رووداو دیجیتاڵ
کایا کالاس، بەرپرسی باڵای سیاسەتی دەرەوە و ئەمنیی یەکێتیی ئەورووپا، لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ مەغریب پێشوازی لە راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان کرد و جەختی لەسەر گرنگیی رەهەندە مرۆییەکانی ئەم هەنگاوە کردەوە.
کالاس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ ناسر بۆریتە، وەزیری دەرەوەی مەغریب رایگەیاند، ئاگربەستەکەی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەرفەتێکی گرنگ دەبێت بۆ "بنیادنانی ژێرخانی پێویست و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییە سەرەکییەکان بۆ ئەو سڤیلانەی، کە لە چەند هەفتەی رابردوودا ئازارێکی زۆریان چەشتووە."
ئەم لێدوانانەی بەرپرسەکەی یەکێتیی ئەورووپا دوای ئەوە دێن، رۆژی پێنجشەممە ئاگربەستێکی 10 رۆژی لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان چووە واری جێبەجێکردنەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە نێوەندگیریی سەرەکیی ئەم رێککەوتنە بووە رایگەیاندووە، هەوڵدەدات یەکەمین دیداری رووبەڕووی نێوان سەرکردەکانی هەردوو وڵات رێکبخات.
ئەم ئاگربەستە وەک هەنگاوێکی گرنگ دەبینرێت بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە، کە لە 28ـی شوباتی رابردووەوە بەهۆی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تێکچووە، لوبنانیش لە 2ـی ئادارەوە بەهۆی هێرشەکانی حیزبوڵڵاوە تێوەگلا. تەنیا لە لوبنان، زیاتر لە 2,000 کەس کوژراون و ملیۆنێک کەسیش ئاوارە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ