رووداو دیجیتاڵ
وێنەکان: AFP
ئەستێرەکانی سینەمای جیهان لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵی کانن لە شاری کانی فەرەنسا. سیمایەکی دیاری ئەم ساڵی فێستیڤاڵەکە دەرکەوتنی ئەکتەرانە بە درووشمی پەیوەست بە پرسی جەنگی غەززەوە.
لۆرا بلاجمان، رزگاربوویەکی هێرشی حەوتی ئۆکتۆبەری سەر ئیسرائیلە. لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵی کان بە جلێکی زەردەوە کە وێنەی بەشێک لە بارمتەکانی لەسەر بوو، داوای ئازادکردنی بارمتەکانی دەستی بزووتنەوەی حەماسی کرد.
لەلایەکی دیکەوە، لەیلا بەختی، ئەکتەری بەنێوبانگی فەرەنسی، بە جلێکی رەشەوە کە شووتی (هێمای فەلەستینییەکانە) لەسەر بوو، چووە سەر فەرشی سوور.
یەکێک لەو دۆکیومێنتارییانەی کە ئەمڕۆ هەینی پێشاندەدرێت بە ناوی "The Belle of Gaza" یە کە بە واتای "جوانکیلەی غەززە" دێت، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی بە شەڕی ئێستای کەرتەکەوە نییە.
فیلمێکی دیکە بە ناوی To a Land Unknown کە بە واتای "بۆ خاکێکی نادیار" دێت لەلایەن دەرهێنەری فەلەستینییەوە مەهدی فلەیفلەوە بەرهەمهێنراوە و لە فێستیڤاڵەکەدا پێشاندەدرێت. فیلمەکە باس لە دوو ئامۆزای فەلەستینی دەکات لە کەمپێکی پەنابەرانی لوبنان گەورە بوون و هەوڵدەدەن بۆ دەستکەوتنی ژیانێکی باشتر لە یۆنانەوە بچنە ئەڵمانیا.
هاوکات، تاکە فیلمێکی ئیسرائیلی کە لە فێستیڤاڵەکەدا پێشاندەدرێت، فیلمی It's Not Time for Pop ـە کە بە واتای "ئێستا کاتی پۆپ نییە" دێت.
ئەوە لە کاتێکدایە، جەنگی غەززە زیاتر لە حەوت مانگە بەردەوامە کە لە حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکرد کاتێک بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئوردووگا جوونشینەکان و 250 کەسیان بە بارمتە گرت. ئیسرائیل دەڵێت، تاوەکو ئێستا 128 بارمتە لای حەماس ماون.
لەو کاتەشەوە، ئیسرائیل بە چڕی بۆردوومانی بەردەوامی کەرتی غەززە دەکات؛ تاوەکو ئێستا 35 هەزار و 272 کەس لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن.