رووداو- ئاژانسەكان
هێزەکانی ئاسایشی نایجیریا رایانگەیاندووە، کە لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا لە باکووری رۆژهەڵاتی نایجیریا، زیاتر لە 300 چەکداری بۆکۆحەرام کوژراون و ژمارەیەك چەكداریش لەلایەن سوپای نایجیریاوە دەستگیركراون.
کریس ئۆلوکۆلاد، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی نایجیریا رایگەیاندووە،" ئەمڕۆ چوارشەممە 18 ی شوبات، لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە زیاتر لە 300 چەکداری بۆکۆحەرام کوژراون و ژمارەیەکی زۆریشیان دەستگیرکراون، دەستیش بەسەر کۆمەڵێک کەلوپەلی سەربازی و چەکیشیاندا گیراوە".
لەم ئۆپەراسیۆنەدا تەنها دوو سەربازی نایجیری کوژراون و 10 کەسیش برینداربوون، لە کاتی بە خاکسپاردنی ئەم دوو سەربازەشدا لەلایەن فڕۆکەیەکی نەناسراو هێرش كراوەتە سەر خەڵککە لە سنووری نێوان نێجیر و نایجیریا و لە ئەنجامدا 30 کەس كوژراون. تا ئێستا روون نییە کێ لە پشت ئەم بۆردومانکردنەوە بووە.
حکومەتی نایجیریا رایگەیاندووە، کە ئەوان لێکۆڵینەوە لەو رووداوە دەكەن بۆ دۆزینەوەی ئەو کەس و لایەنەی لە پشت ئەم هێرشەوە بووە. حکومەتی نایجریاش دەڵێت، لە رابردوودا چەندین جار هێرشی لەم شێوەیان کراوەتەسەر و ئەوان بۆکۆحەرام بە بەرپرسیار دەزانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ