رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران خەریکە کۆتایی دێت، وەزیری وزەی ئەمریکا گەشبینە بە رێککەوتن و دەڵێت، دانوستاندنەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر بە باشی بەڕێوەدەچن.
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی زۆر لە رێککەوتن لەگەڵ تاران دوور نییە. ئەو دەڵێت: "سەرەڕای ئەو دەنگۆیانەی لەناو خەڵکدا دەبیسترێن، بەڵام دانوستاندن لەگەڵ ئێرانییەکان بەردەوامە و کارەکان بە باشی دەڕۆن، زۆری پێناچێت رێککەوتنێک دەبینن ئامانجەکانی واشنتن دەپێکێت و کۆتایی بە 47 ساڵ لەو تیرۆرە دەهێنێت کە لە ئێرانەوە سەرچاوەی گرتووە."
تاکتیکی "نادیاری" و گوشاری داهێنەرانە
وەزیری وزەی ئەمریکا ئاماژە بە شێوازی کارکردنی دۆناڵد ترەمپ دەکات و دەڵێت؛ وەکو "دانوستاندنکارێکی داهێنەر" هەموو ئامرازەکان بەکاردێنێت بۆ ئەوەی ئێران ناچار بە کۆتاییهێنان بە ململانێکان بکات. رایت دەڵێت: "ترەمپ گوشار و نادیاری بە شێوازی جیاواز بەکاردێنێت، وەکو لە 16 مانگی رابردووشدا بینیمان، ئەم شێوازە هەمیشە ئەنجامی باشی هەبووە، ئێستاش پێموایە هیچ سوپرایزێکی ناخۆش روونادات و کۆتاییەکی باشی دەبێت بۆ ئەم ململانێیە."
بە بڕوای وەزیری وزەی ئەمریکا، ئەم رێککەوتنە نەک تەنیا رێگری لە بوونی ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی پاراستنی ئابووریی ناوچەکە و دەستەبەرکردنی ئاسایشی هاتوچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز، کە ئێستا بەهۆی گرژییەکانەوە داخراوە.
ئەم قسانەی وەزیری وزە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی کۆشکی سپی بۆ ناردنی شاندێکی باڵا بۆ ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، شانبەشانی جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، سەرۆکایەتی شاندەکە دەکەن بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئێرانییەکان. ترەمپ گوتبووی: " ڤانسی جێگرم ناچێت.،' بەڵام بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند: "ڤانس سەرۆکایەتیی شاندی ئەمریکا دەکات.''
هەڕەشەی وێرانکاری لە پشت مێزی دانوستاندن
سەرەڕای گەشبینییەکانی وەزیری وزەی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ هێشتا زمانی هەڕەشە بەکاردێنێت. ترەمپ هۆشداری داوە ئەگەر تاران رێککەوتن قبووڵ نەکات، ئەوا سوپای ئەمریکا "هەموو وێستگەیەکی کارەبا و هەموو پردێکی ناو ئێران تێکدەشکێنێت."
ترەمپ دەڵێت؛ ئێرانییەکان ئاگربەستیان پێشێل کردووە و کاتی ئەوە هاتووە کارێک بکات سەرۆکەکانی پێش خۆی لە 47 ساڵی رابردوودا نەیانکردووە.
ئێستا جیهان چاوەڕوانی رۆژی چوارشەممە دەکات، وادەی کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکەیە، ئایا "گوشارە داهێنەرەکان"ی ترەمپ وەک ئەوەی وەزیری وزە باسی دەکات، ئێران ناچاری رێککەوتن دەکەن، یان ناوچەکە دەکەوێتەوە نێو بۆردوومان و هێرشی سەربازی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ