رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، ئەو هەواڵانەی لەبارەی بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی دانوستاندنەکانی ئیسلام ئاباد بڵاوکراونەتەوە، راست نین. دەشڵێت: "پاوانخوازیی ئەمریکا و بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی رێگرن لە پێشوەچوونی گفتوگۆکان."
لە راگەیێندراوێکدا، سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، داواکارییە "نالۆژیکی و نادروستەکانی" ئەمریکا، گۆڕینی بەردەوامی هەڵوێستەکان و لێدوانە دژبەیەکەکان، بوونەتە هۆی ئەوەی دانوستاندنەکان هیچ پێشوەچوونێک بەخۆیانەوە نەبینن.
سوپای پاسداران دەڵێت، بەردەوامیی ئەوەی ئەمریکا ناوی ناوە "گەمارۆی دەریایی"، بە پێشێلکردنی روونی رێککەوتنی ئاگربەست دادەنرێت.
هەروەها دەڵێت: "لەژێر سایەی ئەم هەڕەشانەدا، هیچ ئاسۆیەکی روون بۆ دانوستاندنێکی بەرهەمدار نابینرێت."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو هەواڵانەی لەلایەن ئەمریکاوە بڵاودەکرێنەوە، تەنیا "یارییەکی میدیاییە" و لە چوارچێوەی "یاریی تۆمەتبارکردن"دایە، بە مەبەستی دروستکردنی گوشار بۆ سەر ئێران.
ئەم هەڵوێستەی سوپای پاسداران دوای ئەوە دێت گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکان لە پاکستان بەهۆی ناکۆکی لەسەر پرسی ئەتۆمی بە بنبەست گەیشت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی کردووە گەمارۆی دەریایی بخرێتە سەر ئێران، ئەمەش وایکردووە تاران مەرجی هەڵگرتنی گەمارۆکان دابنێت بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.
ئێستا تەنیا 2 رۆژ بۆ کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەستە کاتییەکە ماوە و مەترسیی دەستپێکردنەوەی جەنگ لە ئارادایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ