رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئەمریکا و بەرپرسانی وڵاتەکە بڵاویانکردەوە، لە دوو ویلایەتی باشوور بەهۆی گەردەلوولی تووندەوە 21 کەس گیانیان لەدەستدا و زیانێکی زۆریش بەر دانیشتووانی ناوچەکە کەوت.
رۆژی شەممە، 17ـی ئایاری 2025، ئەندی بیشیر، حاکمی ویلایەتی کنتاکی لە ئێکس بڵاویکردەوە، شەوی هەینی بەهۆی گەردەلوولەوە لە چەند ناوچەیەکی ویلایەتەکیان 14 کەس گیانیان لەدەستدا.
حاکمی کنتاکی لە نووسینەکەیدا دەڵێت، "لە کنتاکی، ئەمڕۆ بە هەواڵێکی ناخۆش دەستپێدەکەین کە شەوی رابردوو لانیکەم 14 کەس بە گەردەلوول گیانیان لەدەستدا". گوتیشی، "بە داخەوە، پێشبینی بەرزبوونەوەی ئەو ژمارەیە دەکرێت، چونکە بەردەوامین لە وەرگرتنی زانیاری زیاتر".
میدیای ئەمریکاش دەڵێت، لە شاری سانت لویسی سەر بە ویلایەتی میزوری بەهۆی گەردەلوولی هاوشێوەوە حەوت کەس مردن.
لەو بارەیەوە کارا سپینەر، سەرۆکی شارەوانیی شاری سانت لویس بە رۆژنامەڤانانی گوت، "مردنی ئەو خەڵکە و زیانە زۆرەکانی گەردەلوولەکە تۆقێنەرن".
لە شاری سانت لویس زۆرترین زیان بەر ناوچەی سکۆت کەوتووە. دیرک وایتلی، بەرپرسی جێبەجێکردنی یاسای ناوچەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "گەردەلوولەکە بە ئاڕاستەی رۆژهەڵاتی ناوچەکە دەڕوات، زیانێکی زۆری لێکەوتووەتەوە و ژمارەیەک خانوو خاپووربوون".
بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، پێشبینی دەکرێت گەردەلوولی تووند ویلایەتەکانی تێکساس، جۆرجیا، نیویۆرک، کانساز و ئۆکلاهۆما بگرێتەوە. هەروەها، ئەو ناوچانەی گەردەلوولە تووندەکە دەیانگرێتەوە نزیکەی 50 ملیۆن کەسیان لێ دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ