ترەمپ: دوای روونکردنەوەیەکی دوو خولەکی بڕیارم لەبارەی بەرزاییەکانی گۆلان دا
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی نوێی لەبارەی بڕیارەکەی بۆ دانپێدانان بە سەروەریی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی گۆلاندا ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ئەو بڕیارەی بەبێ ئەوەی کەس داوای لێبکات دا، تەنانەت لایەنگرە سەرسەختەکانی ئیسرائیلیش بە "هەنگاوێکی زۆر دوور"یان زانیبوو.
رۆژی 16ـی کانوونی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، لە کۆشکی سپی میوانداریی ئاهەنگی ساڵانەی حانوکای کرد.
بۆنەی ساڵانەی حانوکا لە کۆشکی سپی، رێوڕەسمێکی فەرمیی ساڵانەیە کە لەلایەن سەرۆک و خانمی یەکەمی ئەمریکاوە میوانداری دەکرێ بۆ رێزلێنان و بەرزڕاگرتنی جەژنی حانوکای جووەکان کە بە جەژنی 8 رۆژەی رووناکییەکانی جووەکان ناسراوە.
دۆناڵد ترەمپ گوتارێکی پێشکێش کرد و باسی لەو ساتەوەختە کرد کە بڕیارەکەی تێدا دا و گوتی: "من دانم بە سەروەریی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی گۆلاندا نا. ئەوە شتێک بوو کە تەنانەت داواشیان لێنەکردم."
ترەمپ ئاماژەی بە شێڵدن ئادێڵسن، ملیاردێری کۆچکردوو و یەکێک لە گەورەترین پشتیوانانی دارایی خۆی و ئیسرائیل کرد و گوتی: "تەنانەت شێڵدن هەرگیز داوای بەرزاییەکانی گۆلانی لێنەکردم، چونکە دەیگوت ئەوە هەنگاوێکی زۆر دوورە [ئەستەمە]."
ترەمپ ئاماژەی پێکرد، دوای ئەوەی لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە لەبارەی گرنگیی ستراتیژیی گۆلان بیستبووی، لەوانە جەیسن گرینبلاد، نێردەی پێشووی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پەیوەندی بە دەیڤد فریدمان، باڵیۆزی ئەوکاتی ئەمریکا لە ئیسرائیل کرد.
ترەمپ گوتی: "لە راستیدا لە دەیڤد فریدمانم پرسی، ئەو کاتە باڵیۆز بوو، پیاوێکی باشە...گوتم، دەیڤد، پێنج خولەک یان کەمتر لەبارەی بەرزاییەکانی گۆلان قسەم بۆ بکە. دەزانن، من مێژووی هەزار ساڵە لە پێنج خولەکدا وەردەگرم."
دوای کەمتر لە دوو خولەک لە روونکردنەوەکەی فریدمان، ترەمپ رایگەیاندووە کە لە گرنگیی سەربازیی ناوچەکە تێگەیشتووە و دەستبەجێ بڕیارەکەی داوە.
ترەمپ گوتی: "دوای نزیکەی دوو خولەک، گوتم، تێگەیشتم. ئێوە بۆ چەندین هۆکاری دیکە زۆر پێویستتان پێیەتی. پێویستتانە. بۆ بەرگری پێویستتانە." ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە لە رووی مێژووییەوە، پێش تەکنەلۆژیای مۆدێرن، کۆنترۆڵکردنی بەرزاییەکان یەکلاییکەرەوە بووە.
ئیسرائیل لە جەنگی 6 رۆژەی ساڵی 1967دا بەرزاییەکانی گۆلانی لە سووریا کۆنترۆڵکرد و لە ساڵی 1981 بە یاسایەک خستییە سەر خاکی خۆی، بەڵام ئەم هەنگاوە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدا نەنرا.
بڕیارەکەی ئیدارەی ترەمپ لە ئاداری 2019دا سیاسەتی لەمێژینەی ئەمریکای گۆڕی و کاردانەوەی تووندی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و بەشێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لێکەوتەوە، کە بەپێی بڕیاری 497ی ئەنجوومەنەکە، بەرزاییەکانی گۆلان بە خاکێکی داگیرکراوی سووریا دادەنرێ.
ترەمپ شانازیی بەوەوە کرد کە ئەو کارێکی کردووە سیاسەتڤانانی پێش خۆی بۆ دەیان ساڵ نەیانتوانیوە بیکەن و گوتی: "ئەوان بۆ 70 ساڵ کاریان لەسەر دەکرد...هەموو ئەوەی باسیان دەکرد بەرزاییەکانی گۆلان بوو و کەس هەرگیز هیچ شتێکی نەکرد، بەڵام من کردم و ئێمە بە خێرایی کردمان."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە بایەخی ئابووریی ناوچەکە کرد و رایگەیاند: "دواتر بەهایەکەیم بۆ دەرکەوت. بەهاکەی تریلیۆنان دۆلارە. ئەگەر بیری لێ بکەیتەوە، دەکرێت بەهاکەی تریلیۆن دۆلار بێت."