کەنەدا لە باکووری وڵاتەکەی گواستنەوەی خەڵک بەهۆی ئاگرەوە خێرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کەنەدا رووبەڕووی وەرزێکی تووندی پڕ لە ئاگر دەبێتەوە. بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن، تەنیا لە باکووری وڵاتەکە، رووبەرێکی 13.7 ملیۆن هێکتاری (5 هەزار و 480 دۆنم) دارستان سووتاوە و لانیکەم چوار کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئاگر رووبەڕێکی بەرفراوانی دارستانەکانی باکووری کەنەدای گرتووەتەوە و دامودەزگاکانی وڵاتەکە هەوڵ دەدەن بە خێرایی ئەو ناوچانە لە خەڵک چۆڵ بکەن کە دەکەونە نزیک ئاگرەکە، بە دیاریکراوی لە شاری یەڵۆونایف.
لە رۆژئاوای وڵاتەکەش، ئاگری دارستانەکان زیانی گەورەی بە هەرێمی بریتش کۆڵۆمبیا گەیاندووە، ژمارەیەک ماڵی سووتاندووە؛ تەنیا لە 24 کاژێردا، رووبەری سووتاو لەو هەرێمە لە 64 هێکتارەوە زیادیکردووە بۆ 6 هەزار و 800 هێکتار.
ئێوارە رۆژی هەینی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی رووداو کە جەعفەر موبەشیرنیا پێشكێشی کرد، دان ئەلباس، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کەنەدا گوتی، "وەرزەکە لە رادەبەدەر وشکە و هەورەبرووسکەی زۆر هەبووە؛ هەروەها لە هەندێ شوێن گومان دەکرێت تاوانی ئاگرکردنەوە هەبێت، بەڵام بۆ خەڵکەکە گرنگ نییە ئاگرەکە چۆن دەستی پێکرد، بەڵکو چۆن کۆتایی پێ دەهێنرێت."
لە رۆژی چوارشەممەوە فەرمانی چۆڵکردنی شارەکە دراوە کە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای کەنەدا. ئۆتۆمبێلێکی زۆر لە ریزێکی دوور و درێژدا شارەکە جێدێڵن و بەرەو باشوور بۆ هەرێمی ئەلبێرتا دەڕۆن.
تاوەکو ئێستا نزیکەی هەزار و 500 کەس بە فڕۆکە شاری یەڵۆونایفیان جێهێشتووە و رۆژی هەینی گەشتە ئاسمانییەکان زیادکران بۆ ئەوەی خەڵکی زیاتر لە شارەکە ببەنە دەرەوە کە خاوەنی 20 هەزار دانیشتووە.
نزیکترین شوێن بۆ پەنادانی خەڵکی شارەکە کرابێتەوە، دەکەوێتە هەرێمی ئەلبێرتا کە هەزار و 150 کیلۆمەتر لە شاری یەڵۆونایفەوە دوورە.
جەنیفەر یەنگ، کارمەندی بەشی فریاگوزاری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "بەردەوام دەبین لە کارکردن تاوەکو دانیشتووانی یەڵۆونایف هەموویان دەبەینەدەرەوە."
هاوکات فڕۆکەوانێک کە یارمەتیی سەرەتایی گەیاندووەتە شارەکە بە میدیای کەنەدای گوت، یەڵۆونایف "هەر لە ئێستاوە هیچ کەسێکی وای تێدا نەماوە."
ئەوانەی لە شارکەدا ماونەتەوە، بە گوێرەی فڕۆکەوانەکە، زۆربەیان کارمەندی دامودەزگە پێویستەکانن "کە هێڵی ئاگربڕ دروست دەکەن و هاوئاهەنگی لەگەڵ هێڵە ئاسمانییەکاندا دەکەن بۆ گواستنەوەی خەڵك."
تیمە فریاگوزارییەکان هەوڵدەدەن هێڵی ئاگربڕ دروستبکەن پێش ئەوەی بڵێسەکانی بگەنە شاری یەڵۆونایف و فڕۆکە و هێلیکۆپتەرەکانی ئاگرکوژاندنەوەش بە نزمی لە ئاسمانی شارەکەدا دەفڕن.
چاوەڕێ دەکرێت لە دوور رۆژی داهاتوودا بای بەهێز ئاگرەکە بە ناوچەیەکی فراوانتردا بڵاوبکاتەوە، کە ئێستا تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە ناوەندی شارەکەوە دوورە.
جووڵە بە ژمارەیەک فڕۆکەی سەربازی کراوە کە 120 سەربازیان لەگەڵدا بووە بۆ ئەوەی هاوکاریی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بکەن.
هەبوونی ئاگر لە هەزاران شوێن وایکردووە بڕێکی بێوێنەی دوانۆکسیدی کاربۆن دەربدرێتە نێو هەواوە.
زانایان دەڵێن، قەتیسبوونی گەرما کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوەیە، بووەتە هۆی گەورەبوونی مەترسییە سرووشتیەکان، بە جۆرێک کە تاوەکو دێت، رووداوە سرووشتییە نەخوازراوەکان زیاتر و کوشندەتر دەبن.
ئەدریا مکفێرسن، هاووڵاتیی شاری یەڵۆونایف، لە کاتی هەڵهاتنی بە ئۆتۆمبێل لە ئاگرەکە، بە میدیای کەنەدای گوت، "ئەمە پێشانیدەدات کەشوهەواکەمان بە چ خێراییەک دەگۆڕدرێت، ئەگەر شوێنێکی وەک یەلۆونایف کە هێندە لە بازنەی جەمسەری باکوورەوە نزیکە بەم شێوەیە بسووتێت."
لە بارەی ئاگرەکەی بریتش کۆڵۆمبیاشەوە، دان ئەلباس ئاماژەی بەوە کرد، "ئاگرەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە، رووبەڕێکی گەورە سووتاوە،" ئەوەش بەهۆی هەبوونی بایێکی بەهێز، گوتیشی: "کاتێک باکە دەگۆڕێت، سرووشتی ئاگرەکەش دەگۆڕێت."
چۆڵکردنی یەلۆونایف دەبێتە دووەم جار شارێکی کەنەدا بە تەواوی بەهۆی ئاگرەوە چۆڵکرابێت لە دوای شاری فۆرت مکمورای لە هەرێمی ئەلبێرتا کە ساڵی 2016، 100 هەزار دانیشتووەکانی ناچاربوون جێیبێڵن.
ئەمساڵ، دەوروبەری شاری هالیفاکس لەسەر کەناراوەکانی ئەتڵانتیک چۆڵکرا.
چۆڵکردنی یەلۆونایف هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی هۆشداریی لە کوشندەیی ئاگر و خێرایی گواستنەوەی، بەتایبەتیش دوای ئەویە کە دوورگەی ماوی لە ویلایەتیی هاوایی ئەمریکا بەهۆی ئاگرێکی گەورەی خێرایەوە وێران بوو و 100 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.