8 منداڵ لە رووداوێکی تەقەکردندا لە ویلایەتی لویزیانا کوژران

19-04-2026
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی پۆلیسی شاری شریڤپۆرت لە ویلایەتی لویزیانای ئەمریکا رایانگەیاند، لە ئەنجامی تەقەکردنێکی بەکۆمەڵدا، 8 منداڵ کوژران و تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکەش دوای راوەدوونانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، کوژراوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 19-04-2026، پۆلیسی شاری شریڤپۆرت دوای وەرگرتنی چەندین پەیوەندی سەبارەت بە هەبوونی "کێشەیەکی خێزانی،" گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە. کریستۆفەر بۆردێلۆن، گوتەبێژی پۆلیسی شارەکە دیمەنی تاوانەکەی بە "یەکجار بەرفراوان" وەسف کرد کە سێ ماڵی جیاوازی گرتووەتەوە.
 
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، تۆمەتبارەکە دەستڕێژی گوللـەی لە 10 کەس کردووە؛ لەو ژمارەیە 8 کەسیان کوژراون کە هەموویان منداڵن و تەمەنیان لەنێوان یەک ساڵ بۆ 14 ساڵیدایە. دوو کەسی دیکەش بە برینداری گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
گوتەبێژی پۆلیس ئاشکرای کرد، تۆمەتبارەکە دوای تاوانەکە، ئۆتۆمبێلێکی بە زەبری چەک لە هاووڵاتییەک سەندووە و هەوڵی هەڵاتنی داوە. هێزەکانی پۆلیس دەستبەجێ کەوتوونەتە راوەدوونانی و لە ئەنجامی پێکدادان و تەقەکردن، پۆلیس توانیویەتی تۆمەتبارەکە بکوژێت.
 
هەرچەندە پۆلیس هێشتا ناسنامەی بکوژەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بۆردێلۆن ئاماژەی بەوە کرد، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان نیشانی دەدەن هەندێک لەو منداڵانەی لە ناو ماڵەکاندا کوژراون، "لە منداڵ و نەوەکانی خودی تۆمەتبارەکە بوون."
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کرێملین- رووسیا

گواستنەوەی یۆرانیۆمی ئێران بۆ رووسیا؛ مۆسکۆ چاوەڕێی بڕیاری تارانە

لێدوانی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا، سەبارەت بە ئامادەیی مۆسکۆ بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ رووسیا، لەلایەن سیاسەتمەداران و پسپۆڕانەوە وەک کلیلی چارەسەری قەیرانی ئێران هەژمار دەکرێت.