گەورەترین سەرژمێریی دانیشتووان لە هیندستان دەکرێت؛ 3 ملیۆن فەرمانبەر بەشدارن

17-04-2026
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هیندستان قۆناخی یەکەمی گەورەترین سەرژمێریی دانیشتووانی لە جیهاندا دەستپێکرد، کە تێیدا زیاتر لە 3 ملیۆن فەرمانبەر لە ماوەی ساڵێکدا ئەرکی ژماردنی دانیشتووانی ئەم وڵاتە زەبەلاحەیان پێ سپێردراوە. هیندستان کە نزیكەی 1.4 ملیار کەسی تێدا دەژی، رووبەڕووی کێشەی گەورە دەبێتەوە لە دابینکردنی کارەبا، خۆراك و نیشتەجێبوون بۆ دانیشتووانە زۆرەکەی.
 
پڕۆسەی ئەم ساڵ جیاوازە لە سەرژمێرییەکانی پێشوو، چونکە هیندستان بە تەواوەتی پشتبەستنی بە کاخەز و فۆڕمی دەستی کەمکردووەتەوە و رووی لە تەکنەلۆژیا کردووە. فەرمانبەران لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەتەوە لەسەر مۆبایل زانیارییەکان تۆمار دەکەن، کە ئەمەش خێرایی و وردی لە کۆکردنەوەی داتاکاندا مسۆگەر دەکات.
 
پڕۆسەکە لە دوو قۆناخی سەرەکی پێکدێت؛ قۆناخی یەکەم بریتییە لە تۆمارکردنی خانووبەرە و باڵەخانەکان و قۆناخی دووەمیش سەرژمێریی کردەییی دانیشتووانە لە رێگەی گەڕان بە ناو ماڵەکاندا بۆ زانینی ژمارەی کەسەکان و دۆخی گوزەرانیان.
 
لۆلیت لۆل ڤێرما، فەرمانبەری سەرژمێری لە نیودەلهی گوتی: "سەرژمێرییەکە دوو قۆناخی سەرەکی هەیە؛ قۆناخی یەکەم لیستکردنی خانووەکانە. تێیدا فەرمانبەران نەخشەی ئەو ناوچانە دەکێشن کە دەیگرنەوە، تۆماری دەکەن چەند خانوو لەوێ هەیە، هەر باڵەخانەیەکی نوێ کە دروست کراوە یان ئەوانەی نەماون، دیاری دەکەن. قۆناخی دووەم سەرژمێریی راستەقینەی دانیشتووانە. لەم قۆناخەدا فەرمانبەران ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن بۆ ژماردنی ئەو کەسانەی لە هەر خێزانێکدا دەژین. هەروەها زانیاری دەربارەی دۆخی ژیان و پێداویستییەکان کۆدەکەنەوە، وەک ئەوەی ئایا خێزانەکە گازی شل، تەلەفزیۆن، ئۆتۆمبێل و ئاسانکارییەکانی دیکەیان هەیە یان نا. ئەم داتایانە دواتر لە لایەن حکومەتەوە بەکاردەهێنرێن بۆ تێگەیشتن لەوەی چ شوێنێک پێویستی بە باشترکردن هەیە."
 
 پونیس، کە راهێنەری مەیدانیی سەرژمێرییە دەڵێت: "پێشتر بڕێکی یەکجار زۆر کاخەز بەکاردەهێنرا. بەڵام ئەمجارە تەنیا یەک ئەپڵیکەیشنی سادە بەکاردێت. لە رێگەی ئەم ئەپەوە دەتوانین تەواوی پڕۆسەکە تەواو بکەین. ئەمە زۆر ئاسانە و لە رووی ژینگەییشەوە باشترە، هەروەها داتاکان دەستبەجێ بۆ سێرڤەرەکان دەنێردرێن."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە