كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان UNHCR یەكێك لە گەورەترین كاروانەكانی هاوكاری لە چەند رۆژی داهاتوودا رەوانەی سووریا دەكات.
وەك رێكخراوەكە باسی لێوە دەكات "كۆمەكەكە لە 33 بارهەڵگر باركراوە و بریتین لە پێداویستییە سەرەتاییەكان، وەكو ئامرازەكانی چێشتلێنان و خێمەو بەتانی و چەندین پێداویستی دیكە، كە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا لە دوبەیەوە دەگەنە ئوردن و دواتریش رەوانەی ناو سووریا دەكرێن".
سلێمان داود، كارمەندی UNHCR دەڵێت :"بەگوێرەی پلانی رێكخراوەكەمان پێشبینی دەكەین 125 هەزار كەس لە هاوكارییەكان سوودمەندبن. ئەمە یەكێكە لە گەورەترین هاوكارییەكانی ئەمساڵ كە رێكمانخستووە، ئامانجمان ئەوەیە رەوانەی نێوخۆی سووریای بكەین و بیگەیەنینە ئەو كەسانەی لە نێوخۆی ئەو وڵاتەدان و پێویستیان بە هاوكارییە".
كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەكگرتووەكان دووچاری بەربەست بووەتەوە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی ئەو هاووڵاتیانەی سووریایان جێهێشتووە و ئەوانەشی كە لەناوەوەی سووریادا بەهۆی جەنگی خوێناوییەوە ماڵەكانیان لەدەستداوە.
نا ئارامییەكانی سووریا لە15 ی ئازاری ساڵی 2011 دەستیان پێكردووە و بەپێی ئامارێكی نەتەوەیەكگرتووەكان زیاتر لە 100 هەزار كەس كوژراون . هەروەها نزیكەی ٢ ملیۆن كەسیش سووریایان جێهێشتووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی UNHCR بە (رووداو)ی راگەیاندووە، تاوەكو ئێستا زیاتر لە 170 هەزار پەنابەر روویان لەهەرێمی كوردستان كردووە. لەماوەی تەنیا سێ رۆژی رابردووشدا نزیكەی 10 هەزار هاووڵاتی لە دەروازەی سنووری پیشابوورەوە گەیشتوونەتە هەرێمی كوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ