رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، رەنگە رۆژی یەکشەممە، دانوستاندنکارانی ئەمریکا و ئێران کۆببنەوە و پێشبینیش دەکات بگەنە رێککەوتنی کۆتایی بۆ وەستاندنی تەواوەتیی جەنگ و راگەیاندنی ئاشتی.
ترەمپ، کە دەڵێت لە چەند رۆژی رابردوودا قسەی لەگەڵ ئێرانییەکان کردووە، لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەکسیۆس گەشبینیی خۆی بە گفتوگۆکان نیشاندا و دەڵێت: "ئێرانییەکان دەیانەوێ کۆببنەوە و رێککەوتن بکەن. پێموایە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا [واتە رۆژی یەکشەممە] کۆبوونەوەیەک دەکرێ و لە یەک یان دوو رۆژی داهاتوودا دەگەینە رێککەوتن."
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕە ئەمریکییەکە کە لە بەرپرسانی واشنتنەوە دەستی کەوتوون، پێشکەوتنی بەرچاو لە گفتوگۆکاندا بەدەستهاتووە و ئەمریکا و ئێران لێکنزیکبوونەتەوە بۆ واژۆکردنی پلانێکی ئاشتی کە لە سێ لاپەڕە پێکهاتووە، بەڵام هێشتا ناکۆکی لەسەر چەند پرسێکی سەرەکی ماوە.
یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکە کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێ، بریتییە لە ئازادکردنی 20 ملیار دۆلاری سڕکراوی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، لە بەرامبەردا تاران دەستبەرداری یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی دەبێت و پرۆسەی پیتاندنیش بە تەواوی رادەگرێ.
سەبارەت بە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، تاوەکو نەگەنە رێککەوتن، گەمارۆکە لانابات، بەڵام دەیەوێ تەنگەی هورمز بەڕووی هەموواندا کراوە بێت.
رۆژی هەینی، ئێران رایگەیاند کە تاوەکو کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەستەکە لە 21ـی نیسان، تەنگەکە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد کە رێککەوتنەکە "ئیسرائیل پارێزراو دەکات" و لە کۆتایی جەنگەکەشدا "پێگەی ئیسرائیل زۆر باش دەبێت". لەگەڵ ئەوەشدا وەک بەشێک لەو ئاگربەستەی رۆژی پێنجشەممە راگەیێندرا، هۆشدارییەکی تووندی دایە تەلئەڤیڤ بۆ راگرتنی هێرشەکانی سەر لوبنان و گوتی: "پێویستە ئیسرائیل بووەستێت، ناتوانن بەردەوام بن لە تەقاندنەوە و رووخاندنی باڵەخانەکان. من رێگە بەوە نادەم."
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی هەینی، ماوەیەکی کەم پێش بڵاوبوونەوەی هەڤپەیڤینەکە، بە درۆنێکی ئیسرائیلی هێرش کرایە سەر باشووری لوبنان. هەرچەندە بەشێک لە نێو حکومەتی ئیسرائیل دژی رێککەوتنن و دەیانەوێ جەنگی ئێران و لوبنان بەردەوام بێت، بەڵام ئەکسیۆس دەڵێت، بەهۆی دژایەتییەکانی ترەمپەوە، پێناچێت ئەو هەوڵانەیان سەربگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ