بەرکەوتەیەکی چەکی کیمیایی لە شاری سەردەشت کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبوو، چاک بووەوە و رەوانەی ماڵەوە کرایەوە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ژنێکی تەمەن 62 ساڵانی نیشتەجێی شاری سەردەشت بە ناوی "زارا زەبیحی" کە بەرکەوتەی چەکی کیمیاییە، دوای ئرێنیبوونی ئەنجامی پشکنینی کۆرۆنای و شەش رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، چاک بووەوە. ئێستا لە ماڵەوە لە کەرەنتینەدایە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەنجوومەنی داکۆکی لە مافی بریندارانی کیمیایی سەردەشت داوا لە حکومەتی ئێران دەکات، بەهۆی لاوازبوونی سیستمی بەرگریی جەستەی بەرکەوتووان کە پێداویستیی خۆپارێزیی وەک ماسک، دەستەوانە و ماددەی دژەڤایرۆسی پێویست بۆ هەشت هەزار بەرکەوتەی چەکی کیمیایی لەو شارە دابین بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن رێکخراوی مانگی سوورەوە تەنیا 400 بەستەی پێشگیری و تەندروستی بەسەر 400 بەرکەوتەی کیمایی سەردەشتدا دابەشکراوە. هەروەها داوا دەکات، هاوکاریی ماددی و خۆراکی ئەو بەرکەوتووانە بکرێت کە رەوشی ئابوورییان باش نییە، تاوەکو ناچار نەبن لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە.
لە رۆژی سێشەممە 17-03-2020ـەوە لە سەردەشت نەخۆشخانەیەکی کاتیی 20 تەختی لەلایەن رێکخراوی مانگی سوورەوە دروستکراوە. پێشتریش بەشێکی نەخۆشخانەی ناوشاری سەردەشت بۆ راگرتنی تووشبووانی کۆرۆنا تەرخانکراوە. تاوەکو ئێستا هاونیشتمانییان لەو شارە بەهۆی کۆرۆناوە گیانی لەدەستداوە و نزیکەی 10 کەسیش تووشبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ