19-03-2020
20:43
ئیتاڵیا لە ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆنا کەوتە پێش چین
ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە رۆما لەنێو شوقەکانیان ماونەتەوە. وێنە: AFP
ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئیتاڵیا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە سێ هەزار و 405 کەس، بەمەش لەو رووەوە کەوتە پێش چین کە ژمارەی گیانلەدەستدان تێیدا سێ هەزار و 245 کەسە.
بەپێی دوایین ئامارەکان، لە ئیتاڵیا تاوەکو ئێستا 41 هەزار و 35 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 405 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار و 440 کەسیشیان چاکبوونەتەوە.
لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا لە ئیتاڵیا 427 کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و ئێستا زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدان لەسەر ئاستی جیهان لە ئیتاڵیایە.
هاوکات لە چین ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا 80 هەزار و 928 کەسن، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 245 کەس گیانیان لەدەستداوە و 70 هەزار و 420 کەسیش چاکبوونەتەوە.
لە جیهاندا ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا گەیشتووەتە 236 هەزار و 703 کەس، لەو ژمارەیەش نۆ هەزار و 828 کەس گیانیان لەدەستداوە و 86 هەزار و 676 کەس چاکبوونەتەوە.
شاری ووهان لە چین بە سەنتەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ناودەبرێت، بەڵام بەپێی گوتەی بەرپرسانی چین کۆرۆنا لە چین بە گشتی و لە ووهان بەتایبەتی لەژێر کۆنترۆڵدایە. لەو شارە لە ماوەی رابردوودا 16 نەخۆشخانەی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە دروستکران و ئێستا بەهۆی کەمبوونەوە و کۆنترۆڵکردنی تووشبووانی ڤایرۆسەکە، سەرجەمیان داخراون.
15:52
تەندروستیی عێراق: 11 کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون
رووداو - هەولێر
وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماری نوێی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە دوای پشکنین بۆ 123 کەس دەرکەوتووە 11 کەسیان هەڵگری ڤایرۆسەکە.
تووشبووە نوێکان بەمشێوەیە بەسەر شارەکان دابەشبوونە:
چوار تووشبوو لە بەغدا کە سێیان لە رەسافە ن و یەکێکیان لە شاری پزیشکی
تووشبوویەک لە نەجەف
تووشبوویەک لە بەسرە
تووشبوویەک لە دیوانیە
تووشبوویەک لە موسەننا
تووشبوویەک لە واست
تووشبوویەک لە کەربەلا
لەبارەی دوایین ئامارەکانی تووشبووان لە عێراق، وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، 177 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، 49 کەس چاکبوونەتەوە و 12 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستی جەخت لە جێبەجێکردنی رێوشوێنە تەندروستییەکان بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەکات و داواش لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن.
13:55
رووداو - هەولێر
وەزارەتی تەندروستیی ئێران بڵاویکردەوە لە 24 کاژێری رابردوو 149 کەس بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و بەوەش کۆی ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە هەزار و 284 کەس.
لە 24 کاژێری رابردوو هەزار و 46 کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون، کۆی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئێران 18 هەزار و 407 کەسن کە لە دوای چین و ئیتاڵیاوە سێیەم وڵاتە زۆرترین تووشبووی ڤایرۆسەکەی تێدابێت.
ژمارەی تووشبووان لە بەشێک لە پارێزگاکانی ئێران:
تاران: 137 کەس
ئەسفەهان: 108 کەس
گیلان: 73 کەس
یەزد: 69 کەس
ئەلبۆرز: 61 کەس
مازەندەران: 58 کەس
تەورێز: 58 کەس
لوڕستان: 37 کەس
قوم: 31 کەس
ورمێ: 26 کەس
زەنجان: 26 کەس
خوزستان: 22 کەس
فارس: 21 کەس
هەمەدان: 20 کەس
سیستان و بەلوچستان: 18 کەس
سمنان: 16 کەس
ئەردەبیل: 16 کەس
کۆهگیلویە و بویر ئەحمەد: 15 کەس
کرمان: 14 کەس
سنە: 11 کەس
گوڵستان: نۆ کەس
ئیلام: هەشت کەس
بووشەهر: هەشت کەس
کرماشان: شەش کەس
13:10
بۆ رێگریکردن لە بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکومەتی ئەندەنووسیا کۆبوونەوە ئایینییەکانی لە وڵاتەکەی قەدەخەکرد، هاوکات نۆ هەزار کەسی کەرەنتین کردووە کە لە بۆنەیەکی ئایینیدا بەیەکەوە کۆبوونەتەوە.
نوردەین عەبدوڵڵا، پارێزگاری سلاویسی باشوور لە ئەندەنووسیا رۆژی پێنجشەممە 19-3-2020 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، نۆ هەزار کەسیان بەیەکەوە کەرەنتین کردووە کە لە بۆنەیەکی ئایینیدا بەشداربوونە، بڕیارە پشکنینی ڤایرۆسەکە بۆ یەکە بەیەکەی کەسەکان بکەن، لە دوای دڵنیابوون لە تووشنەبوونیان بە ڤایرۆسەکە رێگەیان پێدەدەن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
ئەو کۆبوونەوە ئایینییەی ئەو کەسانە بەشدارییان تێداکردووە، ساڵانە لەلایەن بزووتنەوەی جەماعەتی تەلبلیغ لە ئەندەنووسیا ئەنجامدەدرێت، ئەمساڵیش بەبێ رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان کۆبوونەوەکەیان ئەنجامداوە.
12:27
ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئەڵمانیا 10 هەزار کەسی تێپەڕاند
بەرپرسانی تەندروستیی ئەڵمانیا رایانگەیاند، ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا 10 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە 24 کاژێردا دوو هەزار و 801 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ژمارەی تووشبووان 10 هەزار و 999 کەسن. 20 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، ئەڵمانیا رووبەڕووی گەورەترین تاقیکردنەوە بووەتەوە لەدوای جەنگی جیهانیی دووەم.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە 24 کاژێردا دوو هەزار و 801 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ژمارەی تووشبووان 10 هەزار و 999 کەسن. 20 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، ئەڵمانیا رووبەڕووی گەورەترین تاقیکردنەوە بووەتەوە لەدوای جەنگی جیهانیی دووەم.
11:40
لە هەر 10 خولەکێک لە ئێران کەسێک بە کۆرۆنا گیان لەدەستدەدات
لە ئێران هێشتا قەدەخەی هاتووچۆ رانەگەیێندراوە. AFP
لە ئێران لە هەر کاژێرێکدا 50 کەس تووشی کۆرۆنا دەبن و هەر 10 خولەک جارێ کەسێک گیانلەدەستدەدات.
کیانووش جەهانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، بەپێی داتاکان و ئەو ئامارانەی رۆژانە بەدەستیان دەگات، لە هەر کاژێرێکدا 50 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران تۆمار دەکرێن.
بە گوتەی جەهانپوور، لە هەر 10 خولەکێکدا یەک کەس بە هۆی کۆرۆنا گیانلەدەستدەدات.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە، داوا لە هاووڵاتیان دەکات هاتووچۆ کەمبکەنەوە، بەتایبەتی لە نەورۆزدا بڕیاری دروست بدەن و لە ماڵەکانیان بمێننەوە.
لە ئێران هەزار و 135 کەس گیانیان لەدەستداوە و 17 هەزار و 361 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
11:29
مالیزیا تووشبوونی 110 کەسی دیکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند
مالیزیا تووشبوونی 110 کەسی دیکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند
وەزارەتی تەندروستیی مالیزیا تووشبوونی 110 کەسی دیکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند لە وڵاتەکەی بەوەش ژمارەی تووشبووان گەیشتنە نزیکەی 900 کەس.
تاوەکو ئێستا لەو وڵاتە 60 کەس چاکبوونەتەوە و دوو کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی چوارشەممە 18-3-2020 مەهاتهیر بن محەممەد، سەرۆکوەزیرانی مالیزیا داوای لە هاووڵاتیانی کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە تاوەکو رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە بکەن.
11:11
بەرپرسانی تەندروستیی رووسیا رایانگەیاند، یەکەم گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆنا لە وڵاتەکە تۆمارکراوە کە ئافرەتێکی تەمەن 79 ساڵانە.
ئەو ئافرەتە لە مۆسکۆ لە نەخۆشخانەدابوو و لە 13ـی ئەم مانگە دەرکەوتبوو کە تووشی ڤایرۆسەکە بووە.
بە گوتەی بەرپرسانی تەندروستیی رووسیا، بەدەر لە کۆرۆنا، ئەو ئافرەتە نەخۆشی شەکرە و دڵیشی هەبووە.
11:02
وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، یەکەم تووشبووی کۆرۆنا لە دهۆک تۆمارکرا کە پیاوێکی 50 ساڵانە و لە ئەڵمانیا گەڕاوەتەوە.
لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، تووشبوویێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری دهۆک دەستنیشانکرا کە لە ئەڵمانیا گەڕاوەتەوە.
بە تۆمارکردنی ئەو تووشبووە، ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتە 40 کەس کە 29 کەسیان لە سلێمانین 13 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و تووشبوویەکیش گیانی لەدەستداوە. نۆ تووشبوو لە هەولێر و تووشبوویەکیش لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەیە.
وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و لەکاتی پێویستی پەیوەندی بە هێڵی 122 بکەن.
11:11
ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە خێرایی لە هەڵکشاندایە، کۆرۆنا کە تەندروستیی جیهانی بە پەتایەکی جیهانی ناوی دەبات ئاسمان و زەمینی بەشێکی زۆر لە وڵاتانی داخستووە و خەڵکی بردووەتەوە ماڵەکانیان، نرخی نەوتی زیاتر دابەزاندووە و زیانی ئابووری گەورەی لە بازاڕەکانی بۆرسە داوە.
نوێترین ئامارەکانی رۆژی پێنجشەممە 19-3-2020 دەریدەخەن، ژمارەی تووشبووان لە جیهان 218 هەزار و 824 کەسن و لەو ژمارەیە هەشت هەزار و 810 کەس گیانیان لەدەستداوە و 84 هەزار و 121 کەس چاکبوونەتەوە.
چین و ئیتاڵیا لە پلەی یەکەم و دووەمی وڵاتانی جیهان دێن بۆ ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان.
چین سەرکەوتنی بەسەر ڤایرۆسەکەدا راگەیاندووە و لە 24 کاژێردا لە نێوخۆی ئەو وڵاتە هیچ کەسێک تووشی ڤایرۆسەکە نەبووە، جگە لە 34 کەس کە لە دەرەوەی وڵاتەکە گەڕابوونەوە. بەڵام لە ئیتاڵیا رۆژ بە رۆژ ژمارەی تووشبووان و مردووان زیاد دەکەن.