سێ مریشک گەشتی شەمەندەفەرێکی ئەڵمانیا دوادەخەن
رووداو دیجیتاڵ
تیمی راگەیاندنی کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی ئەڵمانیا Deutsche Bahn (DB)، چیرۆکێکی نامۆ و پێکەنیناوی گێڕایەوە کە لە یەکێک لە شەمەندەفەرە نێوخۆییەکان روویداوە. رووداوەکە بووەتە هۆی دواکەوتنی گەشتێک.
شۆفێرێکی شەمەندەفەری هێڵی S6، کە لە شاری ئێسنەوە بەرەو کوێلن دەچوو، کاتێک گەیشتە وێستگەی کۆتایی خۆی لە کوێلن- ڤۆرینگن و دەستی بە پشکنینی شەمەندەفەرەکە کرد، دیمەنێکی چاوەڕواننەکراوی بینی. لە بەشی پلە یەکی شەمەندەفەرەکەدا First class، سێ سەرنشینی تایبەت مابوونەوە کە سێ مریشک بوون.
ئەو سێ مریشکە، کە بڕێکی زۆر خۆراکیان لەسەر زەوی بۆ دانرابوو تاوەکو لێی بخۆن، بە ئاسوودەیی لەناو شەمەندەفەرەکەدا دەسوڕانەوە. وا دەردەکەوت یان بە ئەنقەست بەجێهێڵدرابوون یان لەلایەن ئەو کەسەی هێنابوونییە ژوورەوە، لەبیرکرابوون.
دوای ئاگادارکردنەوەی دەسەڵاتداران، کۆمپانیای Deutsche Bahn رایگەیاند، پۆلیس پەلەوەرەکانی گواستووەتەوە و رادەستی خزمەتگوزاریی ئاژەڵانی ناوچەکەی کردووە بۆ ئەوەی چاودێری بکرێن. بەهۆی جیقنەی مریشکەکان، شەمەندەفەرەکە پێویستی بە پاککردنەوەیەکی ورد و تایبەت هەبوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی گەشتەکەی دواتری لەدەست بچێت.
تاوەکو ئێستا ئەوە روون نییە کێ مریشکەکانی هێناوەتە نێو شەمەندەفەرەکە.
پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا، کە بەرپرسە لە ئاسایشی گواستنەوەی گشتی، سکاڵای لە دژی گومانلێکراوێک تۆمارکردووە بە تۆمەتی پیسکردنی موڵکی گشتی و تێکدانی خزمەتگوزارییەکانی شەمەندەفەر.
پۆلیس رایگەیاندووە، بۆ ناسینەوەی تۆمەتبارەکە لێکۆڵینەوە لە گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێریی ناو شەمەندەفەرەکە و وێستگەکانی نێوان ئێسن و کوێلن دەکرێت.