رووداو دیجیتاڵ
دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری تۆڕی سیاسی و زانیاریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەمریکا رایگەیاند، جێنشینی سعودیە بە کۆمەڵێک داواکارییەوە دێتە واشنتن، لەوانەش کڕینی فڕۆکەی F35، پرۆگرامێکی سڤیلی ئەتۆمی و وەبەرهێنانی گەورە لە ژیریی دەستکرد. دەشڵێت، تاوەکو دڵنیا نەبین لە دوورکەوتنەوەی سعودیە لە چین، نابێت فڕۆکەی F35ی پێبدەین.
د. ئێریک ماندێل، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری تۆڕی سیاسی و زانیاریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە دڵدار هەرکی پێشکێشی کرد، باسی لە سەردانی محەممەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە بۆ ئەمریکا کرد و گوتی، "محەممەد بن سەلمان هەوڵی بەدەستهێنانی زۆر شت دەدات، دەیەوێت ئابوورییەکەی بەهێز بکات و پاکێجێکی بەرگری و پرۆگرامێکی سڤیلی ئەتۆمی بۆ رکابەریی ئێران بەدەستبهێنێت."
رۆژی دووشەممە 17-11-2025 محەممەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە بە سەردانێک گەیشتە ئەمریکا و بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 18-11-2025 لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە.
د. ئێریک ماندێل ئاماژە بە داواکاریی سەرەکیی بن سەلمان لە سەردانەکەیدا دەکات بۆ ئەمریکا، بەڵام دوو هۆکار باس دەکات، کە رەنگە بەهۆیانەوە داواکارییە سەرەکییەکە جێبەجێ نەکرێت و دەڵێت، "محەممەد بن سەلمان چەکی پێشکەوتووی وەکو F35 ی دەوێت، بەڵام کێشەی F35 ئەوەیە کە پێشکەوتووترین نەوەی پێنجەمی فڕۆکەیە و ئیسرائیلیش هەمان فڕۆکەی هەیە، لە یاسای ئەمریکادا پێویستە ئیسرائیل باڵادەستیی سەربازیی هەبێت، واتە ئەگەر F35 بە سعودیە بفرۆشرێت، پێچەوانەی یاسای ئەمریکا دەبێت، کە باڵادەستیی ئیسرائیل بە بنەما دەگرێت."
هەروەها د. ئێریک ماندێل هەبوونی پەیوەندیی بەهێزی سعودیە لەگەڵ چین بە هۆکارێکی دیکە دەزانێت، بۆ پێنەدانی فڕۆکەی F35 بە سعودیە و دەڵێت، "ئێمەی ئەمریکی زۆر نیگەرانین لە پەیوەندییەکانی سعودیە لەگەڵ چین، بەتایبەت ئەگەر ئێمە F35 بەو وڵاتە بدەین، ترسمان لەوە هەیە، کە بەهێزترین تەکنەلۆژیمان بکەوێتە دەست گەورەترین نەیارمان کە چینە. چین هەوڵ دەدات پێگەکەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهێز بکات و سعودیە و زۆر لە وڵاتانی دیکە پەیوەندیی دوو لایەنییان هەیە لەگەڵ ئەمریکا و چین، ئەگەر من راوێژ بە ترەمپ بدەم، پێی دەڵێم، ناتوانین ئێستا تەکنەلۆژیای F35 بدەینە سعودیە، تاوەکو دڵنیابین لە چین دوورکەوتووەتەوە و زانیارییەکانمان ناکەونە دەست چین."
رۆژی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، فڕۆکەی F35 بە سعودیە دەدەن، "ئەوان هاوپەیمانی گەورەی ئێمەن." دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری تۆڕی سیاسی و زانیاری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبارەی هەوڵەکانی سعودیەوە بۆ کڕینی فڕۆکەی F35، ئاماژەی بە بیانووەکانی سعودیە دا و گوتی، "سعودیە خۆی وەکو سەرکردەی هەموو جیهانی ئیسلامی دەبینێت، بۆیە بۆ ئەوان گرنگە F35یان هەبێت، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەو جۆرە فڕۆکەیە لە هێرشی 12 رۆژەدا لەلایەن ئیسرائیلەوە بەکارهێندران و توانایان بۆ بڕینی هەموو سیستمێکی بەرگری هەبوو."
لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان سعودیە و ئیسرائیل، د. ئێریک ماندێل هێرشەکانی 7 ئۆکتۆبەر وەکو پلانی ئێران و حەماس بۆ رێگەگرتن لە رێککەوتنی نێوان دوو وڵاتەکە دەزانێت، باس لە نیگەرانییەکانی محەممەد بن سەلمان دەکات و دەڵێت، "پێش کۆمەڵکوژییەکەی 7ی ئۆکتۆبەری حەماس، سعودی و ئیسرائیلییەکان زۆر نزیکی یەکتربوون بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، بەڵام حەماس و ئێران بە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر ویستیان ئەو رێککەوتنە لەنێوببەن، چونکە ئەگەر سعودیە و ئیسرائیل پەیوەندییەکان ئاسایی بکەنەوە، ئەوە وڵاتانی میانڕەوی عەرەبی سەردەکەون بەسەر ئێراندا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ