رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران دەڵێت، هێزی دەریایی سوپای پاسداران بەرپەرچی هێرشێکی هێزەکانی ئەمریکایان بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئێرانی داوەتەوە و ناچاریان کردوون پاشەکشە بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی "مێهر"ـی ئێرانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزەکانی ئەمریکا لە دەریای عومان تەقەیان لە کەشتییەکی بازرگانیی ئێرانی کردووە، بە مەبەستی ناچارکردنی کەشتییەکە بۆ گەڕانەوە بەرەو ئاوە هەرێمییەکانی ئێران.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوەی ئەمریکا وەک وەڵامێک بووە بۆ داخستنی تەنگەی هورمز و گەڕاندنەوەی کەشتییە بازرگانییەکانی هیندستان و بەریتانیا لەلایەن سوپای پاسدارانەوە.
میدیای ئێران دەڵێت: یەکەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و پشتیوانییان لە کەشتییە ئێرانییەکە کردووە، ئەمەش وایکردووە هێزەکانی ئەمریکا ناچار بن پاشەکشە بکەن و ناوچەکە جێبهێڵن.
ئەم پێکدادانە دەریاییە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن گەیشتوونەتە لووتکە. دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی پاکستان بێ ئەنجام بوون، فەرمانی بە گەمارۆدانی دەریایی ئێران دا.
لە بەرامبەردا ئێران تەنگەی هورمزی بە رووی کەشتییە نێودەوڵەتییەکاندا داخستووە، ئەمەش مەترسیی هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەستە کاتییەکە و دەستپێکردنەوەی جەنگێکی گشتگیری لە ناوچەکەدا دروست کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ