تورکیا دژی خەلیفە حەفتەر چەک و زرێپۆش رەوانەی تەرابلووس دەکات

18-05-2019
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن لیبیا
A+ A-

رووداو - هەولێر

سوپای تورکیا دژی هێرشەکانی خەلیفە حەفتەر، چەکی قورس و زرێپۆشی رەوانەی بەندەری تەرابلووس لە لیبیا کرد.

سەرچاوە میدیاییەکان لە تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن، ئەنقەرە ئەو چەکە قورسانەی پێشکەش بە حکومەتی ویفاقی نیشتمانی لیبیا کردووە. 

گەیشتنی هاوکاری سەربازی تورکیا بۆ حکومەتی ویفاقی نیشتمانی، هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی شەڕێکی قورس لەگەڵ حکومەتەکەی خەلیفە حەفتەر کە دەیەوێ تەرابلووسی پایتەخت کۆنترۆڵبکات.

حکومەتەکەی خەلیفە حەفتەر بەنیازبوو لە ماوەیەکی کەمدا تەرابلووس لەدەست حکومەتی ویفاق دەربهێنێت، بەڵام نەیتوانی پێشکەوتنی زەمینی بەرچاو بەدەستبهێنێت. ئێستاش فەرەنسا و ئیتاڵیا داوای ئاگربەست لە هەردوولا دەکەن.  

حکومەتی ویفاقی نیشتمانی، کە پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکانی هەیە، سەرەتای ئەم مانگە ئاماژەی بەوەکردبوو، لەگەڵ ئەنقەرە لە گفتوگۆدان بۆ "هەر هاوکارییەک کە ببێتە بۆ وەستانی هێرشەکەی" هێزەکانی خەلیفە حەفتەر.

بەهۆی هێرشی سوپای نیشتمانی لیبیای سەر بە حەفتەر لە سەرەتای مانگ چواری ئەمساڵەوە، 75 هەزار کەس ئاوارە بوون، هەروەها زیاتر لە 120 مەدەنی کوژراون.

بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2014ـەوە ئیمارات و میسر و سعودیە پشتیوانی سەربازیی هێزەکانی خەلیفە حەفتەر دەکەن وەک پێدانی فڕۆکە و هەلیکۆپتەر. لە بەرامبەردا تورکیا و قەتەر پشتیوانی لە حکومەتی ویفاقی نیشتمانی دەکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە