چیرۆکی ژیانی ئەوانەی ناویان سەددام حوسێنە

19-03-2017
حەکیم داود
نیشانەکردن سەددام حوسێن
A+ A-

رووداو - BBC

دوای 10 ساڵ لە سێدارەدانی، هێشتا سەددام حوسێن کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی کەسێک ماوە، کە ئەندازیارێکی هیندییە و بەهۆی ناوەکەی کاری دەستناکەوێت.

ئەو ئەندازیارە هیندییە گلەیی لە باپیری ناکات کە 25 ساڵ پێش ئێستا لەبەر سەددام حوسێن، سەرۆکی پێشووری رژێمی عێراق کوڕەزاکەی ناو ناوە سەددام، بەڵام ئێستا ئەو ناوە وایکردووە لە هیچ شوێنێک کاری دەستنەکەوێت.

ئەو ئەندازیارە دوای 40 جار رەتکردنەی داواکاری بۆ کارکردن، گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کۆمپانیاکان لەبەر ناوەکەی حەزناکەن وەریبگرن، هەرچەند ناوی باوکی لەڕووی نووسینەوە جیاوازە بە (Hussain دەنووسرێت نەک Hussein). 

بۆ رزگاربوون لەو گرفتە، سەددام لە دادگا ناوی خۆی بۆ ساجید دەگۆڕێت، بەڵام ئەوەش ‌هێندە خێرا کاریگەری لەسەر دۆزینەوەی کار نابێت.

سەددام حوسێن خەڵکی شاری جامشدپورە. دوو ساڵ دوای دەرچوونی لە زانکۆی نورووڵی ئیسلامی هەست بە شەکەتی دەکات بەهۆی دەستنەکەوتنی کار. ئەو لە زانکۆ پلەی بەرزی بەدەستهێناوە و هاوڕێکانی کاریان دۆزیوەتەوە، بەڵام کۆمپانیاکان ئەویان نائومێدکردووە.

سەددام، کە ئێستا ناوی بۆ ساجید گۆڕیوە دەڵێت "خەڵک دەترسن لەوەی لە کۆمپانیاکانیان وەرمبگرن".

سەددام لە عێراق

لە عێراقیش هەندێک کەس رووبەڕووی هەمان گرفت دەبنەوە. رۆژنامەنووسێک لە شاری روومادی، کە شارێکی سوننەنشینی پارێزگای ئەنبارە، دەڵێت "باوکی فەرمانبەری حکومەت بووە، بەڵام لە کارەکەی دەرکراوە، بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە بەڕێوەبەرایەتییەکەی قایلبکات کە ئەو ئەندامی حیزبی بەعس نەبووە".

بەڕێوەبەرایەتییەکە بە باوکی سەددام-یان گوتووە "باشترین خەڵات بۆ سەرۆکی پێشوو ئەوە بوو، کە کوڕەکەت ناوبنێیت سەددام".

هەر لە عێراق، سەددام ناوێكی دیکە، لەلایەن گرووپە شیعییەکانەوە دەستگیرکراوە و بەشێوەیەکی تووند سزایان داوە، تاوەکو ئەو رادەیەی نزیکبووە بیکوژن، بەڵام دواتر لەلایەن سوپاوە ئازادکراوە.

چیرۆکی ئەوانەی ناویان سەددامە لەنێو منداڵانیش هەیە. هاونیشتمانییەکی کورد، کە بە منداڵی لە بەغدا خوێندوویەتی، قسەی بۆ BBC کردووە و گوتویەتی "چەند هاوڕێیەکی لە قوتابخانە ناویان سەددام حوسێن بووە. لە کاتی یاریکردن پێیان گوتون، تەنیا ئێمە رقمان لێتان نییە، هەموو وڵات رقی لێتانە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە