لە ئۆڵدنبێرگ كورد بەشەڕدێن

17-06-2013
زەکی ئۆزمەن
نیشانەکردن کورد لە تاراوگە
A+ A-
رووداو - ئۆڵدنبورگ

لە پێكدادانێكدا لە ناوچەی ڤیلدسهاوزنی نزیك شاری ئۆڵدنبورگی ئەڵمانیا، گەنجێكی كورد بەناوی سەبری ئاجار 20 ساڵ كوژراو 2ی دیكەش بریندار بوون.

ئێوارەی رۆژی یەكشەممە 9ی حوزەیرانی 2013، لەناو خانوویەكدا لەناوچەی ڤیڵدسهاوزن، شەڕێك لەنێوان 6 كەسدا روویدا كە پێنجیان كوردبوون و یەكێكیش پۆلۆنی بوو. دوای گواستنەوەی 3 برینداری ئەو شەڕە بۆ نەخۆشخانە، رۆژی دواتر یەكێك لە بریندارەكان گیانی لەدەستدا. رەوشی هەردوو برینداری دیكەش مەترسیداربوو، بەڵام ئێستا مەترسی لەسەر تەندروستییان نەماوە.

هەر پێنج كوردەكە خەڵكی گوندی باجنی ناوچەی میدیادی سەر بە مێردینن و تەمەنیان لە نێوان 17-34 ساڵیدایە.

ماتیاس كوتسنەر، گوتەبێژی پۆلیسی شاری ئۆڵدنبورگ بە(رووداو)ی راگەیاند كە 70 پۆلیسی ناردبووە شوێنی رووداوەكە و داوای هاوكاری لە پۆلیسی دەوروبەری ناوچەكەش كردووە، بەهۆی گەورەیی رووداوەكە. دوای دەستبەسەركردنی چەند كەسێك و لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكاندا دادوەری لێكۆڵینەوە بڕیاری گرتنی گەنجێكی 23 ساڵانی دەركرد. هەرچەندە پۆلیس تاوەكو ئێستا نەیتوانیوە بزانێت چ جۆرە ئامێرێك لەو شەڕەدا بەكارهاتووە، بەڵام مەزەندە دەكرێت كە چەقۆ بەكارهاتبێت.

گوتەبێژی راگەیاندنی پۆلیسی ئۆڵدنبورگ لەبارەی هۆكاری دروستبوونی ئەو شەڕە گوتی، بەهۆی ئەوەی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە بۆیە ناتوانن هیچ زانیارییەك بدركێنن. هەروەها گوتی “ئێستا لیژنەیەك كە لە 16 پۆلیس پێكهاتووە، لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكەن، بۆ ئاشكرا كردنی هۆكارەكانی پشت رووداوەكە”.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە