رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، دوای ئەوەی کە کەشتیێکی بارهەڵگری بازرگانێکی تورکیا رۆژی یەكشەممەی رابردوو لە لایەن رووسیاوە لە دەریای رەش هێرشی کرایە سەر، ئەنقەرە هۆشداریی بە مۆسکۆ داوە خۆی لە زیادکردنی گرژییەکان بە دوور بگرێت.
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەڵێت: "دوای جموجۆڵە رووسییەکە، هاوتا رووسیەکانمان لە رووسیای فیدراڵ بەشێوەیەکی گونجاو هۆشدارییان پێدرا کە خۆیان لەو جۆرە هەوڵانە بەدوور بگرن کە دەبنە هۆی هەڵچوونی گرژییەکان لە دەریای رەشدا."
کەشتیی سوکرو ئۆکان یەکشەممەی رابردوو لە لایەن هێزی دەریایی رووسییەوە تەقەی ئاگادارکردنەوەی بەسەردا کرا.
دواتر هێزەکانی رووسیا چوونە سەر کەشتییەکە بۆ ئەوەی بیپشکنن، دواتر رێگەیان پێ دا دەست بە گەشتەکەی بەرەو بەندەری ئیزمایلی ئۆکراینا بکاتەوە، کە رێڕەوی سەرەکیی هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئۆکراینایە.
رووداوەکە لە کاتێکدا بوو کە لە دوای کشانەوەی رووسیا لە رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینا، هێرشەکانی کیێڤ و مۆسکۆ بۆ سەر یەکدی لە دەریای رەش زیادیانکردووە.
تورکیا لە رێککەوتنەکەدا وەک نێوەندگیر لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵی بینی، بە جۆرێک کە پەیوەندییە باشەکانی خۆی لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤ بەکارهێنان بۆ ئەوەی وێڕای جەنگی گەرمی نێوانیان، توانی هەردووکیان بۆ رێککەوتنەکە لێکنزبکاتەوە.
لە نێوخۆی تورکیا، بەهۆی بێدەنگبوونی لە بەرامبەر هێرشەکەی رووسیا، رەخنە لە نووسینگەکەی ئەردۆغان گیرا.
رۆژی پێنجشەممە، لە بەرامبەر ئەو رەخنانە، نووسینگەی ئەردۆغان بەرگریی لە خۆی کرد و گوتی، لەبەر ئەوەی کەشتییەکە ئاڵای پاڵاو، وڵاتێک لە ناوچەی ئۆقیانووسیای لەسەر بووە، پێویست بووە ئەو وڵاتە کاردانەوەی بۆ رووداوەکە هەبا.
راگەیێندراوەکە دەڵێت: "هەرچەندە خاوەنی کەشتیی سوکرو ئۆکان تورکە، کەشتییەکە ئاڵای تورکیای لەسەر نییە. لە یاسای نێودەوڵەتیدا، وڵاتی خاوەن ئاڵاکە گرنگترە لە ناوی کەشتییەکە یان کەسایەتیی خاوەنەکەی."
لەبەر ئەوەی پالاو لە نێو زەریای هێمندایە، ئاڵاکەی لەلایەن کۆمپانیاکانی بواری گواستنەوەی دەریاییدا بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی ئازادانە بگەنە بەندەرە نێودەوڵەتییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ