باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان: رێکاری گونجاو دەگرینە بەر بەرامبەر میلیشیا شیعەکان لە عێراق
رووداو دیجیتاڵ
مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کە پێشتر راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامە لە گرتنەبەری رێکاری سەربازی و بەرگری بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە لە هێرشی گرووپە چەکدارەکان و درۆنەکانیان.
واڵتز لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو سەبارەت بەوەی، کە ئایا ئەمریکا بۆچی کاری پێویست ناکەن بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی هەرێمی کوردستان، گوتی: "هاوڕا نیم کە دەگوترێت کاری پێویست نەکراوە. ئەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانە کە کارگەکانی درۆنی ئێران، سەکۆکانی هاوێشتنی مووشەک و کۆگا چەکەکانیان تێکدەشکێنێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە واشنتن گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە دەبێت بگوترێت ئیتر بەسە بەرامبەر ئەو رژێمەی هێرش دەکاتە سەر وڵاتانی دراوسێ، خەڵکی مەدەنی و ژێرخانە گرنگەکانی وەک فڕۆکەخانە و بەندەرەکان.
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمریکا، ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە بۆ ماوەی نیو سەدە ناوچەکەی کردووە بە "بارمتە" و تیرۆری تێدا بڵاوکردووەتەوە. گوتیشی: "سوپای ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرپرسانە کار دەکات بۆ ئەوەی کوردستان، ئیمارات، بەحرەین و تەواوی ناوچەکە چی دیکە لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی تاراندا نەژین."
هەڵوێستی بەغدا و گرووپە میلیشیاکان
سەبارەت بە ئەگەری بەردەوامی بۆردوومانەکان بۆ سەر ئەو گرووپە میلیشیایانەی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج، واڵتز جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی رێکاری گونجاو دەگرێتە بەر، نەک تەنیا بەرامبەر میلیشیاکان لە عێراق، بەڵکو بەرامبەر بە "رەگی کێشەکە" کە تارانە.
لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی عێراقیشەوە، واڵتز ئاماژەی بەوە کرد، کە بەغدا لە بارودۆخێکی سەختدایە، بەڵام رەخنەی تووندی لە دەستوەردانەکانی ئێران گرت و گوتی: "هیچ وڵاتێک نییە بەهۆی دەستوەردانی ئێرانەوە دۆخی باشتر بووبێت؛ لە لوبنان و سووریاوە بیگرە تاوەکو عێراق و یەمەن، هەرکوێیەک دەستی ئێرانی تێدا بێت، دۆخی خەڵکەکەی خراپتر بووە."
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: هەرێمی کوردستان رووبەڕووی چەندین هێرشی درۆن بووەتەوە لەلایەن ئەو هێزە چەکدارانەوە کە لایەنگری ئێرانن لە عێراق. هەروەها بێگومان کونسوڵخانەی ئەمریکاش. ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکان بیر لە هەنگاوی زیاتر دەکاتەوە بۆ بەهێزکردنی سیستمە بەرگرییەکانی هەرێمی کوردستان؟ بۆچی کاری پێویست ناکەن بۆ پشتگیریکردنی بەرگرییەکانی هەرێمی کوردستان؟
واڵتز: هاوڕا نیم لەگەڵ ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت ئێمە کاری پێویست ناکەین. ئەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە کە کارگەکانی درۆنی ئێران تێکدەشکێنێت. ئەوە ئەمریکایە کە سەکۆکانی هاوێشتنی مووشەک و کۆگا مووشەکییەکانیان لەناو دەبات. ئەوە ئەمریکا بوو کە دواجار گوتی "ئیتر بەسە" بەرامبەر رژێمێک کە هێرش دەکاتە سەر دراوسێکانی، هێرش دەکاتە سەر وڵاتانی کەنداو، خەڵکی مەدەنی، هۆتێلەکان، بەندەرەکان و فڕۆکەخانەکان.
رژێمی ئێران نزیکەی پەنجا ساڵە ئەم ناوچەیەی کردووە بە بارمتە و تیرۆری تێدا بڵاوکردووەتەوە. بۆیە ئەوە سوپای ئەمریکایە کە دواجار بە شێوەیەکی بەرپرسانە چارەسەری ئەم کێشەیە دەکات بۆ ئەوەی کوردستان، ئیمارات، دوبەی، بەحرەین و تەواوی ناوچەکە چی دیکە ناچار نەبن لەژێر هەڕەشەکانی رژێمی ئێراندا بژین.
رووداو: ئایا بۆردوومانی زیاتری ئەو گرووپە میلیشیایانە دەبینین، کە هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج؟
واڵتز: پێموایە ئێمە رێکاری گونجاو دەگرینە بەر هەم بەرامبەر میلیشیا شیعەکان لە عێراق و هەم بەرامبەر رەگی کێشەکە. دەزانیت، کێشە سەرەکییەکە و سەرچاوەی هەموو ئەمانە، رژێمی ئێرانە لە تاران. بەڵام سوپاس.
رووداو: تەنیا یەک پرسیاری کۆتایی. ئایا تۆ لە بەغدا رازیت، لەو شێوازەی مامەڵەیەی لەگەڵ ئەم دۆخەدا دەیکات؟
واڵتز: بڕوانە، مەبەستم ئەوەیە حکومەتی عێراق هەمیشە لە بارودۆخێکی زۆر سەختدایە. پێموایە کاریگەریی رژێمی ئێران تێکدەرانە و قورس بووە و هیچ سوودێکی نەبووە. لە راستیدا، ناتوانم ناوی یەک وڵات بهێنم کە بەهۆی دەستوەردانی ئەم رژێمەوە دۆخی باشتر بووبێت، یان گەشەسەندووتر، بەهێزتر یان تەندروستتر بووبێت. لە راستیدا، هەر وڵاتێک کە رژێم دەستی تێدا هەبێت - لوبنان، سووریا، عێراق، یەمەن، دەتوانین لیستەکە درێژ بکەینەوە - بەهۆی کاریگەرییە خراپەکانی ئەم رژێمەوە دۆخی خەڵکەکەی زۆر خراپتر بووە. ئەمەش ئەو کێشەیەیە کە ئێمە هەوڵی چارەسەرکردنی
دەدەین. زۆر سوپاس.