڤایرۆسی ئایدز و سارس کەمێک سەرلێشێوێنەرە، چونکە رەفتاری ڤایرۆسەکان "بەتەواوی جیاوازە"، دەربارەی گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش دەڵێ "پێشتر ئەزموون نەکراوە".
تاوەکو ئێستا لە ئەمریکا 678 هەزار و 210 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 34 هەزار و 641 کەس گیانیان لەدەستداوە و 57 هەزار و 844 کەسیش چاکبوونەتەوە.
11:44
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ تووڕەیە لەوەی کە زووتر لەبارەی کۆرۆناوە ئاگادارنەکراونەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە "دەبوو وڵاتان لەبارەی کۆرۆنا ئاگاداریان بکردینایەتەوە".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گلەیی لە چین و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەکات و دەشڵێ، حکومەتی وڵاتەکەی بەپێی پێویست ئاگادارنەکراوەتەوە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆئەوەی خۆی ئامادەبکات.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کردووە کە "دەبوو وڵاتان لەبارەی ئەمەوە ئاگاداریان بکردینایەتەوە، دەبوو بە هەموو جیهان بڵێن. تووڕە بووم، چونکە دەبوو زووتر پێمان بگوترایە".
پرسیار لە سەرۆکی ئەمریکا کرا کە ئایا مەبەستی لە وڵاتان، وڵاتی چینە؟ لە وەڵامدا گوتی "من هیچ شتێک ناڵێم".
بەپێی تۆمارەکانی کۆشکی سپی، ترەمپ لە مانگی 1ی ئەمساڵدا لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاگادارکراوەتەوە، رەخنەگرانیش دەڵێن، ئیدارەی ترەمپ کاتی بەفیڕۆداوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
رەخنەگران ترەمپ بەوە تۆمەتباردەکەن کە کۆشکی سپی وەکو شوێنێک بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن بەکاردەهێنێت؛ دەربارەی ئەوەش کە ئایا بەردەوام دەبێت لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، سەرۆکی ئەمریکا گوتی "دەمەوێت دۆخی وڵاتەکەم بەرەو باشتر ببەم، هەڵمەتی هەڵبژاردن گرنگ نییە بەلامەوە".
زۆرترین رێژەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا لە ئەمریکایە، بەشێوەیەک کە تاوەکو ئێستا 678 هەزار و 210 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و 34 هەزار و 641 کەس گیانیان لەدەستداوە، هاوکات 57 هەزار و 844 کەسیش چاکبوونەتەوە.
11:42
تەندروستیی رەسافە: 11 تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا چاكبوونەوە
تاوەكو ئێستا 110 تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەری رەسافەی بەغدا چاكبوونەتەوە. وێنە: AFP
فەرمانگەی تەندروستیی رەسافە لە بەغدا چاكبوونەوەی 11 تووشبووی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیاند، بەمەش تێكڕای ئەو کەسانەی چاکبوونەتەوە گەیشتە 110 كەس، كە دەکاتە لە 57%ی ئەوانەی لە سنووری تەندروستیی رەسافە تووشبووی کۆرۆنا بووبوون.
عەبدولغەنی ساعدی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستیی رەسافە لە راگەیێندراوێكدا رایگەیاند "ئەمڕۆ هەینی 17-4-2020 ، یازدە تووشبووی دیكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا چاكبوونەتەوە".
بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستیی رەسافە گوتیشی "تاوەكو ئێستا 110 تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەری رەسافەی بەغدا چاكبوونەتەوە، ئەمەش لە 57%ی رێژەی ئەو تووشبووانە پێكدێنێت كە لە تەندروستیی رەسافە تۆماركراون".
بەپێی دوایین ئاماری فەرمیی وەزارەتی تەندروستی، تاوەكو ئێستا هەزار و 434 كەس لە عێراق و هەرێمی كوردستان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 80 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە و 856 تووشبووش چاكبوونەتەوە.
11:04
پیاوێکی 99 ساڵ لە بەریتانیا زیاتر لە 21 ملیۆن دۆلار بۆ تووشبووانی کۆرۆنا کۆدەکاتەوە
پیاوێکی 99 ساڵ لە بەریتانیا زیاتر لە 21 ملیۆن دۆلار بۆ تووشبووانی کۆرۆنا کۆدەکاتەوە
سەربازێکی جەنگی جیهانیی دووەم کە تەمەنی 99 ساڵانە و پلانی هەبوو هەزار پاوەند بۆ تووشبووانی کۆرۆنا کۆبکاتەوە، بەڵام هاوکارییەکان لە پێشبینییەکانی زیاتر دەرچوون و تاوەکو ئێستا 17 ملیۆن پاوەند، (زیاتر لە 21 ملیۆن دۆلار)ـی کۆکردووەتەوە.
تۆم مۆری، کە خۆی ئارەزوو دەکات بە کاپتن تۆم بانگ بکرێت لەڕێگەی وێبسایتێکەوە داوای بەخشینی پارەی کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، ئامانجیشی کۆکردنەوەی هەزار پاوەندی بەریتانی بوو، بەڵام وا دەردەکەوێت ئەو هەنگاوەی زیاتر لە بەشداریکردن لە جەنگی جیهانیی دووەم بەناوبانگی کردووە.
تۆم کە قاچەکانی تەواو نییە، باخچەیەکی هەیە و رۆژانە بەدەوری باخچەکەیدا دەسووڕێتەوە، دەڵێت، بڕیاریداوە 100 جار بەدەوری باخچەکەیدا بسووڕێتەوە. بەردەوامیش بێت لە کۆکردنەوەی پارە و بەخشینی بە سیستەمی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا ناسراو بە NHS.
حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، بەهۆی ئەو کارەیەوە، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کە لە چەند رۆژی رابردوو نەخۆشخانەی بەجێهێشت وەکو "پاڵەوان" بیناسێنێت و مەدالیای پێبدات. بۆ ئەو مەبەستەش زیاتر لە 475 هەزار واژۆی بۆ چووە و داوا دەکەن وەکو پاڵەوان بناسێندرێت.
تۆم لە 30ـی نیسان رۆژی یادی 100 ساڵەی لەدایکبوونی دەکاتەوە، گوتەبێژی حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، تۆم لە خزمەتی سەربازی، بەشداریکردنی لە جەنگی جیهانی و ئێستاش بەم هەنگاوەی بەردەوامە لە پیشاندانی ئازایەتی و خۆشەویشتی بۆ وڵاتەکەی.
10:54
رووداو - هەولێر
هەرچەندە لە بەشێک لە وڵاتان رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا ئاسانکارییان تێداکراوە، بەڵام هێشتا ئامارەکان بەردەوامن لە بەرزبوونەوە. دوو ملیۆن و 184 هەزار و 714 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، 146 هەزار و 898 کەس گیانیان لەدەستداوە و 553 هەزار و 227 کەسیش چاکبوونەتەوە.
ئەمریکا لە ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستداندا لە پلەی یەکەمی وڵاتانە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە حاکمی ویلایەتەکان کار بۆ ئاساییکردنەوەی ژیان بکەن.
تاوەکو ئێستا 678 هەزار و 210 کەس تووشی کۆرۆنا بوون لە ویلایەتە جیاوازەکانی ئەمریکا کە نیویۆرک زۆرترینیانی بەرکەوتووە. 34 هەزار و 641 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
لە ئەوروپا ئیتاڵیا زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدانی تێدایە و گەیشتووەتە 22 هەزار و 170 کەس، لەدوای ئەویش ئیسپانیا بە 19 هەزار و 315 کەس و فەرەنسا بە 17 هەزار و 920 کەس دێن.
بەڵام لەڕووی ژمارەی تووشبوون ئیسپانیا دووەم وڵاتە و 184 هەزار و 948 تووشبووی هەیە.
ژمارەی تووشبووان لە بەرازیل لە زیادبووندایە و ئەو وڵاتە هێندەی نەماوە بچێتە ریزی 10 وڵاتە یەکەمەکە بۆ زۆری ژمارەی تووشبووان کە 30 هەزار و 891 تووشبووی هەیە و لەدوای تورکیا و بەلجیکاوە دێت.