لە پاریس رێوڕەسمێک بۆ رۆژی ئاڵای کوردستان بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ

لە پایتەختی فەرەنسا رێوڕەسمێک بەبۆنەی رۆژی ئاڵای کوردستان بەڕێوەدەچێت. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا دەڵێت، ''تێیدا رێز لە سەرۆکی شارەوانیی پاریس دەگیرێت کە دۆستێکی گرنگی کوردە.''
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 17-12-2025، عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە بۆنەی رۆژی ئاڵای کوردستان رێوڕەسمێکی گەورە لە پاریس بەڕێوەدەبەن.
 
عەلی دۆڵەمەڕی گوتی، ''لە رۆژی ئاڵای کوردستاندا بە پێویستمان زانی کە بۆنەیەک ساز بکەین بۆ رێزگرتن لە خاتوون ئان هیداڵگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس کە خزمەتێکی زۆری بە گەلی کورد کردووە و دەرگەی هوکاریی هەمووکات بۆ ئێمە واڵا بووە.''
 
5ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، رێڕۆی پێشمەرگە لە پارکێکی پاریس کرایەوە. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد، ئان هیدالگۆ هۆکار بوو بۆ کردنەوەی رێڕۆی پێشمەرگە و ''هەروەها توانی هەولێر بکاتە دەستەخوشکی پاریس کە هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو. بۆیە گوتمان لەم رۆژە پیرۆزەدا رێز لەو میوانە بەڕێزە بگرین.''
 
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەی رێوڕەسمەکە دەبێت. عەلی دۆڵەمەڕی دەڵێت، ''بەڕێز عەونی لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە بەشدار دەبێ و دیارییەکی سیمبولیک پیشکێشی سەرۆکی شارەوانیی پاریس دەکات.''
 
بڕیارە کاژێر 18:00 بەکاتی پاریس و 20:00 بەکاتی هەولێر رێوڕەسمەکە دەستپێدەکات کە چەندین کەسایەتیی کورد و فەرەنسی تێیدا گوتاریان دەبێ.
 
رۆژی 19ـی حوزەیرانی 2004، پەرلەمانی کوردستان بە بڕیاری ژمارە 48 بڕیاریدا رۆژی 17ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک بە رۆژی ئاڵا دیاری بکات. دیاریکردنی رۆژەکە بۆ 17-12-1945 دەگەڕێتەوە کە بۆ یەکەمجار لە شاری مهاباد ئاڵای کوردستان بەرزکرایەوە.