کاردانەوەی دیپلۆماتکاران لەسەر سنووردارکردنی فرۆشتنی مەی لە دیمەشق

رووداو دیجیتاڵ

بڕیاری قەدەخەکردنی خواردنەوە کحولییەکان لە زۆربەی گەڕەک و ناوچەکانی دیمەشقی پایتەختی سووریا، کاردانەوەی جیاوازی دیپلۆماتکارانی لە نەتەوە یەکگرتووەکان لێکەوتەوە؛ باڵیۆزی سووریا دەڵێت "تەنیا رێکارێکی رێکخستنە" و نوێنەری پێشووی ئەمریکاش بە "ئاستەنگێکی بچووک" ناوی دەبات.
 
لە نەتەوە یەکگرتووەکان، پەیامنێری رووداو دەربارەی ئەو بڕیارە نوێیەی حکومەتی سووریا، پرسیاری لە چەند دیپلۆماتکارێکی باڵا کرد. کاردانەوەکانی ئەوان بۆ زۆر کەس چاوەڕواننەکراو بوون.
 
باڵیۆزی سووریا: مەی قەدەخە نەکراوە، رێکخراوە
 
ئیبراهیم عولابی، باڵیۆزی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو، رەتیکردەوە بڕیارەکە بۆ قەدەخەکردنی یەکجاری بێت و گوتی: "رێنمایییەک هەبووە بۆ رێکخستنی شوێنەکانی فرۆشتنی مەی، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی هەندێک پرسی کۆمەڵایەتی. بۆ نموونە نابێت ئەو شوێنانە لە تەنیشت قوتابخانە یان کەنیسە بن؛ ئەمە تەنیا بابەتێکی رێکخستنە."
 
نوێنەری ئەمریکا: وەک 'کۆسپێکی بچووک' سەیری دەکەین
 
تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی پێشووی ترەمپ بۆ کاروباری سووریا، لەبارەی کاریگەریی ئەو بڕیارە لەسەر دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتەکە بە رووداوی گوت: "ئەمانە تەنیا هەندێک ئاستەنگی کۆسپی بچووکن لە رێگەکەدا."
 
کاتێک پەیامنێری رووداو لێی پرسی: "ئایا نیگەران نیت؟ چونکە باڵیۆزی سووریا پشتڕاستی کردەوە کە مەرسوومێک هەیە بۆ قەدەخەکردنی فرۆشتنی مەی لەو گەڕەکانەی مەسیحی نین،" باراک لە وەڵامدا گوتی: "لەناو هەموو ئەو شتانەی کە دەکرێت نیگەرانم بکەن، ئەمەیان کەمترینیانە."
 
هەڵوێستی رووسیا؛ بێدەنگی یان تانە؟
 
سەبارەت بەوەی ئایا ئەم بڕیارە هەنگاوێکە بۆ دواوە بۆ ئازادییە کەسییەکان، ڤاسیلی نێبێنزیا، باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە کورتی بە رووداوی گوت: "هەڵوێستی رووسیا لەسەر ئەوە هەر ناڵێم، چونکە خۆت بە باشی دەزانیت هەڵوێستی ئێمە چییە."
 
ئەم پرسە لای زۆرێک لە هاووڵاتییانی سووریا بە جیدی وەرگیراوە. ئەوان وەک سەرەتایەک بۆ کەمبوونەوەی ئازادییە کەسییەکانیان سەیری دەکەن، بەتایبەت لەژێر دەسەڵاتی حکومەتێکدا کە بەشێک لە بەرپرسانی پاشخانیان بۆ بیرکردنەوەی ئایینی توندئاژۆ دەگەڕێتەوە.